
سبەی
نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2023 لە شاری مەشهەد و لە پەراوێزی ڕێوڕەسمێکدا دەستگیرکرا، بە گوێرەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، نێرگز محەمەدی دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ رێوڕەسمەکە و لە ڕێگەی بەکارهێنانی توندروتیژییەوە دەستگیرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کۆمیتەی ئاشتی نۆبڵ لە راگەیەندراوی جیادا دەستگیرکردنی نێرگز محەمەدییان ئیدانە کرد و نیگەرانی جدی خۆیان سەبارەت بە باری تەندروستی ئەو براوەیەی نۆبڵی ئاشتی دەربری.
بە گوێرەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی ئێران و جیهان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراوەتەوە رۆژی هەینی (12ـی کانوونی یەکەمی 2025) نێرگز محەمەدی چالاکی سیاسی و مەدەنی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2023 دوابەداوی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر رێوڕەسمی یادکردنەوەی خوسرەو عەلی کوردی پارێزەری خەڵکی مەشهەد کە بەشێوەیەکی گوماناوی لە رۆژانی رابردوو گیانی لەدەستدا، دەستگیرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بە دەستبەسەرکردنی سپیدە قولیان چالاکێکی دیکەی سیاسی و مەدەنی و دەیان کەسی دیکە کە لە رێورەسمەکەدا ئامادەبوون، کردوە.
قائیمقامی مەشهەد: نێرگز محەمەدی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی دەستگیرکراوە
لای خۆیەوە قائیمقامی مەشهەد وێڕای پشتراستکردنەوەی دەستگیرکردنی ئەم چالاکە سیاسییانە رایگەیاندوە، دەستبەسەرکراوەکان بە شێوەیەکی کاتی و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجامدراوە.
هاوکات حەسەن هێمەتی فەرد، داواکاری گشتی مەشهەد، هەواڵی دەستگیرکردنی نێرگز محەمەدی و حەوت کەسی دیکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "ئەم دەستگیرکردنە لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی پرسەی خوسرەو عەلی کوردی لە مەشهەد ئەنجامدراوە".
ئەمەریکا: پێویستە دەستگیرکراوەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا کە لە لاپەری فارسی وەزارەتەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندوە: هەزاران کەس لە رێورەسمی حەوتەمین رۆژی گیانلەدەستدانی خوسرەو عەلی کوردی لە شاری مەشهەد دەستگیرکراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، نێرگز محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵ و ژمارەیەک چالاکوانانی دیکە لەوانەش سێپیدە قولیان و چەندین کەسی دیکە، لە مەراسیمەکەدا بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەرکراون.
وەزارەتەکە لە درێژەی پەیامەکەیدا خوازیاری ئازادکردنی دەستبەجێی دەستبەسەرکراوەکانی کردوە و رایگەیاندوە کە دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکوانان ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی هیچ شتێک لای کۆماری ئیسلامی پیرۆز نییە و تەنانەت لە پرسە و ماتەمینیشدا دەستبەرداری دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی نابێت".
کۆمیتەی نۆبڵ: نێرگز محەمەدی داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی مرۆڤە
هەر لەبارەی دەستگیرکردنی نێرگز محەمەدی، کۆمیتەی نۆبڵ لە بەیاننامەیەکدا وێڕای دەربرینی نیگەرانی قوڵیان سەبارەت بە دەستگیرکردنەکە رایانگەیاندوە نێرگز محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2023، داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی مرۆڤ، ئازادیی ڕادەربڕین و پەرەپێدانی دیموکراسییە لە ئێران.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لیژنەی نۆبڵ داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات دەستبەجێ شوێنی راگیرانی نێرگز محەمەدی بۆ دڵنیابوونەوەی سەلامەتی و تەندروستیەکەی ئاشکرا بکەن".
نێرگز محەمەدی لە چالاکی بۆ مافی مرۆڤ تا بردنەوەی نۆبڵی ئاشتی
نێرگز محەمەدی ساڵانێکی زۆرە وەک داکۆکیکارێکی مافی مرۆڤ و ژنان چالاکی دەکات و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار دەستگیرکراوە و بە تۆمەتی وەک "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" یان "هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی" سزا دراوە.
بە گوێرەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە چەندین دۆسییەدا زیاتر لە دەیان ساڵ زیندانیکردنی بەسەر نێرگز محەمەدی سەپێندراوە و تا ئێستا زیاتر لە هەشت ساڵی تەمەنی لە زینداندا بەسەر بردووە، لە دوایین دۆسییەشدا بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادراوە بە هۆی ناجێگیری باری تەندروستی بە شێوەی کاتی ئازادکرابوو.
