
ساڵێك بەسەر یەكەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕى
سبەى
ساڵێك بەسەر یەكەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕى، تا ئێستاش دانیشتنەكە بە كراوەیی هێڵدراوەتەوە، بەبێ ئەوەى پەرلەمانى کوردستان دەستبەکارەکانى بکات.
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە راپۆرتێکدا کە وێنەیەکى بۆ “سبەى” نێردراوە ئاماژەى بەوەکردووە، هێشتا هەرێمی كوردستان لەئەنجامی ململانێی هێزە سیاسییەكان (بەتایبەتی پارتی و یەكێتی) هێشتا بێ پەرلەمانە. لەكاتێكدا لەماوەی ئەم ساڵەی رابردوودا دەبوایە پەرلەمان ئەم كارانەی بكردایە:
1-دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرایە.
2-لیژنەكانی پەرلەمان (كە نۆزدە لیژنەن) دروست بكرانایەو هەڵبژاردنی ئەندامەكان و دەستەی سەرۆكایەتیان بۆ بكرایە.
3-سەرۆكی تازەی هەرێم هەڵبژێردرایە.
4-كابینەی نوێی حكومەت (كابینەی دەیەم) هەڵبژێردرایەو ئێستا لەكاردا بووایە.
5-یاسای بودجەی هەرێم بۆ ساڵانی 2025 و 2026 پەسەند بكرانایە.
6-چەندین یاسای نوێ دەربچوێنرانایە.
7-چەندین یاسا كە بەسەرچوونە هەموار بكرابوونایەتەوە.
8-دەستەی دەستپاكی (نەزاهە) ماوەی (8) ساڵە سەرۆكەكەی ماوەی یاسایی بەسەر چووە، ئەركی پەرلەمان بوو لەو ساڵەدا سەرۆكێكی نوێی بۆ هەڵبژاردایە.
9-دیوانی چاودێری دارایی ماوەی (4) ساڵە بێ سەرۆكە و كارەكانی پەكیان كەوتووە، ئەركی پەرلەمان بوو لەو ساڵەدا سەرۆكێكی نوێی بۆ هەڵبژاردایە.
10-كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ماوەی (6) ساڵە ماوەی یاسایی كۆمسیارەكانی بەسەر چوونەو دامەزراوەكە بەپێی یاسا پەكی كەوتووە، ئەركی پەرلەمان بوو کۆمسیاری نوێی بۆ هەڵبژاردایە.
11-دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ماوەی یاسایی سەرۆكەكەی بەسەرچووە، ئەركی پەرلەمان بوو سەرۆكێكی نوێی بۆ هەڵبژاردایە.
12-چاودێری ئەو دەیان یاسایەی بكردایە كە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە پێشێلكراون و رۆژانە پێشێل دەكرێن.
13-چاودێری وردی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بكردایە لەو لەیاسادەرچوونانەی دەكرێت.
14-كاری بكردایە بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان و دەبووایە ئێستا دەنگی لەسەر بدرایە.
15-پەرلەمان كە بەپێی یاسا بەرزترین دامەزراوەو مەرجەعی خەڵكی كوردستانە لە یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنوسسازەكاندا، رۆڵی خۆی بگێڕایە لە پرسی بودجە و موچەی موچەخۆراندا كە ساڵانە بەهۆی ململانێی نێوان هەولێر و بەغداوە چەند موچەیەكیان دەفەوتێت.
بەپێی راپۆرتەکە، پەرلەمان هیچكام لەو ئەركە پەیرەوی و یاساییانەی ئەنجامنەدا، وێڕای ئەو دەیان بەڵێنەی لایەنە سیاسییەكان بە هاوڵاتیانیاندا، وێرای ئەو سەدان بەڵێنەی كاندیدەكان بە دەنگدەرانیاندا، تاكە كارێك پەرلەمانتارەكان كردبێتیان وەرگرتنی موچەی مانگانەیان بووە! كە ئەمەش لەگەڵ هیچ دەستور و یاسا و داب و نەریتێكدا وێكنایەتەوە!
"دەتوانرێت ناوی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامەکانی لە درێژترین كۆبوونەوەی كراوە و بێدەنگترین پەرلەمانتاردا بخرێنە كتێبی گینسەوە! لەكاتێكدا هەق بوو پەرلەمانتارانی ئەم خولە كار بۆ گێڕانەوەی شكۆی پەرلەمان بكەن!"، ئەوەش بەپێى راپۆرتەکە.
هەڵبژاردنی بێ پەرلەمان
رۆژی 20ـی تشرینی یەكەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن پارتی دیموكراتی كوردستان 39 كورسی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 23 كورسی، نەوەی نوێ 15 كورسی، یەكگرتوو 7 كورسی، رەوتی هەڵوێست 4 كورسی، كۆمەڵی دادگەری 3 كورسی، بەرەی گەل 2 كورسی و هەریەك لە گۆڕان و هاوپەیمانی كوردستانیش یەكی كورسییەكیان بەدەستهێنا.
پەرلەمانتاران لەمانگی 12 ی ساڵی رابردوەوە مووچە وەردەگرن
لە كۆی 100 ئەندامی پەرلەمان تەنها سێ ئەندامیان بەشداریی دانیشتنی یەكەمیان نەكرد و سوێندی یاساییان نەخوارد، دوو پەرلەمانتاریان لە كۆمەڵی دادگەری و یەك پەرلەمانتار لە بەرەی گەل. ئەوانی دیكە كە ژمارەیان 97 پەرلەمانتارە سوێندی یاساییان خواردووە و لە مانگی 12ی ساڵی 2024ـەوە مووچە وەردەگرن.
