"وڵاتێکى دیموکراتى نا ناوەندى"؛ مەزڵوم عەبدى: پابەندین بە رێککەوتنى 10ى ئازار

#مەزڵوم عەبدى#سوریا
9 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • مەزڵوم عەبدى دەڵێت، قۆناغى ئێستا بەرپرسیارێتى نیشتمانى هاوبەش بەسەر هەموواندا دەسەپێنێت، لەگەڵ گفتوگۆیەکى گشتگیر لەبەرژەوەندى هاوڵاتییانى سوریا.
Primary Asset

سبەى

مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات جەخت لە پابەندبوون بە رێککەوتنى 10ى ئازار لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا دەکاتەوە و دەڵێت، ئەوان لەگەڵ وڵاتێکى دیموکراتى نا ناوەندیدان.

ئەو وتانەى مەزڵوم عەبدى لەمیانەى پەیامێکیدا هات بەبۆنەى تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر لەناوچوونى رژێمى بەشار ئەسەد لە سوریا کە تێیدا روخانى رژێمى ئەسەدى بە قۆناغێکى نوێ لە سوریا وەسفکردووە.

مەزڵوم عەبدى دەڵێت، قۆناغى ئێستا بەرپرسیارێتى نیشتمانى هاوبەش بەسەر هەموواندا دەسەپێنێت، لەگەڵ گفتوگۆیەکى گشتگیر لەبەرژەوەندى هاوڵاتییانى سوریا.

جەختیشیکردووەتەوە کە ئەوان پابەندن بە رێککەوتنى 10ى ئازار وەک بنەمایەک بۆ سوریایەکى دیموکراتى، نا ناوەندى، پارێزراو بە ئازادى و دادپەروەرى و یەکسانى.

رێککەوتنى شەرع و عەبدى

رۆژى 10 ى ئازارى 2025، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رێككەوتنێكی هەشت خاڵیان واژۆكرد، كە تێیدا جەخت لە تێكەڵكردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی ئیدارەی خۆسەر لە گەڵ دیمەشق كراوەتەوە.

رێككەوتنەكە تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، راگەیاندنی ئاگربەست و مافەكانی كورد لە دەستور، ئەوەش بەپێی دەقی رێككەوتنەكە كە سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بڵاویكردووەتەوە.

خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی سوریا لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، خاڵی دووەمیش تاییەتە بەوەی كە مافە دەستورییەكانی كورد گرەنتی دەكرێت و كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا.

لەخاڵی سێیەمی رێككەوتنەكەدا، جەخت لە راگەیاندنی ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا كراوەتەوە. خاڵی چوارەمیش تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر لەچوارچێوەی سوریا لەناویاندا دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوت و غاز.

بەپێی خاڵی پێنجەمی رێككەوتنەكە، پێویستە گرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بكرێت بۆ ناوچەكانیان. هەروەها لەخاڵی شەشەمدا جەخت لە پاڵپشتیكردنی دەوڵەت كراوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی ئەسەد. خاڵی حەوتەمیش تایبەتە بە رەتكردنەوەی دابەشبوونی سوریا.

لەخاڵی هەشتەم و كۆتایی رێككەوتنەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كە لیژنە تایبەتمەندەكان پێویستە تا كۆتایی ئەمساڵ رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن.

هێرشی خێرا و داڕمانی رژێم 

هەڵمەتی رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد، لەلایەن دەستەی تەحریر شام لە 27ی تشرینی دووەمی 2024 لە نێوان هەلومەرج و گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەستیپێکرد. لەوانە جەنگی غەززە و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لە لوبنان.

جەنگەکە گۆڕانکاریی لە هاوسەنگی هێزدا دروستکرد. بەجۆرێک لە سەردەمێکدا دەستیپێکرد، کە ئێران و حزبوڵڵا ئامادەیییەکی بەرچاویان لە سوریادا هەبوو. 

پێش رووخانی رژێمی بەعس، بەپێی خەمڵاندنەکان، ئێران لە رێگەی سوپای پاسداران و هاوپەیمانەکانییەوە، هاوشانی حزبوڵڵا و چەکدارە بیانییەکان، هێزێکی سەربازیی گەورەی بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد ئامادەکرد، کە ژمارەیان لە نێوان 20 بۆ 30 هەزار چەکدار مەزەندە دەکرا.

ئۆپەراسیۆنی رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد، لە ناوچەکانی رۆژئاوای شاری حەلەبەوە دەستیپێکرد، لە ماوەی تەنها 48 کاتژمێردا سوپای بەعس زۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوا و باشووری حەلەب و رۆژهەڵاتی ئیدلبی لەدەستدا.

لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024، هێزەکانی دەستەی تەحریر شام بەتەواوەتی دەستیان بەسەر شاری حەلەبدا گرت. کە بووە گورزێکی گەورە لە سوپاکەی بەشار ئەسەد و بەناچاری بەرەو پارێزگای حەما پاشەکشەی کرد.

لە 5ی کانوونی دووەمی 2024یشدا شاری حەما کەوتە دەستی دەستەی تەحریر شام و هێزەکانی رژێمی بەعس رویانکردە دیمەشق و حومس و دەرعا و قونەیترە.

پایتەخت کەوتە ژێر فشارەوە

لە باشوری سوریا گروپە چەکدارییە خۆجییەکان بەسەرکردایەتی ئەحمەد عەودە، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ سەر هێزەکانی سوپای سوریا دەستپێکرد، لە ماوەیەکی کەمدا شاری دەرعایان لە سوپاکەی بەشار ئەسەد پاککردەوە. لە هەمان کاتدا هێرشی دەستەی تەحریر شام بۆ شاری حومس دەستیپێکرد. لە ئاکامدا سەرجەم سوپاکەی بەشار ئەسەد بۆ دیمەشق کشایەوە، کە بووە دواین قەڵای رژێمی بەعس لە سوریادا. 

لەگەڵ چڕبونەوەی هێرشەکان و گەمارۆدانی دیمەشق، لە 8ی کانونی دووەمی ساڵی 2024 هێزە هێرشبەرەکان ئازادکردنی شارەکەیان لە رژێمی بەعس راگەیاند. بەڵام پێش گەیشتنی هێزەکان بە کۆشکی کۆماری، بەشار ئەسەد بە فرۆکەیەکی روسی بەرەو مۆسکۆ هەڵات.

سەرباری رۆڵی سەرەکی گروپە چەکدارییەکانی باشوری سوریا، بەڵام ئەحمەد شەرع سوودی لە پشتیوانی میدیا عەرەبی و رۆژئاواییەکان وەرگرت و بە روخێنەری رژێمی بەشار ئەسەد ناوبرا، لە کاتێکدا دەستەی تەحریر شام لە پاشنیوەڕۆی 9ی کانونی دوەم، واتە رۆژێک پاش ئازادکردنی دیمەشق، گەیشتە پایتەخت. 

نیگەرانییەکانی ئیسرائیل و لەناوچوونی جبەخانەی سەربازی سوریا

لەگەڵ رووخانی رژێمی بەعس، ئیسرائیل ترسی هەبوو لە دەستبەسەرداگرتنی جبەخانەی سەربازی سوپای سوریا لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە. هەربۆیە لە 11ی کانوونی دووەمی 2014ەوە سوپای ئیسرائیل دەستی بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی کرد، بەجۆرێک بنکە سەربازییەکان، کۆگاکانی چەکی ستراتیجی و فڕۆکەخانەکانی کردە ئامانج. لەو ئۆپەراسیۆنانەدا زیاتر لە 90%ی جبەخانەی سەربازیی رژێمی بەعس لەناوبران.

سوریا بەبێ سوپایەکی رێکخراو

دوای ساڵێک لە رووخانی رژێمی بەعس، سوریا بەبێ دامەزراوەیەکی سەربازی کارا (سوپا، هێزە ئەمنییەکان، پۆلیس) ماوەتەوە. ئێستا گروپە چەکدارییە جیاوازەکان کۆنترۆڵی دیمەنی سەربازی سوریایان کردووە و ئەو شتە پێکدەهێنن کە پێی دەڵێن "سوپای سوریا".

سورییەکان گەیشتن بە چی؟

هەرچەندە رووخانی رژێمی بەعس لە سوریا، بۆ سورییەکان بووە مایەی خۆشی و ئاهەنگگێڕانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام ئەم دڵخۆشییە تەمەنی کورت بوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی حکومەتی کاتیی سوریا بەشوێن پێی رژێمی بەشار ئەسەدا دەڕواتەوە، ئەمەش داهاتووی وڵاتەکەی بە ناڕوونی هێشتووەتەوە، لە کاتێکدا بەهۆی سیاسەتی ئێستای دەسەڵاتی دیمەشق، ململانێ سیاسی و سەربازییەکان لە کۆی خاکی سوریادا بەردەوامە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی