
سبەی
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، سکاڵاکانی پارتی و یەکێتی لەسەر یەکتر رەتکردەوە، دوو سکاڵای کاندیدانی مەسیحیشی لەسەر کاندیدە براوەکانی پارتی رەتکردەوە. لیستێکی بە 50 ملیۆن سزادا. ژمارەی تانەکانیش لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش گەیشتە 80 تانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (19ـی تشرینی دووەمی 2025) ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، سکاڵایەکی تارق سابر عەبدوڵڵا رێپێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رەتکردەوە، کە لە سنوری پارێزگای هەولێر و لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەری تۆماری کردبوو.

هەر ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، سکاڵایەکی پێرێز رێبوار تۆفیق رێپێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رەتکردەوە، کە سکاڵایەکی پۆلێینی سەوز بوو لەسەر دەنگدانی گشتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی تۆماری کردبوو.
کۆمسیۆن رایگەیاندووە، بەڵگەی پێویست پێشکەشی ئەمیندارێتی ئەنحومەنی کۆمسیاران، بەشی سکاڵا و تانەکان نەکراوە، بەپێی ماددەی 3/چوارەم لە سیستمی سکاڵا و تانەکان ژمارە 10ـی ساڵی 2025 رەتکراوەتەوە.

سکاڵا لەسەر کۆتای مەسیحییەکان
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بە هەمانشێوە سکاڵایەکی درید جەمیل ئیشوع کاندیدی تاکە کەسی لەسەر پێکهاتەی مەسیحییەکانی لە سنوری پارێزگای کەرکوک رەتکردەوە، دژی عیماد یوخەننا یاقو، کاندیدی سەرکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر کورسی پێکهاتەی مەسیحی لە پارێزگای کەرکوک.

هۆکاری رەتکردنەوەی سکاڵای ئەو کاندیدەی مەسیحییەکان بۆ ئەوە گەرێندراوەتەوە، کە لەکاتی یاسایی خۆی لە ماوەی دیاریکراو بۆ سکاڵاکان تۆمار نەکراوە.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سکاڵایەکی دیکەی هیبە جەرجیس عەبد ئەحەد، کاندیدی مەسیحییەکانی لە سنوری پارێزگای هەولێر لەسەر کلدۆ رەمزی هورمز، کاندیدی سەرکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر رەتکردەوە، بەهۆی ئەوەی مەرجەکانی تێدا نەبووە و لە ماوەی دیاریکراوی خۆی بۆ تۆمارکردنی سکاڵاکان تۆمار نەکراوە.

سزادانی لیستێک بە 50 ملیۆن دینار
لە بەردەوامیی یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکانی هەڵبژاردندا، ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بە بڕی 50 ملیۆن دینار سزای لیستی سقورونای دا، لەسەر ئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، گوتاری هاندانی مەزهەبی دژی گەلی عێراق بڵاوکردوەتەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتی لیژنەی وردبینی شایستەیی کاندیدانی هەڵبژاردنەکان.

ژمارەی تانەکانی هەڵبژاردن گەیشتووەتە 80
هەر ئەمرۆ چوارشەممە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوی کردەوە، ژمارەی تانەکانی سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی گەیشتووەتە 80 تانە و لە یەکەم کاتژمێری راگەیاندنی کۆمسیۆن 36 تانە تۆمارکراوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ژمارەی تانەکانی هەڵبژاردن گەیشتووەتە 80 تانە، لە یەکەم رۆژی کردنەوەی دەرگای تانەدان لە ئەنجامەکانیش لە رۆژی 18ـی تشرینی یەکەم، 36 تانە تۆمار کراون.
رۆژی دووشەممەی رابردوو (17ـی تشرینی دووەمی 2025) کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی دەنگدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند، سێ رۆژ دەرفەتی داوە بە قەوار و کاندید و لایەنەکان بۆ پێشکەشکردنی تانەکانیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
