رێگای گەیشتنی عێراق بە مۆندیالی 2026 بە بۆلیڤیا و سۆرینام دا دەڕوات

#عێراق#بۆلیڤیا#سۆرینام#مۆندیال
9 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • هەڵبژاردەی عێراق لە بەردەم دەرفەتێکی زێڕیندایە بۆ دووەم ئامادەبوونی لە مۆندیالدا، لەدوای ساڵی 1986ەوە، بەو پێیەی بردنەوەی تەنها یارییەک مێژوویەکی 40 ساڵەی خۆی دووبارەدەکاتەوە. چەند هۆکاریش هەیە کە گەشبینی لە سەرکەوتنی شێرەکانی رافیدەین بۆ مۆندیالی 2026 دروستکردووە.
Primary Asset

سبەی

هەڵبژاردەی عێراق لە بەردەم دەرفەتێکی زێڕیندایە بۆ دووەم ئامادەبوونی لە مۆندیالدا، لەدوای ساڵی 1986ەوە، بەو پێیەی بردنەوەی تەنها یارییەک مێژوویەکی 40 ساڵەی خۆی دووبارەدەکاتەوە. چەند هۆکاریش هەیە کە گەشبینی لە سەرکەوتنی شێرەکانی رافیدەین بۆ مۆندیالی 2026 دروستکردووە.

گرنگترین هۆکار ئەوەیە، ریزبەندییەکەی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی هەڵبژاردەی عێراقی لە رووبەڕووبونەوەی هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکراتی دورخستەوە، کە بەهێزترینی هەڵبژاردەکانی پاشکۆی پاڵاوتنە و هەڵبژاردەکانی دیکە بە هەڵبژاردەی بۆلیڤیاشەوە لە رووی ئەنجام و ئاستەوە لە هەڵبژاردەی شێرەکانی رافیدەین باشتر نین.

لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردەی عێراق راستەوخۆ لە یاریی کۆتاییدایە و چاوەڕێی براوەی یاریی نێوان بۆلیڤیا و سۆرینام دەکات، واتە عێراقییەکان پشووی زیاتریان دەبێت، بەراورد بەو دوو هەڵبژاردەیە، کە یارییەک زیاتر ئەنجامدەدەن.

هاوکات هەڵبژاردەی عێراق خاوەن پێکهاتەیەکی بەهێزە و ریزەکانی پڕە لە یاریزانی بەهرەمەند و پیشەگەر، دەتوانن یارییەکە لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەکەیان یەکلایی بکەنەوە.

زۆر باسیش لەوەدەکرێت، کە عێراق بە ئەگەرێکی زۆرەوە رووبەڕووی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا دەبێتەوە، بەڵام ئەو هەڵبژاردەیە خاڵێکی زۆر لاوازی هەیە، ئەویش ئەوەیە لە دەرەوەی خاکی خۆیدا ئەنجامەکانی خراپن.

بەجۆرێک تا ساڵی 2024 هەڵبژاردەی بۆلیڤیا لە پاڵاوتنی مۆندیالدا خاوەن ریکۆردێکی مێژوویی بوو، ئەویش ئەوە بوو لە ماوەی 31 ساڵدا نەیتوانی بوو لە دەرەوەی خاکی خۆیدا بردنەوە تۆماربکات. لەگەڵ ئەوەشدا لە دواین 20 یاری لەدەرەوەی خاکی خۆیدا، چیرۆکی 19 شکست و تەنها سەرکەوتنێکی نووسیوەتەوە. لەو ژمارە یارییەش 52 گۆڵی لێ کراوە، لە بەرامبەردا تەنها هەشت گۆڵی تۆمارکردووە.

یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتن لە نێوان 23 بۆ 31ی مانگی سێی ساڵی داهاتوو لە مەکسیک بەڕێوەدەچێت، کە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکا و کەنەدا میوانداری مۆندیالی 2026 دەکات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی