هێرشەکانی روسیا بەرەوامە؛ ئیدارەی ترەمپ پلانێکی 28 خاڵی ئامادە دەکات

#ئۆکراینا#ڤۆلۆدمیر زیلینسکی#روسیا#ستیڤ ویتکۆڤ#دۆناڵد ترەمپ
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 24 خولەک نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە نهێنی سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا
Primary Asset

دیمەنی دوای هێرشەکەی روسیا

سبەی

هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە نهێنی سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا.

ئەمڕۆ چوارشەممە (19ـی تشرینی دووەمی 2025)، روسیا هێرشێکی فراوانی درۆنی و موشەکی کردە سەر ناوچەکانی رۆژئاوای ئۆکراینا. لە ئاکامی هێرشەکەدا، بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراینا، بە لایەنی کەمەوە 19 هاوڵاتی کوژراون و دەیانی دیکەش برینداربوون.

سەبارەت بە هێرشەکە، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە بڵاوکراوەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی: "روسیا لە رێگەی 470 درۆن و 48 موشەک، هێرشی کردووەتە سەر سێکتەری وزە و گواستنەوە، هەروەها ناوچەی نیشتەجێبوونی سڤیل."

هێرشەکەی روسیا لە کاتێکدایە، سەرۆکی ئۆکراینا لە تورکیایە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ روسیا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست. چاوەڕوان دەکرێت، زیلینسکی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆببێتەوە.

سەرەڕای شکستی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ راگرتنی شەڕی ئۆکراینا، ئیدارەی ترەمپ بێ ئومێد نەبووە لە راگرتنی شەڕی ئۆکراینا.

بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئاکسیۆسی ئەمەریکی، ئیدارەی ترەمپ بە نهێنی کار لەسەر ئامادەکردنی پلانێکی 28 خاڵی دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ روسیا بۆ راگرتنی شەڕ لە ئۆکراینا.

لە ئێستادا ئیدارەی ترەمپ دەستیکردووە بە راوێژکردن لەگەڵ روسیا لەسەر پلانە نوێیەکەی ترەمپ بۆ راگرتنی شەڕ، ئەوەش بەپێی چەند سەرچاوەیەکی روسی قسەیان بۆ ئاکسیۆس کردووە.

وەک لە راپۆرتەکەی ئاکسیۆسدا هاتووە، پلانەکەی ترەمپ لەسەر چوار بنەمای سەرەکییە: ئاشتی لە ئۆکراینا، گەرەنتییە ئاسایشییەکان، ئاسایشی ئەوروپا و پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ روسیا و ئۆکراینا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی