"وەهمى ژمارەى کورسی"؛ مالیکى مەرجەکانى بوون بەسەرۆک وەزیران دیاریدەکات

#مالیکى#سودانى#هەڵبژاردن
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • مالیکى: سەرۆک وەزیران موڵکى شیعە نییە و دەبێت موڵکى سەرجم عێراقییەکان بێت
  • مالیکى: سەرۆک وەزیرانى داهاتوو دەبێت لە چوارچێوەى هەماهەنگى بێت
  • مالیکى:بەستنەوەى ژمارەى کورسی بەبەدەستهێنانى پۆستى سەرۆک وەزیرانەوە وەهمە
Primary Asset

سبەى

نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا نیازى خۆکاندیدکردنى بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران و مەرجەکانى بوون بەسەرۆک وەزیران رادەگەیەنێت و بەستنەوەى ژمارەى کورسی بەبەدەستهێنانى پۆستەکەوە بە "وەهم" دادەنێت.

مالیکى لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوەکرد، سەرۆک وەزیران موڵکى شیعە نییە و دەبێت موڵکى سەرجەم عێراقییەکان بێت، ئەو کەسەى ئەو پۆستە وەردەگرێت دەبێت چەند مەرجێکى تێدا بێت، کەسێکى نیشتمانى و راستگۆ بێت، سوربێت لەسەر سەرخستنى ئەم ئەزموونە، تواناى بەڕێوەبردنى دەوڵەتى هەبێت، موڵکى سەرجەم عێراقییەکان بێت.

وتیشى هیچ بڕیارێکى چوارچێوەى هەماهەنگى نییە لەبارەى دیاریکردنى ویلایەتى سەرۆک وەزیران، ئەوەى هەیە لەو بارەیەوە تەنها قسە و بۆچوونى کەسییە.

مالیکى جەختیشیکردەوە، سەرۆک وەزیرانى داهاتوو دەبێت لە چوارچێوەى هەماهەنگى بێت و لە ئێستادا زیاتر لە 10 کەس هەن کە دەیانەوێت خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید بکەن، بەڵام پێویستە چوارچێوە بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدات.

هەروەها بەستنەوەى وەرگرتنى پۆستى سەرۆک وەزیرانى بە بەدەستهێنانى زۆرینەى کورسییەکانەوە بە وەهم ناوبرد و دەڵێت، پێوەرەکە زۆرى ژمارەى کورسی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە هاوپەیمانى و رێککەوتنى دواى هەڵبژاردن.

پێشبینیش دەکات پڕۆسەى پێکهێنانى حکومەتى داهاتوو قورس بێت هاوشێوەى خولەکانى رابردوو، دۆخەکە بگاتەوە دۆخى سێیەکى پەکخەر، ئەوەش بەهۆى بوونى ناکۆکى و دەستوەردانەوە.

تا ئێستا دوو دیارترین سیاسەتمەدار کە خواستى خۆیان بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو ئاشکراکردووە، بریتین لە مالیکى و محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى ئێستا کە بە سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتییەک بەشدارى هەڵبژاردن دەکات.

مالیکى پێشتر ئاشکرایکردبوو، کێبڕکێیەکى گەورە هەیە و لەئێستادا دەستیپێکردووە، 10 کەس خراوەتە بەردەمى بۆ ئەوەى بۆچوونى خۆى لەبارەیانەوە دەربرێت بۆ پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو.

ئاماژەى بەوەشکردبوو، لەناو ئەو 10 کەسەى کە ناوەکانیان خراوەتەڕوو، بەشێوەیەکى گشتى توانایان تێدا نابینێت، جگە لە دووان یان سیانیان کە شارەزاییان هەیە، بەڵام ئەوانەى دیکە خواستیان هەیە، ئەوەش بەس نییە بۆ ئەوەى دەنگى چوارچێوە بەدەستبهێننن.

مالیکى جەختیکردبووەوە، ئەگەر سودانی ڕەزامەندی چوارچێوەی هەماهەنگی وەرنەگرێت ئەو پۆستە وەرناگرێتەوە، چونکە مەرجی چوارچێوە ئەوەیە، نابێت سەرۆک وەزیرانی هەڵبژێردراو کوتلەی هەبێت و بەشداری هەڵبژاردن بکات.

بەوێرەی سەرچاوە سیاسییەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانە لەوەى سودانی بتوانێت بە ئاسانی خولی دووەمی سەرۆک وەزیران دەستەبەر بکات، بە قۆستنەوەی پێگەی خۆی و ئامرازەکانی حکومەت.

لەدەستووری عێراقدا بەڕوونی ژمارەی خولەکانی سەرۆک وەزیران یان سەرۆکى پەرلەمان دیارینەکراوە. تەنها ماوەى سەرۆک کۆمارى دیاریکردووە بۆ دوو خولى یەک لەدواى یەک.

لە ساڵی 2013 دادگای فیدراڵی یاسایەکی ڕەتکردەوە کە لە پەرلەمانەوە دەرچووبوو کە ماوەی سەرۆک وەزیران بۆ دوو خولی یەک لە دوای یەک یان جیا سنووردار کردبوو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی