دەزگای ئاسایشی هەرێم و ئاسایشی نیشتمانی عێراق؛ دوو بازرگانی تورك بە كیلۆیەك كریستاڵەوە لە سلێمانی دەستگیر دەكەن

#ماددەی هۆشبەر#عێراق#هەرێمی کوردستان#سلێمانی#ئاسایش
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنیی، لە رۆژانی رابردوودا، بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی دوو بازرگانی بە رەچەڵەك توركیان دەستگیركردووە.
  • بەپێی راپۆرتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت ماددە هۆشبەرەكان (UNDOC) لە هەرێمی كوردستان تا ساڵی (2003) هیچ حاڵەتێكی بەكارهێنان و بازرگانیكردنی ماددە هۆشبەرەكانی تێدا نەبووە.
Primary Asset

لۆگۆی هەردوو دەزگای ئاسایشی هەرێم و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق

سبەی

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنیی، لە رۆژانی رابردوودا، بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی دوو بازرگانی بە رەچەڵەك توركیان دەستگیركردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنیی بۆ "سبەی" ئەو دوو بازرگانە توركە، لە پرۆسەیەكی هاوبەشی نێوان دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی دەستگیركراون.

وەك سەرچاوە ئەمنییەكە ئاماژەی پێدا، ئەو دوو بازرگانە یەك كیلۆ ماددەی كریستاڵی هۆشبەریان پێبووە و ویستوویانە بەرەو پارێزگای نەجەف لە باشوری عێراقی بنێرن.

رۆژی 25 ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رایگەیاند: لەماوەی سێ ساڵدا توانیویانە 1200 تۆڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بۆ بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر هەڵبوەشێننەوە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی 14 تۆن ماددەی هۆشبەر.

بەكارهێنەر كەمیكردووە و بازرگان زیادیكردووە

نزیكەی شەش مانگ لەمەوبەر و لە ساڵڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان كە دەكاتە 26-6 ی هەموو ساڵێك، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی پێشووی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:"نزیكەی نیو تۆن ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر كەمترن، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر زیادیكردووە، هێزەكانمان هەوڵیانداوە نەهێڵن هەرێمی كوردستان بكرێتە ناوچەیەكی ترانزێت بۆ ماددەی هۆشبەر و بازرگانان بەكاریبهێنن".

وتەبێژی پێشووی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان وتیشی " ئەمساڵ توانیومانە چەندین بازرگان دەستگیربكەین و نزیكەی 100 بازرگانی نێودەوڵەتیش دەستگیر بكەین، توانیومانە لەگەڵ دەرەوەی كوردستانیش بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگی بكەین".

تەنها لە ساڵی 2024 لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەزار بەكارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون، ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی راپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتووەكان تا ساڵی 2003 بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان نزیكبووە لە ئاستی سفر.

لە سفرەوە بۆ تۆن

بەپێی راپۆرتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت ماددە هۆشبەرەكان (UNDOC) لە هەرێمی كوردستان تا ساڵی (2003) هیچ حاڵەتێكی بەكارهێنان و بازرگانیكردنی ماددە هۆشبەرەكانی تێدا نەبووە.

هەروەها بەپێی ئاماری دەزگا ئەمنییەكانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆك) كە پێشكەش بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت ماددە هۆشبەرەكانیان كردووە، لە ماوەی ساڵانی (2019–2023)، بەردەوام قەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەكان رووی لە هەڵكشانە، بەجۆرێك؛ كۆی ماددەكانی (حەشیش، تریاك، هیرۆین، كریستاڵ، كیپتاگۆن)ی دەستبەسەرداگیراو لە ساڵی (2019) تەنها (206) كگم بووە، بەڵام لە ساڵی (2023) گەیشتووە بە (2 تەن و 708 كگم). 

ئێستا هەرێمی كوردستان جگە لە بەكاربەر و بەرهەمهێن، بووە بە ڕێڕەوەی هەناردەكردنی ماددەی هۆشبەر و لە سەر نەخشەی جیهانی وەك ڕێڕەوێكی مەترسیدار ئاماژەی بۆ دەكرێت.

قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان

عێراق بە زیاتر لە سێ هەزار و 637 كیلۆمەتر سنوری وشكانی لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی (ئێران، ئوردن، كوەیت، سعودییە، سوریا و توركیا) هەیە، بەپێی راپۆرتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت ماددە هۆشبەرەكان (UNDOC) كە لە مانگی (كانوونی دووەمی 2024) بڵاوی كردووەتەوە، جگە لەوەی ئەم وڵاتە پێگەیەكی ستراتیجی هەیە، وەك رێڕەوی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكان و گرێدانی باشوری رۆژئاوای ئاسیا و نیمچە دورگەی عەرەبی و ئەوروپا پێكەوە، وایكردووە ئەم ناوچەیە تەنها وەك پردێكی بارزگانی (نێوان بەرهەمهێنەران و بەكاربەران) نەمێنێتەوە، بەڵكو خۆی بووە بە ناوچەی بەرهەمهێن و هەناردەكار و تەنانەت بەكاربەریش، بوونی رێژەی بێ شوماری ماددە هۆشبەرەكانیش گەواهی ئەو راستییەن.

لە پێنج زیندانی یەكێكیان لەسەر ماددەی هۆشبەرە

بەپێی ئامارەكان، زیاتر لە پێنج هەزار و 700 زیندانیكراو لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان دا هەن، لەو ژمارەیە هەزار و 527 تۆمەتباری مادەی هۆشبەر سزادراون كە دەكاتە یەك لەسەر پێنجی كۆی سزادراوان و زیاتر لە 800 كەسیان بازرگانن. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی