وڵاتێكی دیكە دەچێتە ناو رێككەوتننامەی ئیبراهیمی؛ ئاژانسێك ناوەكەی ئاشكرا دەكات

#ئەمەریکا#کازاخستان#ئیسرائیل#ئیبراهیمی#رێککەوتن
3 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا، رایگەیاند ئەمشەو ناوی وڵاتێكی نوێ ئاشكرادەكەین كە دەچێتە نێو رێككەوتنی ئیبراهیمی. دوای ئەوەی پێشتر چەند وڵاتێكی عەرەبی لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردەوە.
  • رێككەوتنی ئیبراهیمی، زنجیرە رێككەوتنێكە لەنێوان ئیسرائیل و ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی لەوانە (ئیمارات، بەحرەین، مەغریب، سودان) واژۆكراوە و بە یەكەم هەنگاوی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی عەرەب و ئیسرائیل لە سەدەی 21دا دادەنرێت.
Primary Asset

ستیڤ ویتکۆڤ

سبەی

ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا، رایگەیاند ئەمشەو ناوی وڵاتێكی نوێ ئاشكرادەكەین كە دەچێتە نێو رێككەوتنی ئیبراهیمی. دوای ئەوەی پێشتر چەند وڵاتێكی عەرەبی لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردەوە.

ویتكۆڤ لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی كار لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریكا، رایگەیاند:دەگەڕێمەوە بۆ واشنتۆن بۆ راگەیاندنی ناوی ئەو وڵاتەی دەچێتە نێو رێككەوتنی ئیبراهیمی.

بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەمیانی خولی یەكەمی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئەنجامدرا، چەند وڵاتێكی عەرەبی لە ساڵی 2020 پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردەوە.

هەرچەندە بەرپرسە ئەمەریكیەكە ناوی وڵاتەكەی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام پێگەی "ئاكسیۆس" ی ئەمەریكی ئاشكرایكردووە، ئەو وڵاتەی ویتكۆڤ ناوەكەی رادەگەیەنێت و پەیوەست دەبێت بە رێككەوتنی ئیبراهیمی "كازاخستان" ە، كە چەند دەیەیەكە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.

رێككەوتنی ئیبراهیمی "ئەبراهام"

رێككەوتنی ئیبراهیمی، زنجیرە رێككەوتنێكە لەنێوان ئیسرائیل و ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی لەوانە (ئیمارات، بەحرەین، مەغریب، سودان) واژۆكراوە و بە یەكەم هەنگاوی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی عەرەب و ئیسرائیل لە سەدەی 21دا دادەنرێت.

ناوەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ناوی پێغەمبەر ئیبراهیم، كە بە باوكی پێغەمبەران ناودەبرێت و بەوپێیەی ریشەی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەكە؛ ئیسلام، كریستیان و جوو، بۆ ئەو دەگەڕێتەوە.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی رێككەوتنی ئیبراهیمی، ئەو وڵاتانەی دەچنە ناو رێككەوتنەكەوە دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەنێن، پەیوەندییەكانی لەگەڵدا ئاسایی دەكەنەوە و پەیوەندیی دیپلۆماسیشیان دەبێت، رێكار دەگیرێتەبەر بۆ رێگەنەدان لە بەكارهێنانی خاكی ئەو وڵاتەنە بۆ بەئامانجگرتنی یەكتری.

لە 2020، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمەریكا، نێوەندگیری نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلی كرد بۆ ئەوەی پەیوەندی دامەزرێنن و هەریەك لە ئیمارات و بەحرەین چوونە ناو پڕۆسەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل.

ئەگەرچی سعودیە بە فەرمی نەچووە ناو گفتوگۆكانەوە، بەڵام رەزامەندی لەسەر نزیكبوونەوەی ئیمارات و بەحرەین و وڵاتانی دیكەی عەرەبی هەبوو.

سعودییەكان ڕایانگەیاند، بە چارەسەركردنی كێشەی فەلەستین، دەچنە ناو چوارچێوەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل.

لە 2023، ریاز ڕایگەیاند، لە پەیوەندی ڕەسمی و دیپلۆماتی لەگەڵ ئیسرائیل نزیك بوونەتەوە و ئامادەن ئاشتەوایی پەسند بكەن، بەڵام هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و غەززە لە حەوتی ئۆكتۆبەری 2023دا، ئاستەنگی بۆ سعودییەكان دروست كرد و لە ترسی روبەڕوبوونەوەی فشاری جەماوەری و رایگشتی عەرەبی هەنگاوەكانیان بە ئاراستەی ئاساییكردنەوە راگرت.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی