
سبەى
ئاشکرابوونی پێدانی سیم کارتی سپی کە بە جۆرێک لە سیم کارت دەوترێت کە ناو و شوێنی بەکارهێنەر تێیدا ئاشکرا نابێت و هاوکات بەپێچوانەی سیم کارتی ئاسایی لە ئێران فلتەری لەسەر نییە و بەکارهێنەر دەتوانێت بەبێ بەکارهێنانی فلتەرشکێن دەستی بە هەموو پلاتفۆرمەکان رابگات، مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە.
رەخنەگران دەڵێن، پێدانی سیمکارتی سپی وەک هێمای هەڵاواردنی سیستماتیک لە کۆماری ئیسلامی ئێراندایە، کە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی بێ فلتەر بۆ گرووپێکی سنووردار دابین دەکات.
لە سەرەتای ساڵانی ٢٠١١ەوە بیرۆکەی دابینکردنی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت بەبێ فلتەر بۆ گروپێک لە هاوڵاتیان وەک مامۆستای زانکۆ و ڕۆژنامەنووس و پزیشکان لە بەرنامەی کاری حکومەتدا بووە و لەم ساڵانەی دواییدا چەند بەرپرسێکى وەک محەمەد جەعفەر مونتەزیری، داواکاری گشتی پێشوو، رەزامەندییان لەسەر لابردنی فلتەر بۆ هەندێک لە دامەزراوەکان راگەیاند.
مۆبایل: لە "ئیعدام"ەوە بۆ نیگەرانی ئەمنی
لە ساڵانی پێشوودا یەکەم وەڵامی حکومەت لە کاتی قەیرانەکاندا بڕین یان سنووردارکردنی ئینتەرنێتی مۆبایل بووە؛ وەک لە ناڕەزایەتییە خوێناوییەکانی ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٩دا، دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت بۆ زۆرێک لە بەکارهێنەران راگیرا و کۆنترۆڵی بەرفراوانی بەسەردا سەپێندرا.
بە وتەی سادق حوسێنی شارەزا لە بواری ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سیمکارتی بەناو "سپی" وەک ئیمتیازێکی گرنگی لێهاتووە.
عەلی قۆڵهەکی چالاکوانی میدیایی نزیک لە محافزکارەکان دەڵێت، سیمکارتی سپی بۆ سەردەمی سەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانی دەگەڕێتەوە کە “دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧ و تشرینی دووەمی ٢٠١٩، سیمکارتی سپی هاتە ناو کایەی ڕاگەیاندن و تا کۆتایی حکومەتی حەسەن ڕۆحانی، ژمارەیان نزیکەی هەزار و ٢٠٠ کەس بوو.
بە وتەی ئەو، ژمارەی خاوەن ئەم سیمکارتانە لە ئێستادا ٥٠ هەزار کەسی تێپەراندوە لەوانەش ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسان و دەسەلاتدارانی وڵاتەکە خاوەنی ئەو سیم کارتەن".
لە ساڵی 2021 وە و لەگەڵ سەرهەڵدانى ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژینا ئەمینی، کۆنتڕۆڵی حکومەتی ئێران بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
سیمکارتی سپی، "بەنزینی ڕەش"
لە کاتێکدا بڕیاری حکومەت بۆ گرانکردنی نرخی بەنزین سەرنجی میدیاکان و ڕای گشتی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، پرسی "سیمکارتی سپی"ش بەشێک بووە لە گفتوگۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لە کاتێکدا چالاکوانانی ئابوری نیگەرانی خۆیان لە ئەگەری دەرئەنجامەکانی بڕیارەکەی حکومەت سەبارەت بە نرخی بەنزین دەربڕیوە، ژمارەیەک چالاکی سیاسی و مەدەنی داوای شەفافیەتێکی زیاتریان لە سۆشیال میدیا سەبارەت بە ئیمتیازاتی حکومەت کردووە.
بەشێک لە بەکارهێنەران بە ئاماژەدان بە بڵاوکردنەوەی لیستی بەکارهێنەرانی سیمکارتی سپی نووسیویانە پێویستە "شەفافیەت سەبارەت بە ئیمتیازاتی تایبەت" بگیرێتەبەر و نابێت ژمارەیەکی سنوردار ئیمتیازی تایبەتیان پێبدرێت و دەستڕاگەیشتن بەئینتەرنێتى بێ فلتەر بۆ ملیۆنان هاوڵاتى دیکە وەک خەیاڵ و ئاواتێکی گەورە بمێنێتەوە.
