
دەنگی گۆرانی بێژەکان لە عێراق لەگەڵ گوتاری سیاسی تێکەڵ بووە
سبەى
لە سەردەمی حزبی بەعسەوە تا ئەمڕۆ گۆرانی وتن رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگا بووە. لە سروودی جەنگ و گۆرانی شکۆمەندی سەرکردە تا گۆرانی بانگەشەی هەڵبژاردن و بایکۆت، دەنگی گۆرانی بێژەکان لەگەڵ گوتاری سیاسی تێکەڵ بووە.
جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق تەنیا رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی درێژخایەن نەبوو، هەروەها تاقیگەیەک بوو بۆ دروستکردنی گوتارێکی هونەری نوێ، کە گۆرانیبێژی عێراقی ناچار کرد لە گۆرانی خۆشەویستییەوە ببێتە ئامرازێکی سیاسی.
لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا ئەو دیاردەیە رەهەندێکی دامەزراوەیی و سەربازیی وەرگرت. گۆرانییەکان دەستیانکرد بە شکۆمەندکردنی رژێم و پیرۆزکردنی وێنەی "سەرکردە" لە خەیاڵی جەماوەردا. تا ئەو رادەیەی کە زۆربەی گۆرانییەکان لە سەردەمی ئاشتی و جەنگیشدا، سەدام حسێنیان پیرۆز دەکرد.
لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگ و سەرەتای نەوەدەکاندا، گۆرانی وتن بوو بە بەشێک لەو ئامێرە پڕوپاگەندەیەی، کە وێنەی دیکتاتۆريی جوان دەکرد.
رووخانی رژێم
دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003و کۆتایی هاتنی سەردەمی سەدام حسێن. گۆڕانی عێراقی لە بارگرانی دیکتاتۆر رزگاری بوو، بەڵام ئەم رزگاربوونە تەنیا گۆڕانکارییەک بوو لە شکۆمەندکردنی یەک سەرکردە بۆ شکۆمەندکردنی چەندین سەرکردە.
لە دوای ساڵی 2003وە گۆرانییەکان بۆ کارەکانی پێشوویان گەڕانەوە، بەڵام بە پۆشاکێکی نوێ و بە تێکستی جیاواز. بەشێک لە گۆرانی بێژەکان، رۆڵی هونەرمەندانی هەشتاکانی سەدەی رابردوویان دووبارەکردەوە، بەڵام بە گێڕانەوەی جیاواز.
نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، یەکەم کەس بوو کە گۆرانبێژەکانی لە پرۆسەی بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکان بەکارهێنا، ئەویش بە پێی بەڵگەی تۆماری گۆرانییە سیاسییەکان لە ئەرشیفی ئەو سەردەمەدا. بەم شێوەیە ستایشکردنی سەرکردە لە گۆرانی عێراقیدا بەردەوام بوو.
گۆرانییەکان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا
لەسەرەتادا گۆرانییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن سادە بوون. زیاتر سەرنج لەسەر خودی حزبی سیاسی بوو، بە ئامانجی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ. بەڵام دواتر گۆرانییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن و گۆرانییە سیاسییەکان بە گشتی، بۆ بەرهەمی بینراوی پیشەیی گۆڕدران. لەم کەشە نوێیەدا کۆمپانیاکان کە یاریزانێکی سەرەکی ئەم پیشەسازییەن، سەریان هەڵدا و گۆرانییە سیاسییەکان بوونە دیاردە و لەسەر داواکاری، بەرهەم دەهێنران.
گۆرانی بایکۆت
لەبەرامبەردا گۆرانییەکانی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، یان تەواوی پرۆسەی سیاسی، لە هەموو خولێکی هەڵبژاردندا لە ئارادایە. ئەم دیاردەیە جێگەی سەرنجە، چونکە بە تایبەتی لە بازنەی ئایینی جەماوەرییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەتایبەتی لە لایەنگرانی رەوتی سەدری، کە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بە هاوبەشبوون لەگەڵ دەسەڵاتێکی گەندەڵی دەزانن.
لە نێو ئەو سروود و گۆرانییەکانی بایکۆتەرەکان، نەک هەر داوای بایکۆت دەکات، بەڵکو ئەو کەسانەش سەرکۆنە دەکات کە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن. لە گۆرانییەکانیاندا ئەو کەسانەی بەشداری پرۆسەکە دەکەن، بە خیانەتکار بە ئیمام حسێن و عەباس ناودەبەن.
لە ئێستاشدا گۆرانی سیاسی لە عێراقدا لە کەرەستەی کۆکردنەوەی پشتیوانى سیاسیەوە گۆڕاوە بۆ بازاڕێکی بەرژەوەندی، کە سیاسەتمەداران و هونەرمەندان و کاندیدەکان لە ژێر ئاڵای هەستی نیشتمانیدا قازانج دەچننەوە.
