
سبەی
لە سەردەمی نوێدا، زۆرینەی کایەکانی ژیان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، لە نێویدا کایەی جەنگ و سیخوڕی. لە شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێراندا، ئەوەی دەستی ئیسرائیلی واڵا کرد، سیخوڕە ناوخۆییەکانی ئێران بوون، هەروەها لە شەڕی ئۆکراینا و روسیادا، ئەوەی دەستی ئۆکراینای بۆ ئۆپەراسیۆنی مێژووی تۆڕی جاڵجاڵۆکە درێژکرد، دوو کەسی دانیشتووی روسیا بوون. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمەریکی راپۆرتێکی لەسەر گۆڕانکاریی شەڕی سیخوڕی کردووە کە چۆن ئیسرائیل و ئۆکراینا سەرمەشقی ئەو داهێنانەن.
وەک لە راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا هاتووە، ئیسرائیل و ئۆکراینا گۆڕانکارییەکی ریشەییان بەسەر شەڕی سیخوڕیدا هێناوە، ئەوەش بە هاوکاری سیخوڕی ناوخۆیی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.
پێشتر بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی سیخوڕی، دەبوو سیخوڕەکان لە خاکی دوژمندا چالاکییەکانیان ئەنجامبدایە، ئەوەش بە سیخوڕی ئاستبەرز و پێشکەوتوو دەکرا، هەلی ئاشكرابوونی سیخوڕەکان و ئەو وڵاتەی لە پشت کارەکەوەیە زیاتر دەکرد و دەبووە هۆی کێشەی دیپلۆماسی گەورە لە نێوان وڵاتاندا.
وۆڵ ستریت نموونەی چالاکییەکەی سیخوڕی ئیسرائیلی باسکردووە کە لە 2010 کاتێک سیخوڕە ئیسرائیلییەکان بە پاسپۆرتی ساختەوە دەچنە شاری دوبەی ئیمارات بۆ کوشتنی مەحمود مەبعوس، دامەزرێنەری کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازی حەماس. هەرچەندە سیخوڕە ئیسرائیلییەکان سەرکەوتووبوون لە کوشتنی مەبعوس، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لەلایەن دەزگا ئاسایشییەکانی ئیماراتەوە ئاشکرا بوو کێ لە پشت کوشتنەکەوەیە، ئەوەش بووە هۆی کێشەیەکی گەورەی دیپلۆماسی لە نێوان ئیمارات و ئیسرائیل.
بۆ دوورکەوتنەوە لە رووداوی هاوشێوە، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ناسراو بە مۆساد، تەکنیکێکی نوێیان داهێناوە. تەکنیکەکەش خۆی دەبینێتەوە لە بەکرێگرتنی کەسانی دیکە بۆ ئەنجامدانی چالاکی لە بری مۆساد، بەڵام بە سەرپەرشتی و هەماهەنگی لەگەڵ مۆساد، بەپێی راپۆرتەکەی وۆل ستریت جۆرناڵ.
بۆ ئەو مەبەستە، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ساڵانێکی زۆر سەرقاڵی بەکرێگرتنی کەسانی نیشتەجێی ئێران بوون بۆ چالاکییەکانی. ئەو هەنگاوەش سەرکەوتوو بووە.
لە ئەو رێگەیەوە توانیان، لە 2018 لە رێگەی تیمێکی ناوخۆیی ئێرانەوە نزیکەی 50 هەزار پەڕە و 183 دیسکی کۆمپیتەر لە ئەرشیڤی ئەتۆمی ئێران بدزن و بیگەیەنن بە ئیسرائیل. هاوشێوەی ئەوەش مۆساد هەر لە رێگەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووەوە لە 2010، توانی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمی و یەکێک لە بەرپرسانی سەرەکی زانستی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بکوژێت، کردەوەکە لە رێگەی چەکێکی خۆکار بە یارمەتی زیرەکی دەستکرد ئەنجامدرا. دواتر لە شەڕی 12 رۆژەدا، ئیسرائیل توانی لە رێگەی سیخوڕی ئێرانی و پەنابەرانی وڵاتانی دیکە، سیستمی بەرگریی ئێران تێکبشکێنێت و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەتۆمی بکوژێت، ئەوەش کارێکی بێپێشینە بوو لە جیهانی سیخوڕیدا.

ئۆتۆمبێلەکەی فەخریزادە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل
سەبارەت بە ئەو جۆرە نوێیەی سیخوڕی، ئیال تسیر کۆهین، بەرپرسی باڵای پێشووی هەواڵگری ئیسرائیل، قسەی بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە و دەڵێت: "ئەو ئۆپەراسیۆنە جۆرێکە لە درێژکردنی دەست ... رێگەدەدات لە دوورەوە ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجام بدەیت و دواتر نکۆڵی لێببکەیت، هەروەها سیخوڕەکانیشت لە ئاشكرابوون و دەستگیرکردن بپارێزیت."
ئۆپەراسیۆنی تۆڕی جاڵجاڵۆکەی ئۆکراینا
"هیچ وڵاتێک نەیتوانیوە وەک ئۆکراینا وانە لە ئۆپەراسیۆنە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل وەربگرێت،" وۆڵ ستریت جۆرناڵ نوسیویەتی.
رۆژی یەکی حوزەیرانی 2025، ئۆکراینا هێرشێکی درۆنیی بێپێشینەی بۆ سەر ژمارەیەک فڕۆکەخانەی سەربازیی روسیا ئەنجامدا، بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆری فڕۆکەی جەنگی و شەڕکەری روسیا لەناوبران.
دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا، زیاتر لە ساڵ و نیوێک بوو پلانی هێرشەکەی داڕشتبوو، ئەویش لە رێگەی ژمارەیەک بارهەڵگرەوە دەیان درۆنی هەڵگری موشەک و خۆکوژی گەیاندە قوڵایی خاکی روسیا و لەناو دارستان و ناوچەکانی نزیک فڕۆکەخانەکان ئامادەی کردن.
بەپێی راپۆرتە سەربازی و هەواڵگرییەکان، هێرشەکە چوار بنکەی سەربازیی روسیای کردە ئامانج و بەهۆیەوە 41 فڕۆکەی جەنگی روسیا تێکشکێنران، دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئۆکراینا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاوی کردەوە، زیاتر لە سێیەکی توانای ئاسمانیی روسیایان لەناوبردووە و زیانی 7 ملیار دۆلاریان پێگەیاندووە.
هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا بۆ سەر پێنج ناوچەی جیاوازی روسیا بووە. فڕۆکەخانەی ئۆلینیا، لە هەرێمی مەرمانسک، فڕۆکەخانەی بێلایا لە هەرێمی ئارکوتسک، ناوچەی ئیڤانۆڤۆ، ریازان و ئامور.

پڕۆسەی تۆڕی جاڵجاڵۆکە، ناوچەی ئارکوتسکی روسیاشی بە ئامانجگرت کە زیاتر لە 4300 کیلۆمەتر لە سنوری ئۆکرایناوە دوورە، بە یەکەم هێرشی لەو شێوەیە دادەنرێت توانیویەتی ناوچەیەکی دوور لە سنورەکانەوە بکاتە ئامانج، کە لە توانادا نییە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی بالیستییەوە بکرێنە ئامانج.
ئۆپەراسیۆنەکە چۆن ئەنجامدرا؟
بە وتەی ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، هێرشەکە 18 مانگ پلانی بۆ دانرابوو. لە ئەنجامی هێرشەکە لە قوڵایی خاکی روسیا 41 فڕۆکەی روسیا تێکشكێندرا.
هێرشەکە لەڕێگەی 117 درۆنەوە ئەنجامدرا، درۆنەکان لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە برانە ناو قوڵایی خاکی روسیا. لە نزیک فڕۆکەخانەکان لە بارهەڵگرەکانەوە درۆنەکان هەڵفڕێندراون و هێرشەکانیان ئەنجامدا.
ئۆپەراسیۆنەکە لە رێگەی دوو هاوسەرەوە بە ناوەکانی ئارتیم تیمۆفیێڤ و کاترینا تیمۆفیێڤ-ەوە لە خاکی روسیا پلانی بۆ داڕێژرا بوو.

ئارتیم تیمۆفیێڤ و کاترینا تیمۆفیێڤ
وەک لە راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا هاتووە، دوو هاوسەرەکە دووکانێکی تاتۆیان هەبووە و پیاوەکە خۆی وەک هونەرمەندێکی راپ ناساندووە، بەڵام لە راستیدا سەرقاڵی کارێکی دیکە بوون، ئەوەش باشترین رێگەیە بووە بۆ تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگەکە و شاردنەوەی ئەوەی لە راستیدا سەرقاڵی ئەنجامدانین.
لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی هاوشێوەدا، بەپێی راپۆرتێکی پێگەی تەلەگرافی بەریتانیا، ژنە ئەفسەرێکی ئۆکراینی بۆ ئاشکراکردنی شوێنی سەربازانی روسیا پشتی بە ئەپڵیکەیشنێکی ژوان بەستنی عاشقانە بەستووە.
ژنە ئەفسەرەکە لە رێگەی زیرەکی دەستکردەوە، وێنەی ژنێکی دروست کردووە، دواتر هەر بەپشتبەستن بە زیرەکی دەستکرد قسەی لەگەڵ سەربازە روسییەکان کردووە و شوێنەکانی ئاشکرا کردوون لە رێگەی ناردنی وێنەی خۆیانەوە، دوای ئاشکراکردنی شوێنەکانیان، لەلایەن هێزەکانی ئۆکرایناوە بە ئامانجگیراون.
وڵاتانی دیکە لە رێگەی هاندانی پارەوە سیخوڕەکان بە کرێدەگرن، بەڵام ئیسرائیل و ئۆکراینا زیاتر پشت بە هاندانی ئایدیۆلۆژی دەبەستن بۆ بەکرێگرتنی سیخوڕەکانیان، چەوساندنەوەی کەمینەکان، هەژاری و گەندەڵی لە روسیا و ئێران دوو فاکتەری دیکەن بۆ بە ئاسان بەکرێگرتنی سیخوڕەکان لە روسیا و ئێران.
