کارمەندێکی چینی بەهۆی ئەپی ژماردنی هەنگاوەوە کارەکەی لەدەستدا

#کارمەند#مۆڵەت
2 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • پیاوێک لە چین کارەکەی لەدەستدا، ئەویش بەهۆی ئەوەی خاوەنکارەکەی بۆی دەرکەوتووە، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی ئازاری قاچەکانیەوە مۆڵەتی نەخۆشی وەرگرتووە ، بەڵام لە هەمان رۆژدا زیاتر لە 16هەزار هەنگاوی ناوە.
Primary Asset

سبەى

کارمەندی کۆمپانیایەکی چینی بەهۆی ئەپی ئەژمارکردنی هەنگاوەکانەوە کارەکەی لەدەستدا، چونکە لەو رۆژی بەبیانوی ئازاری قاچەکانیەوە مۆڵەتی پشووی وەرگرت، زیاتر لە 16 هەزار هەنگاوی نا. بەڵام دواتر کارمەندەکە سکاڵای یاسایی تۆمارکرد و دادگاش کۆمپانیاکەی سزادا.

رۆژنامەی ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست بڵاویکردەوە، پیاوێک لە چین کارەکەی لەدەستدا، ئەویش بەهۆی ئەوەی خاوەنکارەکەی بۆی دەرکەوتووە، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی ئازاری قاچەکانیەوە مۆڵەتی نەخۆشی وەرگرتووە ، بەڵام لە هەمان رۆژدا زیاتر لە 16هەزار هەنگاوی ناوە.

 ئەو کەسە ناوی چێنە و لە کۆمپانیایەک لە هەرێمی جیانگسو لە رۆژهەڵاتی چین کاریدەکرد. سەرەتا بە پشت بەستن بە راپۆرتی پزیشکی و بوونی ئازار لە پشتیدا، مۆڵەتی یەک مانگ پشووی وەرگرتبوو.

لە هەمان رۆژی گەڕانەوەیدا بەهۆی بوونی ئازار لە قاچیدا، راپۆرتی پزیشکی پێشکەشکرد و  داوای مۆڵەتێکی دیکەی نەخۆشی کرد و چەند رۆژێکی زیاتر پشووەکەی درێژکرایەوە. بەڵام کۆمپانیاکە لە رێگەی ئەپی ژماردنی هەنگاوەکانی مۆبایلەکەیەوە بۆی دەرکەوت، کە ئەو رۆژەی مۆڵەتی نەخۆشی وەرگرتووە بەهۆی ئازاری قاچەکانەوە، زیاتر لە 16هەزار هەنگاو بە پێ رۆیشتووە. لە ئاکامدا کۆمپانیاکە بەهۆی ئامادەنەبوونی ناڕەوا و پێدانی زانیاری تەندروستی چەواشەکارانە لە کارەکەی دووریخستەوە.

ئەو کارمەندە سکاڵای یاسایی لە سەر کۆمپانیاکە تۆمارکرد و دادگاش لە بەرژەوەندی ئەو بڕیاریدا و کۆمپانیاکەی بە قەرەبووکردنەوەی بە بڕی 16 هەزار و 700 دۆلار سزادا. هەرچەندە کۆمپانیاکە گرتە ڤیدیۆییەکانی پێشکەش کرد، کە پیاوەکە لەو رۆژەی داوای مۆڵەتی کردبوو، بەرەو ئۆفیسەکەی رادەکات، بەڵام دادگا بەڵگەکانی رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە کارمەندەکە راپۆرتی پزیشکی و پشکنینی تیشکی ئێکسی پێشکەش کردووە، کە دۆخە تەندروستییەکەی دەسەلمێنێت.

ئەم دۆسیەیە لە سۆشیال میدیای چینیدا مشتومڕی لێکەوتەوە، بەجۆرێک زۆرێک دەڵێن کۆمپانیاکە پێشێلی نهێنی کارمەندەکەی کردووە، جەخت لەوە دەکەنەوە، کە چاودێریکردنی زانیارییە کەسییەکانی وەک ژماردنی هەنگاوەکان پێشێلکردنی مافەکانی تاکەکەسییە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی