
سبەى
وەزیری دەرەوەی لوبنان رایگەیاند، ئێران لەبارەی چەکدانانی حزبوڵا دوابڕیار دەدات و لە ئێستادا لوبنان زۆر دوورە لە واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل، لەکاتێکدا سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان چەکدانان رەتدەکاتەوە.
یوسف رەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیە رایگەیاند "دوا بڕیار سەبارەت بە چەکدانانی حزبوڵا لە دەستی ئێراندایە."
رەجی کە پێشتر داوای کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری ناوخۆی لوبنان کردبوو ئاماژەى بەوەکرد، بە فەرمی ئەو بابەتەی لە پەراوێزی کۆبوونەوە ناوچەییەکان لەگەڵ عەباس عەراقچی هاوتا ئێرانییەکەی وروژاندووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان لە ئێستادا حزبوڵڵا هەوڵدەدات لە ڕێگەی کڕینی کات و بنیاتنانەوەی هێزی ناوخۆیی خۆی پێگەکەی بەهێز بکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی لوبنان: پێویستە چەک تەنها لەدەست حکومەت دا بێت
رەجی بە ئاماژەدان بە فشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت بۆ چەکداماڵینی حزبوڵا جەختیشی کردوەتەوە لەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنها کاتێک لوبنان بە جددی وەردەگریت کە چەک تەنها لەدەست حکومەت دا بێت.
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی لوبنان لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ باڵوێزی 15 وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر پێویستی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل کردووەتەوە و رایگەیاندوە "ئیسرائیل دەبێت هێرشەکانی ڕابگرێت و دەستبەجێ و بێ مەرج لەو بەشانە لە خاکی لوبنان بکشێتەوە کە داگیری کردووە".
"سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان چەکدانان رەتدەکاتەوە"
رەجی ئەوەشی خستووەتە روو کە لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە پابەندی حکومەت کردوەتەوە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی لە سەرانسەری خاکی لوبنان و دووپاتیشیکردوەتەوە کە حکومەت بە تەنیا بەرپرسیارە لە بەرگریکردن لە وڵات.
لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی لوبنان لە کاتێکدایە کە نەعیم قاسم سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان جارێکی دیکە لە وتارێکیدا بە تەواوەتی دژی چەکداماڵینی تەواوەتی گرووپەکەی وەستایەوە.
سکرتێری گشتی حزبوڵا لە وتارەکەیدا راشیگەیاندوە “دەیانەوێت قەناعەتمان پێبکەن کە بابەتەکە تەنها بۆ چەکداماڵینی حزبوڵا دەگەڕێتەوە و دواتر دۆخی لوبنان چارەسەر دەبێت؟ وا نییە، چونکە پڕۆژەی دوژمن زۆر لەوە زیاترە کە هەندێک لایەن وا خۆیان نیشان دەدەن”.
وەزیری دەرەوەی لوبنان: تواناکانی حزبوڵا لە ئاست بانگەشەکانیدا نییە
لەبەرامبەر ئەم لێدوانانەدا رەجی ڕەخنەی توند لە حزبوڵڵا دەگرێت و رایدەگەیەنێت کە ڕووداوەکانی ئەم دواییە سەلماندوویانە کە حزبوڵڵا وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات نە توانای پشتیوانی غەززە، نە توانای ڕزگارکردنی قودس و نە توانای بەرگریکردنی لە لوبنانی هەبووە و بەپێچەوانەوە تووشی شکستێکی گەورە بوو.
راوێژکاری باڵای ڕێبەری ئێران: بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی حزبوڵڵا و بەرەی مقاوەمە
رەخنەکانی وەزیری دەرەوەی لوبنان تەنها بە حزبوڵڵادا سنوردار نییە، بەڵکوو وەڵامێکە بۆ لێدوانەکانی عەلی ئەکبەر ویلایەتى ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی و عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کە لە لێدوانی جیادا جەختیان لەسەر پێویستی بوونی حزبوڵڵا لە لوبنان کردەوە و ڕایانگەیاند کە حکومەتی ئێران "بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی حزبوڵڵا و بەرەی مقاوەمە و بەردەوامیش دەبێت، بەڵام دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبنان ناکات".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە لوبنان لە دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە یەکێک لە ئاڵۆزترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت، هێرشێک کە کاردانەوەی توندی ئیسرائیلی بەدوای خۆیدا هێنا و لە ئەنجامدا بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و فەرماندەکانی حزبوڵڵا، لەنێویاندا حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفی ئەلدینی جێنشینی.
وەزیری دەرەوەی لوبنان: لوبنان زۆر دوورە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل
لە ئێستادا حکومەتی لوبنان لەژێر فشاری ئەمەریکا و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ واژۆکرا ڕازی بوو بە جێبەجێکردنی پلانێک بۆ داماڵینی چەک لە حزبوڵای لوبنان، پلانێک کە کاردانەوەی توندی گروپەکە و تارانی لێکەوتەوە و بە توندی لەلایەن ئەو دوو لایەنەوە رەتکرایەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکانی بۆ سەر حزبوڵڵا زیاد کردووە و ئەو گرووپەی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کردووە، بەڵام سەرەڕای بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان و دژایەتی حزبوڵڵای لوبنان بۆ پلانی داماڵینی چەک، وەزیری دەرەوەی لوبنان هیوای بە لیژنەی چاودێریی ئاگربەست هەیە و گەشبینی خۆیشی بە بوونی کەسایەتییەکی مەدەنی لە لیژنەکە دەربڕی، بەڵام سەرەڕای ئەمانە جەختی لەوە کردەوە، "لە ئێستادا لوبنان زۆر دوورە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل".
