
سبەی
بەهۆی ئەوەی مامەڵەی هەژماری من لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی رابردوو راگیرا و دوای چەند مانگێك دەستیپێكردەوە، بەشێك لە خانەنشینان هێشتا نەبوونەتە خاوەنی كارتی بانكی و وەزارەتی داراییش دوا مۆڵەتیان دەداتێ.
رۆژی 19-11-2025 بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی وئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەكی بڵاوكردۆتەوە و تیایدا هاتووە: سەبارەت بە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من ئاگاداری سەرجەم خانەنشینان دەكەینەوە.
1- سەرجەم ئەو خانەنشین و وارسانەی كە تا ئێستا فۆڕمی هەژماری منیان پڕ نەكردۆتەوە، لە كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلول ، مووچەكانیان ڕادەگیرێت تا ئەو كاتەی فۆڕمی هەژماری من پڕ دەكەنەوە.
2- ئەو خانەنشینانەی كە كارتی بانكەكانیان تەواو بووە و تا ئێستا كارتەكانیان وەرنەگرتۆتەوە، سەردانی بانكەكان بكەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، چونكە مووچەی مانگی ( 10 ) یان لە رێگای پرۆژەی هەژماری من بۆ خەرج دەكرێت.
3- تائێستا نزیكەی لە ( 90٪ )ی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی و خانەنشینان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار كردووە، ئەوانەشی كە ماون و خۆیان تۆمار نەكردووە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ هەر فەرمانبەرو خانەنشین و مووچەخۆرێكی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانكی نەبێت و خۆی لەپرۆژەی هەژماری من تۆمار نەكردبێت لە بەغداوە مووچەكەی رادەگیرێت و لەهەرێم خەرج ناكرێت، لەدوای سەری ساڵیشەوە دابەشكردنی مووچە بەشێوەی كاش نامێنێت و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی خۆیانە.
پرۆژەی هەژماری من پێشتر رایگەیاند: نزیكەی 550,000 مووچەخۆری مەدەنی و خانەنشین مووچەی مانگی هەشت بەشێوەیەكی دیجیتاڵی لە رێگەی هەژماری من وەردەگرن، ئەوەش لەكاتێكدایە 900 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر مامەڵەی هەژماری منیان كردووە و فۆڕمی بەشدارییان پڕكردۆتەوە.
جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕۆژی 22ـی تیشرینی دووەمی 2022 حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی پابەند كردووە.
لە هەرێمی كوردستان كەمترین موچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، بەڵام یاساكەی عێراق كەمترین موچەی خانەنشینی بە 600 هەزار دینار دیاریكردوە بە دەرماڵەی ژیانیشەوە، هەروەها یاساكە رێگە نادات موچەی هیچ خانەنشینێك لە 100%ـی مووچەكەی بنەڕەتییەكەی زیاتر بێت.
هەر بەپێی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014 كە عێراق بۆ خانەنشینی بەكاری دەهێنێت، دەرماڵەی بڕوانامە بۆ فەرمانبەرانی خانەنشینكراو هەژمار دەكرێت، بەشێوەیەك بۆ هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم دەرماڵەی %5ـی موچەی خانەنشینی پێ دەدرێت، هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس 10%ـی موچەی خانەنشینی، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر 15%ـی موچەی خانەنشینی، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا 20%ـی موچەی خانەنشینی، بۆ هەر ساڵێك خزمەتی فەرمانبەری دەرماڵەی ژیان بەرێژەی 1% دەدرێت بە خانەنشین.
تێكەڵبوونی ناكۆكیەكانی پەیوەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بە هەژماری من
كۆتایی مانگی 10 ی ساڵی رابردوو بنكەكانی هەژماری من لە سلێمانی داخران، بەهۆی ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتی لەسەر پڕۆژەكە، بەو هۆیەشەوە رۆژی 21 ی كانونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم پێنج بانك و دوو بژاردەی خستە بەردەم فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی بۆ خۆتۆماركردنیان بەشێوەی ئۆنلاین لە پڕۆژەی هەژماری من لەكۆی هەشت بانك كە لە پڕۆژەكە تۆماركراون.
لە نیسانی ئەمساڵدا و دوای رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەو بارەیەوە، تیمەكانی هەژماری من لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستیان بەكاركردن كردەوە و هەزاران فەرمانبەر روویان لە بنكەكان كرد بۆ خۆتۆماركردنیان، لەدوای كردنەوەی بنكە داخراوەكانەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیان ئامێری راكێشانی پارەی لەپارێزگای سلێمانی جێگیركرد.
بافڵ تاڵەبانی: مەسرور بارزانی تیمی هەژماری منی بۆ سلێمانی نارد
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی رۆژی یەكشەممە 23ی شوباتی 2025، لە كۆنگرەی دیالۆگی نێودەوڵەتی بەغداد رایگەیاند، بەمدواییە لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە بە "خاوەن پایە" ناویبرد كۆبووەتەوە و لەسەر چەندین بابەت قسەیان كردووە كە یەكێكیان (هەژماری من)و (تەوتین) بووە.
وتیشی پرسیارێكی دیاریكراوی هەبووە لەسەر هەژماری من، مەسرور بارزانیش سەرسام بوو بەو پرسیارە "كاك مەسرور بەخشندانە تیمێكی هەژماری منی نارد بۆ سلێمانی، لەگەڵ پسپۆڕە یاسایی و داراییەكانمان دانیشتوون و تەماشای وردەكارییەكانی جیاوازی نێوان (تەوتین)و (هەژماری من)مان كردووە".
قوباد تاڵەبانی: واز لە پرسی تەوتین بهێنن
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی تیمی دانوستانكاری یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەگەڵ پارتی، رۆژی یەكشەممە 23ی شوباتی 2025 داوای لە رۆژنامەنووسان كرد واز لە پرسی تەوتینی موچە بهێنن، كاتێك پرسیاری لەو بارەیەوە ئاڕاستەكرا، ئەوەش دوای رۆژێك لە قسەكانی كە جەختی لە بەردەوامیدان بە تەوتین كردەوە.
قوباد تاڵەبانی روویكردە مایكی رۆژنامەنووسان و وتی "توخوا واز لە مەوزوعی تەوتین بهێنن، بابە وەڵا مێشكی ئەو میللەتەتان تێكدا. ئەمە مەوزوع نییە، كاكە موهیم ئەوەیە معاشەكە بێت و بە بانكی بكرێت، دوربكەوینەوە لە زەرف و تەوزیعكردن بە گوێنی".
دادگای فیدراڵی و هەژماری من
قسەكانی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لەبارەی هەژماری منەوە، دوای كەمتر لە هەفتەیەك بوو لە نوێترین بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی تەوتینی موچەوە كە حكومەتی هەرێم وەك دانپێدانان بە پڕۆژەی هەژماری من لێكیدایەوە.
دادگای فیدراڵی رۆژی 18 ی شوباتی 2025 لەسەر بنەمای سكاڵایەكی سەرۆك كۆماری عێراق، بڕیارێكی دیكەی لەبارەی تەوتینی موچە دەركرد و هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی پابەندكرد بە جێبەجێكردنی رێوشوێنەكانی "تەوتینی" موچە لە بانكە مۆڵەت پێدراوەكانی بانكی ناوەندی عێراق بەهەمان رێوشوێنەكانی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی عێراق.
هەمان رۆژ عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی مەسرور بارزانی لە تۆڕی ئێكس پێشوازی لە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراق كرد و جەختیكردەوە بڕیارەكە لەگەڵ بنەما سەرەكییەكانی پڕۆژەی هەژماری من یەكدەگرێتەوە.
یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد كە 17 ی تەمموز ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر دەربڕی تایبەتە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغداد بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەپێی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەماوەی نزیكەی ساڵێكدا دوو بڕیاری لەسەر "تەوتینی" موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەركردووە، لەگەڵ رونكردنەوەیەك لەو بارەیەوە، لەیەكەم بڕیاریدا جەختی لە تەوتینی موچە كردەوە لە بانكە حكومییەكان بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێم، بەڵام دوای كەمتر لە مانگێك پرسی هەماهەنگی بەغداد و هەرێمی كردە بەشێك لە جێبەجێكردنی پڕۆسەكە، دوایین جار و لە 18 ی شوباتی ئەمساڵدا فەرمانبەرانی هەرێمی سەرپشككرد لە بانكە مۆڵەت پێدراوەكان موچەكانیان تەوتین بكەن، بەبێ دیاریكردنی هیچ وادەیەك بۆ تەواوكردنی.
ڕۆژی 11ـی شوباتی 2024، فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە:" لەمڕۆوە پرۆسەی ناوتۆماركردنی فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سنوری هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆك دەستیپێكردوە".
دەستپێكردنی پرۆسەی ناو تۆماركردنی موچەخۆران لەو دوو پارێزگایە لە كاتێدایە، لە ڕۆژی 7ـی ئازاری 2023 وەك یەكەم هەنگاوی ئەزمونی پڕۆژەی هەژماری من لە نەخۆشخانەی منداڵبوون و ژنانی هەولێر چووە بواری جێبەجێكردنەوە كە نزیكەی 850 موچەخۆری ئەو نەخۆشخانەیە لە رێگەی كارتی بانكییەوە مووچەكانیان وەرگرت.
