
محەمەد حەسان، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق
سبەى
نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق جەخت لە پەلەکردن لە پێکهێنانى هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکاتەوە، ئەوەش لە دوایین راپۆرتیدا پێش کۆتایی هاتنى ئەرکەکەى لە کۆتایی ئەمساڵدا.
پێش کۆتایی هاتنی ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یۆنامی) لە کۆتایی ئەمساڵدا، ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکى ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی عێراق و خستنەڕووى ڕاپۆرتی نێردەى ئەمینداری گشتی سەبارەت بە کارەکانی نوێنەرایەتییەکە.
محەمەد حەسان، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نوێنەرایەتی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) لەراپۆرتێکدا کە لەکۆبوونەوەکەدا خوێندییەوە رایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایش لە ساڵی 2003 یونامی دامەزراند لە وڵاتێک کە دەیان ساڵ تووشی دیکتاتۆرییەت و شەڕی ناوچەیی و ململانێی ناوخۆ و داگیرکاری دەرەکی و تیرۆر بووبوو.
وتیشى رێگای ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری درێژ و سەخت بووە، بەڵام بە پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی عێراق بە سەرکەوتوویی دەرکەوتووە.
حەسان ستایشى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى کرد لە عێراق لەگەڵ و دەربڕینی متمانە بەوەی عێراق بەردەوام دەبێت لە بنیاتنانی بناغەى پتەوی دواى پڕۆسەى هەڵبژادن و هیواى خواست حکومەتی نوێ بەبێ دواکەوتن پێکبهێنرێت.
هەروەها جەختى لە پەلەکردن لە پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتى هەرێمى کوردستان کردەوە دواى ساڵێک لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن و ئەنجامدانى دانوستان.
هیواشى خواست کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.
محەمەد حەسان هێرشى سەر دامەزراوە و کێڵگە نەوتى و غازییەکانى ئیدانەکرد بەتایبەتى دوایین هێرش بۆ سەر کێڵگەى کۆرمۆر و جەختیکردەوە کە پێویستە هێرشەکان بوەستێنرێن.
لەبەشێکى دیکەى راپۆرتەکەیدا، حەسان وتى تا ئێستاش نزیکەی یەک ملیۆن عێراقی ئاوارەن، کە زیاتر لە 100 هەزار کەسیان ئێزیدی خەڵکی شنگالن.
دوای زیاتر لە دوو دەیە کارکردن بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و گواستنەوەی سیاسی لە عێراق، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) خۆی ئامادە دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکەی لە کۆتایی ئەمساڵدا.
حەسان جەختی لەوە کردەوە کە رۆیشتنی یونامی ماناى کۆتایی هاتنی هاوبەشی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، "بەڵکو سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنى عێراق.
