
سبەی
فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند: هەڵوێستی وڵاتانی دەوروبەر بەرامبەر هەسەدە و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا گۆڕاوە، هیوادارین پێش ساڵی نوێ بە گەیشتن بە رێککەوتنێکی سەربازی مژدە بدەین بە سورییەکان، هەنگاوی سیاسی و ئیداریی دیکەش هەن کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە، بەڵام ئەمانە کاتی دەوێت".
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە مەراسیمی دە ساڵەی دامەزراندنی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و ساڵیادی روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە شاری حەسەکە رایگەیاند: روخانی رژێمی بەشار ئەسەد قۆناغی یەکەمی شۆڕش بوو، دڵخۆشی سورییەکان لە بەدیهێنانی داواکاریی و ئاواتەکانیان بەدیدەهێنرێت، کە ئامانجیان روخانی رژێم و دروستکردنی سیستمێکی نوێ بوو لەسەر بنەمای ئازادی، گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕش.
ئاماژەی بەوەکرد، رژێمی بەعس رژێمی سەرکوتکار و یەکڕەنگ بوو، بە روخانی ئەو رژێمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرفەتێکی نوێیان بە سوریادا بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لەسەر ئاستی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێت، ئەوەی سوریا دەخاتە پێگەی خۆی یەکگرتوویی بەرەی ناوخۆی سورییەکانە.
سەبارەت بە رێککەوتنی 10ـی ئازار، مەزڵوم عەبدی رایگەیاند: بۆ ئەوەی بگەین بە سوریایەکی نوێ لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و لەگەڵ حکومەتی کاتی پەیوەندییەکان دروست بکەین لەسەر بنەمای راگرتنی شەڕەکان سەقامگیری بەدیبهێنین، بە پاڵپشتی هاوبەشەکانمان ژمارەیەک دیدار ئەنجامدرا و دواجار رێککەوتنی 10ـی ئازاری لێکەوتەوە.
ئاماژەی بەوەکرد، رێککەوتنی 10ـی ئازار بنەمای سوریایەکی نوێیە، خاڵەکانی رێککەوتنەکە بنەمای مێژوییە بۆ هێزی سوریا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوچەکە پاڵپشتی ئەو رێککەوتنە دەکەن، هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری زیاتر لە هەموو کەس پابەندن بە رێککەوتنەکە، لەبەرئەوەی بە بنەمای سوریای نوێی دەزانن.
فەرماندەی گشتی هەسەدە جەختی کردەوە، چەندین ئاڵنگاری هەن، سوریای لەدەرەوەی شەڕە، بەڵام ترس لە شەڕی نوێ هەیە، گوتاری رقئامێز هەیە، کەسانێک هەن نایانەوێت ئەو رێککەوتنە سەربگرێت، بەڵام ئێمە سورین لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بە هەماهەنگی هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گەلی کورد لە بەشەکانی دیکە و گەلانی ناوچەکە بەسەرجەم پێکهاتەکانییەوە.
ووتیشی: "قۆناغەکە ئاسایی نییە، بەڵکو هەستیارە، پێشکەوتن هەیە، وڵاتانی دراوسێ کە پەیوەستن بە رێککەوتنەکە وەک پێشوو دوژمنایەتی ناکەن، بوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات پاساوێک نییە بۆ شەڕ، ئێمە ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئازار، رێککەوتنەکەی چوارچێوەیەکە بۆ کارکردنی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، شاندەکان بە ووردی دانوستان لەسەر پرسەکان دەکەن".
مەزڵوم عەبدی هیوای خواست پێش کۆتایی ئەمساڵ مژدە بدەن بە سورییەکان لەبارەی رێککەوتنی سەربازییەوە، هەنگاوی دیکەی سیاسی و کارگێڕی هەیە پەیوەست بە کورد ئەوانەش کاتیان دەوێت.
جەختی کردەوە، لە روی کارگێڕییەوە پێکهاتەکانی رەقە و دێرەزور و حەسەکە مافی ئەوەیان هەیە ئایندەی وڵاتەکەیان بەدەستی خۆیان بێت، خۆیان بەڕێوەببەن، قۆناغێکی نوێ لەبەردەمدایە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ دیمەشق، پێویستە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پێکەوە کاربکەن و داواکاریی گەلەکەمان روون بێت.
فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند: پارتە کوردییەکان و پارتە نەتەوەییەکان ماوەیەکی زۆرە خەبات دەکەن بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان، لە رێککەوتنی 10ـی ئازار ئەوە رەنگیداوەتەوە، بەڵام پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستور هەیە، بۆ ئەوەی کورد و پێکهاتەکانی دیکە مافی دەستوری خۆیان وەربگرن لە دەستوری نوێدا.
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانکاریی گەورە بەرێگاوەیە، تێکەڵبوون زۆر شت دەگۆڕێت، سەرەتا لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و پارتە سیاسییەکانەوە، ئەوەش دەرفەتە بۆ پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا مەرجەعێکی بەهێزیان هەبێت بۆ ئەوەی هەنگاو بۆ قۆناغی نوێ بنێن و خراپییەکان تێپەڕێنن، قۆناغێکی نوێ بۆ بونیاتنانەوەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێبکرێت ببێتە نموونە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی دیکە.
