شەش کاندید دووخراونەتەوە؛ کۆمسیۆن "گۆڕانکاری" لە ئەنجامى هەڵبژاردن و دابەشکردنى کورسییەکان رادەگەیەنێت

#کۆمسیۆن#ئەنجامى هەڵبژاردن
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لەدواى راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقەوە شەش کاندیدى براوە دووخراونەتەوە
  • راوێژکارى یاسایی کۆمسیۆن: دورخستنەوەى کاندیدەکان گۆڕانکاریی لەئەنجام و دابەشکردنى کورسییەکان دروستدەکەن
Primary Asset

سبەى

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق “گۆڕانکاری” لەئەنجام و دابەشکردنى کورسییەکان رادەگەیەنێت، ئەوەش بەهۆى دوورخستنەوەى ژمارەیەک کاندیدى دەرچووەوە، دواى زیاتر لە 20 رۆژ لە راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق.

حەسەن سەلمان راوێژکارى یاسایی کۆمسیۆن بە کەناڵى عێراقییەى فەرمى راگەیاند، تا ئێستا شەش کاندیدى براوە دوورخراونەتەوە، کە دواترینیان بەهۆى تانەیەکەوە بووە لەسەر کاندیدێک بەپاساوى ئەوەى مەرجەکانى کاندیدبوونى تێدا نەبووە.

 وتیشى “گۆڕانکاریی راستەقینە لە ئەنجامەکان روودەدات، بەشێک لە لیستەکان ئەو کورسییانە لەدەستدەدەن کە کاندیدە دەرچووە دوورخراوەکان بەدەستیان هێناوە”.

حەسەن سەلمان باسى لەوەشکرد، هەروەها کورسی کۆتای ژنان لە نەینەوا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و کورسییەکە دەچێت بۆ لیستێکى دیکە.

دەشلێت، دوورخستنەوەى کاندیدەکان لەسەر بنەماى ئەو تانە و سکاڵایانە کە لەسەریان تۆمارکراون و هەر تانەیەکى پێشکەشکراو لەلایەن کۆمسیۆنەوە تاوتوێدەکرێت، پێش ئەوەى دادگاى فیدراڵى ئەنجامى هەڵبژاردن پەسەند بکات.

نەجم جبورى سەرۆکى لیستى “نەینەوا لیئەهلیها” و خاوەنى زۆرترین دەنگ لەسەر ئاستى پارێزگاى نەینەوا، دوایین کاندیدى دەرچووە کە لەلایەن دەستەى دادوەرى کۆمسیۆنەوە دوورخرایەوە، بەپێی یاساى لێپرسینەوە و دادپەروەرى تایبەت بە ریشەکێشکردنى حزبى بەعسى هەڵوەشاوە.

بەپێی بڕیارەکە دەنگەکانى جبورى کە  39 هەزار و 464 دەنگ بوو دەسڕدرێتەوە، بەوەش لیستەکەى کورسییەکى پەرلەمانى لەدەستدەدات.

بڕیارەکەی دەستەی دادوەری لەکاتێکدایە، هەمان دەستە لە 26ی ئابی رابردوو بڕیاریدا دووبارە نەجم جبوری بەشداری هەڵبژاردن بکات، هەرچەندە پێشتر جبوری بە یاسای لێپرسینەوە و دادوەری دوورخستبووەوە.

بەردەوامى دوورخستنەوەى کاندیدەکان لەکاتێکدایە، دەستەی دادوەری هەڵبژاردن سەرجەم تانەكانی یەکلاکردووەتەوە كە ژمارەیان زیاتر لە 853 تانەیە و ئەنجامى هەڵبژاردن رەوانەى دادگاى فیدراڵى دەکات بەمەبەستى پەسەندکردنى.

لە 11-11-2025 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، كە هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، زیاتر لە 50% ی دەنگدەران بەشدارى پڕۆسەکەیان کرد.

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئێوارەی رۆژی دووشەممە (17ـی تشرینی دووەمی 2025) ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند.

بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 12 ملیۆن و نۆ هەزار و 453 كەس بەشداریان لە هەڵبژاردن كردووە، لەكۆی 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 دەنگدەر، بەوەش رێژەی بەشداریكردن گەیشتووەتە 56.11%.

بەپێی راپۆرتی كۆتایی هاوپەیمانی تۆڕ و ڕێكخراوە نیشتمانییەكان بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردن، رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن بەپێی كۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران 41% بووە و بەپێی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی تۆماری بایۆمەترییان نوێكردووەتەوە 55% بووە.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق هاوشێوەی هەڵبژاردنی ساڵی 2021 رێژەی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن دیاریكرد، لەسەر بنەمای تۆماری بایۆمەتری نەك لەسەر بنەمای كۆی گشتی دەنگدەران.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی