سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی زیندانی سیاسیی كوردی رۆژهەڵات هەڵوەشایەوە

#وریشە مورادی#ئێران#رۆژهەڵاتی کوردستان
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • دادگای باڵای ئێران سزای سێدارەدانی وریشە مورادی بەندكراوی سیاسیی كوردی خەڵكی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر دووبارە رەوانەی هەمان لقی دادگاكەی كردەوە كە پێشتر سزای لەسێدارەدانەكەی پەسەند كردبوو.
  • وریشە مورادی لە یەكی ئابی ساڵی 2023 لە رێگەی مەریوان بۆ سنە دەستبەسەر و دواتر بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان( پژاك) سزای سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.
Primary Asset

وریشە مورادی

سبەی

دادگای باڵای ئێران سزای سێدارەدانی وریشە مورادی بەندكراوی سیاسیی كوردی خەڵكی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر دووبارە رەوانەی هەمان لقی دادگاكەی كردەوە كە پێشتر سزای لەسێدارەدانەكەی پەسەند كردبوو. 

وریشە مورادی لە یەكی ئابی ساڵی 2023 لە رێگەی مەریوان بۆ سنە دەستبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان( پژاك) سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.

ناوەندی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە: دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی، بەندكراوی سیاسیی كوردی بەهۆی كەموكوڕی لە لێكۆڵینەوەكاندا هەڵوەشاندەوە.

لای خۆیەوە مستەفا نیلی، پارێزەری ئەو زیندانییە سیاسییە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیویەتی:" دوای پێداچوونەوە بەو تانەیەی كە لە دادگای باڵا لە دژی وریشە مورادی تۆماركرا، دادگاكە دواجار بەهۆی كەموكوڕی لە لێكۆڵینەوەكان و پابەندنەبوون بە رێكارە یاساییەكان بڕیاری لەسێدارەدانی ئەم زیندانە سیاسییە كوردە كە پێشتر لەلایەن لقی 15ی تارانەوە دەرچوبووی هەڵوەشاندەوە و دۆسییەكەی بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر بۆ هەمان لق بەڕێكرایەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە، رۆژی یەكی ئابی ساڵی 2023 وریشە مورادی لە رێگەی كرماشان بۆ سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە رفێنرا و دواتر لە 17ـی حوزەیرانی 2024 لە لایەن لقی 15ـی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆكایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی "باغی" لە رێگەی ئەندامبوون لە پارتی ژیانەوەی ئازادی كوردستان(پژاك) دادگایی كرا و لە 10ـی تشرینی دووەمی 2024 سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

دوو جار نامەی نوسیوە

وریشە تا لە زیندان بوو دووجار نامەی بۆ ڕای گشتیی نوسیوە، ئەو بەمشێوەیە لە یەكێك لە نامەكانیدا باس لە دەستگیركردنی دەكات:" من وریشە مورادی لە مانگی ئابی 2023 كاتێك لە ڕێگەی كرماشانەوە دەچووم بۆ سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە دەستبەسەر و لە زیندانی 209ـی زیندانی سنە و زیندانی ئەڤین بۆ ماوەیەك لێپرسینەوە و ئەشكەنجە دراوم".

وریشە هەروەها نوسیویەتی:" لە 27ـی كانوونی دووەمی 2023 منیان خستە بەشی 209، من ئەشكەنجەم ئەزموون كردووە و ئازاری ئەو ژنانە دەزانم كە تووشی سەختی دەبنەوە، كاتێك لە بەشی ژنان بووم، لەگەڵ ئەو ژنانەدا بەركەوتنم هەبوو كە چەندین چیرۆكی سەختیان هەبوو، من لەگەڵ ژنانم و هەموو ساتێك لەگەڵ ئەو ژنانەدا بەسەر دەبەم كە قوربانی زهنیەتی پیاوسالارن، ئێمە ئەوانەین كە لەم سیستمە یاخی دەبین و دژی سیاسەتەكانی هەراسانكردن و كوشتنی ژنان تێدەكۆشین".

ماددەكەی بۆ گۆڕدرا

سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی لەكاتێكدایە، پێشتر لە سزانامەكەیدا داوای جێبەجێكردنی ماددەی 288 ی یاسای سزادانی ئیسلامی كرابوو، كە سزاكەی 15 ساڵ بەندكردنە، بەڵام دادوەری دۆسیەكەی بەپێی ماددەی 287 ی هەمان یاسا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.

ئەندامی رێكخستنی كژار بووە

وریشە مورادی ئەندامی رێكخستنی "كژار" بووە كە رێكخستنێكی تایبەت بە ژنانە و نزیكە لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "پژاك" كە ئەویش پارتێكی كوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە.

هەمان رۆژی دەستگیركردنەكەی “كژار”  هەواڵی دەستبەسەركردنی ئەم ئەندامەی خۆی لە كاتی ئەنجامدانی چالاكیی "سیاسی و رێكخستنی ژنان" لە كوردستاندا راگەیاندبوو و داوای لە رێكخراوە جیهانییەكانی داكۆكیكار لە مافەكانی مرۆڤ كردبوو لە ئاست "بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ" و "سیناریۆسازیی دامودەزگا ئەمنییەكان"دا دژ بەم چالاكە سیاسییە بێدەنگ نەبن".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی