پلانێکى مەترسیدار؛ روسیا منداڵانى ئۆکراین بۆ جەنگ لە دژى وڵاتەکەیان ئامادە دەکات

#روسیا#ئۆکراین
7 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراین منداڵان بۆ شەڕ دژی وڵاتەکەیان ئامادە دەکرێن
  • نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار منداڵ ئەندامی سوپای گەنجانن کە زۆربەیان لە روسیا دەژین
  • لەو ژمارەیە نزیکەی ٤٣ هەزار کەس لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراینان کە لەلایەن روسیاوە داگیر کراون
Primary Asset

سبەى

روسیا پلانێکى دەستپێکردووە بۆ راهێنان و ئامادەکردنى منداڵانى ئۆکراینى لەو ناوچانەى دەستى بەسەردا گرتووە بۆ بەکارهێنانیان لەشەڕى دژى وڵاتەکەیان، لەکاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو هەنگاوەى مۆسکۆ بە تاوانی جەنگی ناودەبات.

بەپێی راپۆرتێکى ماڵپەری "بی بی سی"، لە ساڵی 2016ەوە و لەسەر دەستپێشخەری سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری ئەوکاتی روسیا و هاوپەیمانی نزیکی ڤلادیمێر پوتین لە ژێر بەرنامەیەک بە ناوی سوپای گەنجان (یونرمیا) منداڵان رادەهێندرین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خزمەت بە سوپای روسیا بکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار منداڵ ئەندامی سوپای گەنجانن کە  زۆربەیان لە روسیا دەژین، بەڵام نزیکەی ٤٣ هەزاریان لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراینان کە لەلایەن روسیاوە داگیر کراون.

ڕەخنەگران دەڵێن ئەو بەرنامانە بۆ ئامادەکردنی منداڵان بۆ خزمەتکردن لە سوپای روسیا یان هێزە ئەمنییەکانی دیکە داڕێژراون و بەشداربووان جلوبەرگی تایبەتیان پێدەدرێت و لە پشووی قوتابخانەکاندا دەنێردرێنە کەمپەکانی مەشق و ڕاهێنان لە روسیا.

دەوترێت سوپای گەنجان لە زۆربەی ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراین چالاکانە هەوڵی راکێشانی ژمارەیەکی زۆرتری منداڵانی ئۆکراینی دەدات، ئەوەش بەپێى راپۆرتێکى پێگەى بی بى سی.

بە وتەی ڤلادیسلاڤ گۆلۆڤین، سەرکردەی سوپای گەنجان، تا مانگی ئایاری ٢٠٢٥، زیاتر لە ١٢٠ هەزار دەرچووی ئەو ڕێکخراوە چوونەتە ناو سوپای روسیا.

بە وتەی گۆلۆڤین، ئەرکی سوپای گەنجان بە دامەزراوەییکردنی روسیایە لە هەموو لایەنەکانی ژیانی منداڵدا و بە گوێرەی پلانەکان منداڵان فێری ماچکردنی ئاڵای روسیا و وتنی سروودی نیشتمانی و کۆکردنەوە و بەکارهێنانی چەک دەکرێن و تەنانەت بۆ شەڕکردن هاندەدرێن.

بەگوێرەی بی بی سی، لە بەشێک لەو وانەکان لە قوتابخانە و پۆلەکاندا کە لەلایەن سوپای گەنجانەوە بەڕێوەدەبرێن، چ لە روسیا و چ لە ناوچە داگیرکراوەکان، زۆرجار بوونی ئۆکراین وەک نەتەوەیەک رەتدەکرێتەوە.

هاوکات منداڵان فێری ئەوە دەکرێن کە روسیا وڵاتێکی بەهێزە و ئەوە ئۆکراینا بوو زیاتر لە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بووەتە هۆی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت.

راپۆرتەکە ئاشکراشی کردوە لە نێوان مانگی یەک و ئابی ٢٠٢٥، سوپای گەنجان نزیکەی هەزار و 300 بۆنەی هاوشێوەی لە ناوچەی داگیرکراوی دۆنێتسکی ئۆکراینا ئەنجامداوە.

هەر لەو شوێنانەدا منداڵان لەگەڵ دامەزرێنەرانی سەربازی روسیا و سەربازە دێرینەکانی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە و بۆ شەڕ دژی ئۆکراین ئامادە دەکرێن.

بەگوێرەی بی بی سی، نزیکەی 15%ی چالاکییەکانی سوپای گەنجان مەدەنیە، وەک پاککردنەوەی پارکەکان یان سەردانی مۆزەخانەکان، بەڵام تەنانەت ئەو چالاکییانە بەزۆری پەیامی ئایدیۆلۆژی لەگەڵدایە.

ئەگەری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ

دەسەڵاتدارانی ئۆکراین دەڵێن، روسیا لە سەرەتای شەڕەوە لانیکەم هەزار و ٦٠٠ منداڵی ئۆکراینی بۆ خاکی روسیا راگواستوە و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەیەک لەو منداڵانە دوای گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵی بە زۆر خراونەتە ناو سوپای روسیا.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣دا دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا و ماریا لۆڤا بلۆڤا کۆمیساری مافی منداڵانی روسیا دەرکرد و تۆمەتباریانی کرد بە گواستنەوەی زۆرەملێ منداڵانی ئۆکراین و هاوکات نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداری داوە لەوەی راگواستنی منداڵان بۆ خاکی روسیا تاوانی جەنگییە.

لە بەرانبەردا حکومەتی روسیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە گواستنەوەکان بە زۆرەملێ نەبوون و تەنها بۆ پاراستنی منداڵەکان ئەنجام دراون. هەروەها دەسەڵاتدارانی روسیا ڕەتیدەکەنەوە کە هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم گەڕانەوەی منداڵانی ئۆکرانیا بۆ ماڵەکانیان هەبێت.

حکومەتی ئۆکراینا بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی وەک سەیڤ ئۆکراینا توانیویەتی زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ منداڵ بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی. هاوکات هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتی خانمی یەکەمی ئۆکراینا ئۆلینا زێلێنسکا و بە ناوبژیوانی قەتەر بۆ گەڕاندنەوەی منداڵەکان بۆ وڵاتەکەیان بەردەوامە.

چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەڵێن ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی مۆسکۆ بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە کۆمەڵگەی ئۆکرانیا و دابینکردنی بنکەیەک بۆ کۆکردنەوەی هێزی سەربازی.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هێزە داگیرکەرەکان بۆیان نییە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بخەنە ناو سوپاکانیانەوە، هەر بۆیەش دەوترێت کە ئەو کارەی روسیا پێشێلکردنی چەند پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی