
سبەی
گفتوگۆکان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران بەردەوامە، زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاشکرای دەکەن، ئێران ڤیتۆی لەسەر محەمەد شیاع سودانی هەیە، ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعەش، سودانی زیاتر لە پۆستەکەی دوور دەخاتەوە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرەڕای ئەوەی سەرکردایەتی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی کرد لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و توانی 46 کورسی پەرلەمان بباتەوە و ببێتە خاوەنی زۆرترین کورسی، ئەوەش چانسی وەرگرتنەوەی پۆستەکەی زیاتر کرد، بەڵام دانوستانەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئاڕاستەی دوورخستنەوەی سودانی دەچێت لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو.
تۆڕی ئیرەم نیوزی ئیماراتی بڵاوی کردەوە، هۆکاری سەرەکی ئەوەی چانسی وەرگرتنەوەی پۆستەکەی لاواز کردووە، ڤیتۆی ئێرانە لەسەر سودانی بەتایبەتی کارەکانی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، کە زیاتر مەیلی بە لای وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریکایە. تاران بە فەرمی سەرکردەکانی چوارچێوەی ئاگادار کردووەتەوە بە دوای جێگرەوەیەکی دیکەدا بگەڕێن لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغی داهاتوو بگونجێت و کەمتر هەستیار بێت بەرامبەر ئێران.
ئەو تۆڕە بە پشتبەستن بە ژمارەیەک سەرچاوەی دیپلۆماسی بڵاوی کردەوە، گووتاری سودانی لە چەند مانگی رابردوودا بەتایبەتی سەبارەت بە پەیوەندییە ئابورییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و قسەکردنی بەردەوامی لەسەر کەمکردنەوەی هەژموونی گروپە چەکدارەکان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، جەمسەرەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی تووڕە و نیگەران کردووە، بەتایبەتی نوری مالیکی سەرۆک هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و رکابەری بەهێزی سودانی.
مالیکی هەڵوێستی خۆی بە راشکاوی راگەیاندووە، دژی نوێکردنەوەی ویلایەتی سەرۆک وەزیرانی ئێستایە و نایەوێت سودانی جارێکی دیکە ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.
میدیاکان و لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نزیک لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و نوری مالیکی لە دوو رۆژی رابردوودا چەند جارێک ئەو بابەتەیان ورووژاندووە.
ئێران یاریکەری سەرەکییە
ئیرەم نیوز بڵاوی کردووەتەوە، گفتوگۆکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەئێستادا زیاتر لەسەر ئاوازی ئێرانە، شاندە سیاسییەکانی سەر بە پارتە سەرەکییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوام پەیام و زانیاریی بۆ تاران دەنێرن لەبارەی دوایین هەڵوێست و گۆڕانکارییەکانەوە ئاگاداری دەکەنەوە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئێرانییەکان سەرۆک وەزیرانێکیان بۆ عێراق ناوێت کە زیاتر مەیلی بە لای ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوادا بێت، ترسیان لە دووبارە کردنەوەی ئەزموونی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشوو هەیە.
هەرچەندە سودانی بەرکەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تاران و هاوپەیمانەکانی نەبووە، بەڵام ئێران چاوەڕوانی زیاتری لێی هەبووە، بەتایبەتی لە دۆسیەی حەشدی شەعبی و هەماهەنگی ئاسایش و ژمارەیەک دۆسیەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.
زانیارییە بڵاوکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پەیامی ناڕاستەوخۆی ئێران گەیشتووەتە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی "دووربکەنەوە لە سەرکێشی بە کەسایەتییەکەوە کە گەرەنتی وەرگرتنەوەی پۆستەکەی نەبێت" ئەوەش بەو مانایە دێت کەسێک کەمتری پەیوەندی بە واشنتنەوە هەبێت، ئەگەری سەرکەوتنی زیاترە.
بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی؛ لایەنی ئێرانی ئەمجارە ئامادەیی زیاترە بەراورد بە 2021، چونکە ئێران پێیوایە دۆخی ناوچەکە کەسایەتییەک دەخوازێت ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق، زیاتر لەگەڵ خواستەکانی ئەواندا بگونجێت.
چاوەکانیش لەسەر ئەوەیە پێش کۆتایی ئەم مانگە و لە ژمارەیەک دانیشتنی نهێنی و بە چاودێریی ئێران، چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران یەکلایی بکاتەوە.
سێ کاندید و سودانیش یەدەگە
ئەوەی هەیە تائێستا لیستەکە لە 10 کاندیدەوە کورتکراوەتەوە بۆ سێ کاندید، ئەوانیش حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق، موحسین مەندەلاوی جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمان، کەمترین چانسیش بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووترە.
محەمەد شیاع سودانی، کە بە بەهێزترین کاندید دادەنرێت، چانسی وەرگرتنەوەی پۆستەکەی کەمتر بوەتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا وەک بژاردەیەک سەیری دەکات نەک کاندیدێکی بەهێز و سەرەکی.
ئەمەریکا چاودێریی دۆخەکە دەکات
سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا بە فەرمی رایگەیاندووە، دیاریکردنی سەرۆک وەزیران دۆسیەیەکی ناوخۆیی عێراقە، بەڵام چاودێری ووردی پرۆسەکە دەکات و لایەنە سیاسییەکانی ئاگادارکردووەتەوە ڤیتۆی لەسەر کەس نییە، ئەوەش بە مانای بێلایەنی ئەمەریکا نایات، بەڵکو بە نیگەرانییەوە چاودێریی دەکات و ترسی هەیە کەسێکی نزیکی ئێران پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەربگرێت.
ترسێکی دیکەی ئەمەریکا ئەوەیە کەسایەتییەکی ناو گروپە چەکدارەکان، یان سەرکردەی حەشدی شەعبی لەسەر کورسی سەرۆک وەزیران دابنیشێت، لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەتیش چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لەو نیگەرانییە تێدەگەن و هەوڵ دەدەن بگەنە رێککەوتن لەسەر کەسایەتییەک کە دووبارە نەبێتەوە سەرئێشە بۆ عێراق و دەرگای قەیرانێکی نوێ لەگەڵ ئەمەریکا بکاتەوە.
شیعەکان دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بووە، کەسایەتییەکی نەرم بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید بکەن، لەسەر هیچ بەرەیەکی ئێران و ئەمەریکا ئەژمار نەکرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پەسەندکراو بێت.
کاندید لەسەر ئاگرێکی نەرم
سەرجەم ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری سودانی نەکاتەوە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی، سەرەڕای ئەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانی هەیە، بەڵام ترسی مالیکی و هاوسەنگی ناو چوارچێوە و فشارەکانی ئێران زیاتر لە پۆستەکەی دوور دەخاتەوە.
دانوستانەکان و گفتوگۆی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە شێنەیی بەڕێوەدەچێت، زانیاری کەمتر دزە دەکاتە دەرەوە، هاتوچۆی نێوانیان زیاتر بووە. بەڵام هێشتا دۆسیەکە یەکلایی نەبوەتەوە و کاتی زیاتری پێویستە.
تا سەرەتای مانگی داهاتوو کاندیدی شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران یەکلایی دەبێتەوە، بەپێی پێشبینییەکان لەسەر بنەمای ژمارەی کورسی پەرلەمانیی و ئەنجامی هەڵبژاردن نابێت، بەڵکو هاوکێشەیەکی ناوچەیی نێودەوڵەتی وورد و ئاڵۆز دەرئەنجامی بڕیارێکی ستراتیژی لێدەکەوێتەوە کە سنورەکانی بەغداد دەبڕێت.
