بە مەترسییەکی زیاترەوە؛ لە هەرێمی کوردستان چۆن جگەرە ساختە دەکرێت و بۆ پارێزگاکانی عێراق دەنێردرێت؟

#جگەرە#ساختە#عێراق#هەرێم
2 ڕۆژ لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • ماڵپەڕی "عالەم جەدید" راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا هاتووە: بەپێی زانیاری سەرچاوە ئاگادارەکان، بەشێک لەو جگەرانەی کە بەشێوەیەکی فەرمی هاوردەدەکرێن و مارکەی ناسراوی جیهانین، تێکەڵ بەو جگەرانە دەکرێن، کە بە قاچاخ لە رێگەی تۆڕی قاچاخچییەکانەوە دەگات بە دەستی باندەکانی ساختەکردن و بازرگانیکردن بە جگەرەوە.
  • هەموو جۆرەکانی جگەرە لە رووی تەندروستییەوە مەترسیدارن. بەڵام مەترسیدارترینیان ئەو جگەرە ساختانەن، کە بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ چاودێری دروستکراون و سەرچاوەکانیان نادیارە.
Primary Asset

سبەی

بەپێی راپۆرتی میدیایەکی عەرەبی، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بوونەتە بازاڕێکی نایاسایی بۆ ساغکردنەوەی جگەرە، کە هەندێکیان هاوردەدەکرێن، بەڵام هەندێکی دیکەیان جگەرەی ساختەن و لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن.

ماڵپەڕی "عالەم جەدید" راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا هاتووە: بەپێی زانیاری سەرچاوە ئاگادارەکان، بەشێک لەو جگەرانەی کە بەشێوەیەکی فەرمی هاوردەدەکرێن و مارکەی ناسراوی جیهانین، تێکەڵ بەو جگەرانە دەکرێن، کە بە قاچاخ لە رێگەی تۆڕی قاچاخچییەکانەوە دەگات بە دەستی باندەکانی ساختەکردن و بازرگانیکردن بە جگەرەوە. 

جگەرە بە مەترسییەکی زیاترەوە

هەموو جۆرەکانی جگەرە لە رووی تەندروستییەوە مەترسیدارن. بەڵام مەترسیدارترینیان ئەو جگەرە ساختانەن، کە بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ چاودێری دروستکراون و سەرچاوەکانیان نادیارە.

لە ئێستادا نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، پڕن لەو نەخۆشانەی بەدەست نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی سییەکانەوە دەناڵێنن. ئەو نەخۆشانە قوربانی ئەو بازرگان و بەرهەمێنەر و قاچاخچیانەن، کە ئاسانکاریان بۆ دەکرێت.

عەلی حەمەساڵح کە ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە دەڵێت، "لایەنە دەسەڵاتدارەکان، جگە لە دروستکردن و ساختەکردنی جگەرە، کەلوپەل لە نێویاندا جگەرە بە بێ پێدانی باج دەهێننە هەرێمی کوردستان".

عەلی حەمەساڵح بە پێگەی عالەم جەدیدی راگەیاندووە:" چەند مانگێکە داهاتی باجی جگەرە نەماوە و هیچ داهاتێکی بازرگانیی جگەرە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی هێنانی جگەرە بە بێ تێپەڕبوون بە مەرزە فەرمییەکان بەردەوامە، جگە لە بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی براندە جیهانییەکانی جگەرە لە ناوخۆدا، بەسودی لایەنە دەسەڵاتدارەکان".

لە راپۆرتەکەی عالەم جەدیدا هاتووە: عەلی حەمە ساڵح و چەند سەرچاوەیەکی دیکە، بوونی کارگەی نایاسایی لە پارێزگاکانی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) بۆ دروستکردنی جگەرەی ساختە پشتڕاست دەکەنەوە.

وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قاچاخچێتی جگەرە دووپاتدەکاتەوە

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوینی 2025 بوونی قاچاخچێتی جگەرەی پشتڕاستکردەوە. بەڵام رەتیکردەوە، قاچاخچێتی جگەرە "لە ئاستێکی بەرفراواندا بێت، وەک هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن بانگەشەی بۆ دەکەن".

لە بەرامبەردا عەلی حەمەساڵح، رەخنە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەگرێت و تۆمەتباری دەکات بە هەڵبژاردنی بێ دەنگی لە پرسی قاچاخچێتی جگەرە و وتوویەتی وەزیر "هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر داهاتەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆکدا نییە، هەر پارێزگایەک داهاتی خۆی وەردەگرێت، بەبێ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەت".

نەخشەی دابەشبوونی کارگەکان

سەرچاوەیەک، کە ئاشنایە بە بازرگانی جگەرە و بەهۆی هەستیاری کارەکەیەوە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بوونی سێ کارگەی جگەرەی ساختە لە پارێزگای سلێمانی ئاشکرا دەکات، کە بەسەر سێ ناوچەی جیاوازدا دابەشکراون. یەکێکیان دەکەوێتە ناوچەی پیرەمەگرون. کارگەی دووەم دەکەوێتە ناحیەی ماوەت. سێیەمیان دەکەوێتە قەزای کۆیە لە سنوری پارێزگای هەولێر.

لە پارێزگای هەولێریش چەند کارگەیەک هەن کە جگەرەی مارکەی ساختە دروست دەکەن. هەروەها لە پارێزگای دهۆکیش چەند کارگەیەک هەیە.

ئەم کارگانە کەرەستەی خاو کە پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی جگەرە لە وڵاتانی دراوسێ وەردەگرن. کارگەکانی شاری سلێمانی کاغەزی جگەرە و تووتن لە ئێرانەوە هاوردە دەکەن، کارگەکانی هەولێر و دهۆکیش بۆ هاوردەکردنی کەرەستەی خاو پشت بە تورکیا دەبەستن.

هەموو براندە بەناوبانگەکانی جگەرە بە شێوەیەکی نافەرمی و بە شێوەی ساختە لە کارگانەدا دروست دەکرێن. بەرهەمەکە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و هەروەها دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

قازانجی یەک ملیار دۆلاری ساڵانە

هێڤیدار شەعبان، پسپۆڕی ئابووری، داهاتی ساڵانەی دروستکردنی جگەرەی ساختە لە کوردستان بە نزیکەی یەک ملیار دۆلاری ئەمەریکی دەخەمڵێنێت.

ناردنی جگەرە بۆ پارێزگاکانی عێراق 

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پێگەی عالەم جەدیدی راگەیاندووە: جگەرە دروستکراوە ساختەکانی پارێزگای سلێمانی به جوملەفرۆشانی پارێزگای نەینەوا دەفرۆشرێت و له رێگەی سلێمانی - کەرکوک-مه خمور- موسڵ به شێوەیەکی نایاسایی دەگوازرێتەوه ".

بازرگانێکی جگەرە کە خەڵکی موسڵە و خاوەنی فرۆشگایەکی گەورەیە، دووپاتی دەکاتەوە کە جگەرەی مارکە ساختەکراوەکان لە پارێزگای سلێمانی دەکڕێت.

بازرگانێکی دیکە دەڵێت، نرخی مارکەکانی جگەرە زۆر بەرزە. ئەو نموونە دەهێنێتەوە و باس لەوە دەکات کە کارتۆنێک جگەرەی "ESSE"ی کۆری ئەسڵی لە بازاڕی جوملەدا نزیکەی 410 دۆلارە، لە کاتێکدا نرخی کارتۆنێک لە بەرهەمە ساختەکەی، کە لە هەرێمی کوردستان دروستدەکرێت، نزیکەی 150 دۆلارە.

ئێران؛ سەرچاوەی تووتن و کاغەز

کاسبکارێکی ئێرانی، کە کەلوپەل لە نێوان کوردستانی عێراق و ئێران دەگوازێتەوە دەڵێت، "بازاڕی ئێران بووەتە ئامانجێکی سەرنجڕاکێش بۆ تۆڕەکانی قاچاخ و کارگە نایاساییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کارگانەی لە هەرێمی کوردستان جگەرەی ساختە دروست دەکەن، تووتن، کاغەز و کەرەستەکانی دیکە لە کاسبکارانی ئێرانی بەدەستدەهێنن".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی