
سبەى
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق 14 سکاڵاى یاسایی لەدژى ژمارەیەک کاندید رەتکردەوە و سزاى دارایشى بەسەر چەند کاندیدێکى دیکەدا سەپاند، بەهۆى پێشێلکردنى رێنماییەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنەوە.
بەگوێرەی چەند نوسراوێکى کۆمسیۆن، 14 سکاڵا دژى ژمارەیەک کاندید و لیست رەتکراونەتەوە، ئەوەش بەهۆى نەبوونى بەڵگەى پێویستەوە. سکاڵان لەسەر ژمارەیەک کاندید و لیست لە سلێمانى، بەغداد، واست، دیالە، بەسرە تۆمارکرابوون.
بەشێکى دیکە لە بڕیارەکانى کۆمسیۆن تایبەتن بە سەپاندنى سزاى دارایی بەسەر چەند کاندیدێکدا بەهۆى پێشێلکردنى رێنماییەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنەوە، لەوانە سزاى دارایی پێنج ملیۆن دینار بەسەر هند شوفى کاندیدى هاوپەیمانى عومق لەبەغداد، سزاى دارایی بەبڕى 25 ملیۆن دینار بەسەر عەبدولـلەتیف محەمەد ئەمیندارى گشتى پارتى عێراق بۆ چاکسازیی و کاندیدى ژمارە یەکى لیستەکەى لە بەغداد.
ئەو بڕیارانە لەکاتێکدایە، کۆمسیۆن جەختدەکاتەوە دوورخستنەوەى کاندیدەکان لەسەر بنەماى وردبینى و سکاڵاکان تا ئەوكاتەی دادگای فیدراڵی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەسەند دەكات، بەردەوام دەبێت.
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان تا ئێستا نزیکەى 850 کاندیدى لە کێبڕکێی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دوورخستووەتەوە.
کۆمسیۆن جەختدەکاتەوە دەنگى کاندیدە دوورخراوەکان بۆ لیستەکان هەژمار ناکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانگەیەکى تایبەتمەندى راسپاردووە کە رێوشوێنەکان لەو بارەیەوە بگرێتەبەر.
جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان رۆژى 30ى تشرینى یەکەم بە "سبەى" راگەیاندبوو، ئەو کاندیدانەى لەلایەن کۆمسیۆنەوە دوورخراونەتەوە بەهیچ شێوەیەک دەنگەکانیان هەژمار ناکرێت، دەنگەکە بۆ لیستەکەش ناگەڕێتەوە و هەژمار ناکرێت.
وتیشى فەرمانگەی پڕۆسەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی راسپێردراوە بۆ ئەژمارنەکردنی ئەو دەنگانەی کە ئەو کاندیدانە لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستی دەهێنن.
ئامارەکانى کۆمسیۆن دەریدەخەن،، زۆرترین کاندید بەهۆى گرتنەوەى رێوشوێنەکانى تایبەت بە لێپرسینەوە و دادوەرى کە تایبەتن بە ریشەکێشکردنى بەعس دوورخراونەتەوە، ئەوانەى دیکە بە تۆمەتى جۆراوجۆرى وەک تاوانکاریی، ساختەکردنى بڕوانامە و بەڵگەنامە و نەبوونى کەسایەتى باش دوورخراونەتەوە.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوكرا، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنحومەنی نوێنەرانی، بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری كرا.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکان دابەشکراوە بەسەر 18 بازنەدا و هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردنە، بۆ دابەشکردنی دەنگەکان بۆ کورسی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراوی 1.7 پەیڕەو دەکرێت، هاوشێوەی ئەو سیستمەی کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2023 پەیڕەوکرا.
