پاشەكشە دەكات؛ حكومەتی ئێران: لە ئێستادا پیتاندنی یۆرانیۆممان راگرتووە

#ئێران#یۆرانیۆم#ئەمەریکا#ئاژانس#ئەوروپا
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 21 خولەک نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • وتەبێژی حكومەتی ئێران رایگەیاند وڵاتەكەی لە ئێستادا توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی نییە، هاوكات ئەمەریكا هاوشانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا رەشنووسی بڕیارنامەیەكیان ئاراستەی دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كردووە كە داوا لە تاران دەكات دەستبەجێ دەست بە هاریكارییەكانی لەگەڵ ئاژانسەكەدا بكاتەوە.
Primary Asset

سبەی

وتەبێژی حكومەتی ئێران رایگەیاند وڵاتەكەی لە ئێستادا توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی نییە، هاوكات ئەمەریكا هاوشانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا رەشنووسی بڕیارنامەیەكیان ئاراستەی دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كردووە كە داوا لە تاران دەكات دەستبەجێ دەست بە هاریكارییەكانی لەگەڵ ئاژانسەكەدا بكاتەوە.

فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی حكومەتی ئێران رۆژی چوارشەممە لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"لە ئێستادا پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجام نادرێت".

وتیشی:" ئەگەری راگرتنی تەواوەتی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە گوێرەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی ئێران تاوتوێ دەكرێت".

موهاجرانی ئاماژەی بەوەشكردووە، "لە ئێران چەند ئۆرگانێك بڕیار لەبارەی هەنگاوەكانی دواتری وڵاتەكە تایبەت بە پڕۆسەی ئەتۆمی دەدەن، لەوانەش رێكخراوی وزەی ئەتۆم و هەروەها ئەنجومەنی باڵای ئاسایسی نیشتمانی، ئەو ئۆرگانانە بە گوێرەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان هەڵسوكەوت دەكەن".

لەلایەكی دیكەوە، كەمال خەڕازی، راوێژكاری باڵای عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیاكان رایگەیاند: تاران ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكان لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ. جەختیشی كردەوە لەوەی ئێرانیش ئامادە دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دانوستان بكات.

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی ئەتۆمی ئێران و دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن،  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە رایگەیاند:" ئێران  زۆر پێداگرە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و دانوستانەكانی نێوان هەردوو وڵات دەستیپێكردووە".

ترەمپ ئاماژەی بەوەشكرد، "گفتوگۆكان بەردەوامن و ئەم گفتوگۆیانە دەكرێت شتێكی باش" بن". هەروەها وتی "پێش شەڕ ئەگەری رێككەوتنی هەردوولا هەبوو، بەڵام رووینەدا".

پێشتر پێنج گەڕی دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمەریكا ئەنجامدرابوو، بەڵام لە گەرماوگەرمی خولی شەشەمی گفتوگۆكان ئیسرائیل هێرشێكی بەربڵاوی بۆ سەر ئێران دەستپێكرد كە 12 رۆژی خایاند.

ئێران بە هۆی سزا نێودەوڵەتییەكانی سەر وڵاتەكەی، لەگەڵ قەیرانێكی مێژوویی بەرەوڕوو بووەتەوە، بەهای دراوی نیشتمانی ئێران بۆ نزمترین ئاست دەبەزیوە و رێژەی هەڵاوسان بۆ 50%بەرزبۆتەوە.

هەندێك لە چاودێران و كەسایەتییە سیاسییەكانی ئێران پێیان وایە، پێداگری تاران لەسەر درێژەدان بە پڕۆژە ئەتۆمییەكانی لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان ناگونجێت، چونكە لەوانەیە ببێتە هۆی داڕمانی ئابووری وڵاتەكەیان.

سێ وڵاتی ئەوروپی و ئەمەریكا هۆشداری بە ئێران دەدەن

لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، ئەمەریكا هاوشانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا رەشنووسی بڕیارنامەیەكیان ئاراستەی دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كردووە، كە داوا لە تاران دەكات دەستبەجێ دەست بە هاریكارییەكانی لەگەڵ ئاژانسەكەدا بكاتەوە.

بە گوێرەی ئاژانسەكە رەشنووسە داوا لە ئێران دەكات "بە بێ دواكەوتن زانیاریی ورد سەبارەت بە كەرەستە و دامەزراوە ئەتۆمییەكان بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دابین بكات".

هەر لەو بارەیەوە ژمارەیەك دیپلۆماتكار بە ئاژانسەكەیان راگەیاندووە " پێدەچێت رەشنووسەكە لە كۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پەسەند بكرێت، كە بڕیارە لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا بەڕێوەبچێت.

بەپێی رەشنووسەكە، دەستەی پارێزگارەكان " پێویستە ئێران سەرجەم پابەندییەكانی جێبەجێ بكات".

پێشتر كازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دابوو "ئەو رێككەوتنەی كە تاران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە قاهیرە واژۆی كردبوو، بە پەسەندكردنی بڕیارنامەی ئەمەریكا و سێ وڵاتی ئەوروپی لە دەستەی پارێزگارەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەكەوێتە مەترسییەوە".

بە گوێرەی رێككەوتنی قاهیرە، رێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەدرێت كە پشكنینەكانی بۆ سەرجەم دامەزراوە ئەتۆمییەكانی راگەیەندراوی ئێران دەستپێبكاتەوە، لەوانە ئەو بنكە و ناوەندانەی لە كاتی شەڕی 12 رۆژە و بە هۆی هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا زیانیان بەركەوتووە، بەڵام دوای ئەوەی سێ زلهێزی ئەوروپی لە كۆتایی مانگی ئەیلول دا لە رێگەی میكانیزمی سناپ باك سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیان لە دژی ئێران گەڕاندەوە، كاربەدەستانی ئێران رایانگەیاند سەپاندنەوەی دووبارە سزاكان رێككەوتنەكە رادەگرێت.

محەممەد ئیسلامی، سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رۆژی یەكشەممە 15ی ئەم مانگە رایگەیاند: هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لە دوای شەڕی 12 رۆژە، زیانی بە متمانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم گەیاندووە.

ئیسلامی هاوكات ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەوە تۆمەتبار كرد، كە سەركۆنەی هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكای بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی نەكردووە.

هەفتەی رابردوو ناوەڕۆكی راپۆرتێكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بڵاوبۆوە، كە باس لەوەدەكات " ئێران تا ئێستا رێگەی بە پشكنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان نەداوە سەردانی شوێنە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی بكەن كە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریكاوە كراونەتە ئامانج".

ئاژانسەكە دەڵێت: "ئەوە زۆر گرنگە ئاژانسەكە بتوانێت بە زووترین كات زانیاریی پێویست لەبارەی 440 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران دەستبکەوێت و وەڵامی نیگەرانییەکانی بداتەوە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی