
سبەى
دواى 10 رۆژ لە لابردنى سفرەکانى سەر تمەن، نرخی 100 دۆلاری ئەمەریکی لە بازاڕەکانی دراوی ئێران بۆ زیاتر لە 12 ملیۆن تمەن بەرزبووەوە، بەوەش دابەزینى بەهاکەى لە حەوت مانگدا گەیاندە لەسەدا 50.
دوابەدوای ئەوەی پرسی دانوستانەکانی ئێران و وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا جارێکی دیکە شکستی خوارد و هیچ جۆرە هیوایەک بۆ ڕێکەوتن لە داهاتوویەکی نزیکدا نابینرێت، جارێکی دیکە نرخی تمەن بەرانبەر دۆلار رێکۆردێکی مێژوویی تۆمار کرد و سێشەممە 2ی کانوونی یەکەم نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ زیاتر لە 12 ملیۆن و 200 هەزار تمەن دابەزی.
نرخی دۆلار لە بازاڕی دراوی ئێران دوای گەڕانەوەی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئێران گەیشتە ١١٧ هەزار تمەن لەبەرانبەر دۆلارێک و لەو کاتەوە دابەزینی رۆژانەی دراوی ئێران بەردەوامە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئایاردا بە 80 هەزار تممان مامەڵەی پێوەکرا و لە ماوەی 7 مانگی ڕابردوودا زیاتر لە سەدا 50 دابەزیوە.
دابەزینى تمەن دواى 10 رۆژ دێت لە لابردنى سفرەکانى سەر دراوى نیشتمانى ئێران بە ئامانجى بەرزکردنەوەى بەهاکەى.
هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی
پرسی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزویلا و ئەگەری رووخانی دەسەڵاتی نیکۆپلاس مادۆرۆ و لە ئەنجامیشدا گەڕانەوەی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ بازارە جیهانییەکان و هاوکات لێدوانی بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل سەبارەت بە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی نوێی سەربازی بەبەشێک لە هۆکارەکانى کە دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی لێکدەدرێتەوە.
بە گوێرەی شارەزایانی ئابووری گرنگترین فاکتەری دابەزینی تمەن، کەمبوونەوەی داهاتی بیانی حکومەتی ئێران بووە کە لەدوای سەپاندنى سزا نێودەوڵەتییەکان و سنووردارکردنی هەناردەکردنی نەوت و ئاستەنگی گواستنەوەی پارە ڕوویداو و بووەتە هۆى کەمبوونەوەی خستنەناو بازاڕی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی ئێرانەوە.
لە هەمان کاتدا هەڵاوسانی درێژخایەن و زیادبوونی نەختینەیی بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجە لەلایەن حکومەتەوە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەهای تمەن و زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار کە راستەوخۆ بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دراوەکە.
هەروەها ناسەقامگیری لە داڕشتنی سیاسەتێکی گونجاوی ئابووری و نەبوونی بەرنامەیەکی سەقامگیر لە بەڕێوەبردنی بازاڕی دراوی بیانی بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک و چالاکانی ئابووری روو لە کرینی دۆلار بکەن بۆ پاراستنی بەهای سەروەت و سامانەکانیان.
لە لایەکی دیکەوە دابەزینی متمانەی گشتی بە سەقامگیری ئابووری، لەگەڵ زیادبوونی مەترسییە سیاسییەکان و گرژییە ناوچەییەکان، ڕۆڵێکی گرنگی لە گەشەکردنی خواست لەسەر دۆلار و هاوکات دابەزینی بەهای تمەن دروستکردووە.
