
سبەى
تەنیا رێگەیەک هەیە بۆئەوەی لیۆنێل مێسی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنادا وەکو یاریزان یەکبگرنەوە و سەردەمی جوانییەکان لەو یانە کەتەلۆنییەدا پێشکەش بکاتەوە، بەڵام ئەگەری روودانی بەهێز نییە، بەو پێیەی ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە دڵی لە خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە شکاوە. لەگەڵ ئەوەشدا گەیشتووەتە تەمەنێک، کە دەرفەتی ئەوەی ناداتێ لە بەرزترین ئاستدا یاری بکات.
لەسەروبەندی سەردانەکەی مێسی بۆ یاریگای کامپ نۆ، رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی راپۆرتێکی لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی خاوەن هەشت خەڵاتی بالۆن دۆر بۆ بارسێلۆنا بڵاوکردەوە.
رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە سەرەڕای ئەوەی مێسی تا 2028 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئینتەرمیامی ئەمەریکی نوێکردەوە، بەڵام خوان لاپۆرتا دەتوانێت کارێک بکات، مێسی بە بارسێلۆنا شادبکاتەوە.
سپۆرت رێگاکەی شیکردووەتەوە، کە بەو شێوەیەیە کاتێک ئەم وەرزەی خولی ئەمەریکا کۆتایی دێت. مێسی دەتوانێت لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا، بەخواستن بۆ شەش مانگ پەیوەندی بە بلاوگراناوە بکات. وەکو پێشتر کە تێری هێنری و دیڤید بێکهام کردیان و بۆ ماوەی چەند مانگێک بۆ یاریکردن گەڕانەوە ئەوروپا.
رۆژنامەکە گەڕانەوەی مێسی بە باشترین بژاردە ناوبردووە، چونکە ئەستێرەکە دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت لە ئاستێکی بەرز و ئامادەکارییەکی جەستەیی تەواودا بەشداری لە مۆندیالی 2026دا بکات.
هەرچەندە سپۆرت خواستی ئەوەیە مێسی بۆ بارسێلۆنا بگەڕێتەوە، بەڵام لەهاتنەدی خواستەکەی دڵنیا نییە، ئەویش بەهۆی تەمەنی یاریزانەکە و خراپی پەیوەندییەکانی لەگەڵ خوان لاپۆرتادا.
