دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: راگیراوانی خەبات و لاجان وتیان بە زۆر وتەمان لێوەرنەگیراوە

#کوردستان#خەبات#لاجان#هەولێر#دەستەی مافی مرۆڤ
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی راگیراوانی رووداوەكانی شارەدێی خەبات و گوندی لاجانی هەولێریان لە بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆری كوردستان كردووە، دەستەكە دەڵێت "راگیراوان پێیان وتووین بە زۆر وتەیان لێوەرنەگیراوە و دۆخیان باشە".
Primary Asset

دیمەنێکی گوندی لاجان

سبەی

 دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی راگیراوانی رووداوەكانی شارەدێی خەبات و گوندی لاجانی هەولێریان لە بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆری كوردستان كردووە، دەستەكە دەڵێت "راگیراوان پێیان وتووین بە زۆر وتەیان لێوەرنەگیراوە و دۆخیان باشە".

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە:" رۆژی 12/10 شاندێكی باڵای دەستە بەسەرۆكایەتی دكتۆرە مونا یاقۆ سەرۆكی دەستە و تاڤگە عومەر بەڕێوەبەری گشتی یاساو پاراستنی مافی مرۆڤ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆریان كرد لە شاری هەولێر بۆ بەدوا داچوون و ئاگادار بوون لە رەوشی راگیراوان لەنزیكەوە چاویان بە راگیراوان (ن.ع.م) و (ك.س.ع) و (غ.ص.د) كەوت و گفتوگۆیان لەگەڵ كردن لەبارەی شوێنی مانەوەو مامەڵەكردنی دەزگا ئەمنییەكان لەگەڵیان، راگیراوان ئاماژەیان بەوە داوە مامەڵەیان باشە و تۆشی هیچ لێدان و ئەشكەنجەیەك نەبوونەتەوە و رەوشی تەندروستیان باشە". 

دەستەكە هەروەها دەشڵێت:" سەبارەت دانپێدانی (ن.ع.م) تیمی دەستە پرسیاری لێكرد ئایا لەژێر ئەشكەنجە دانپێدانانت كردووە، وتی نەخێر ئێمە رووبەڕووی هیچ ئەشكەنجەو فشارێك نەبوینەتەوەو بەئازادانە وتەمان لێ وەرگیراوە".

سەرەتای رووداوەکە

نزیكەی دوو هەفتە لەمەوبەر، دانیشتووانی ئاوارەبووی گوندی لاجان لە سنوری پارێزگای هەولێر گەڕانەوە ماڵەكانیان، ئەوەش دوای دڵنیاییدانی بەرپرسان بۆ نەبوونی هەڵمەتی دەستگیركردنی بەكۆمەڵی دانیشتووانەكەی، لیژنەیەكیش بۆ كۆكردنەوەی چەكەكان دەستبەكاربوو.

گرژییەكانی گوندەكە كاتێك سەریهەڵدا بەشێك لە خەڵی گوندەكە لەبەردەم پاڵاوگەی لاناز بۆ داواكردنی هەلی كار گردبوونەوەو ئاڵۆزی لێكەوتەوە و بەهۆیەوە چەند كەسێك كوژران و برینداربوون.

گرژییەكان رۆژی دووشەممەی رابردوو(نزیكەی دوو هەفتە لەمەوبەر) پەرەیان سەند، لایەنە پەیوەندیدارەكان هێزی زیاتریان رەوانەی سنوری گوندەكە كرد كە دانیشتوانەكەی سەر بە هۆزی هەركین، دواتر دانیشتووانەكەی گوندەكەیان چۆڵكرد، كە هێزە ئەمنییەكان هۆكارەكەیان بۆ گەڕان بەدوای تۆمەتباران گەڕاندەوە، لەكاتێكدا بەشێك لە خەڵكی گوندەكە بە چۆڵكردنی زۆرەملێ ناویانبرد.

گرژییەكان پەڕینەوە هەریەكە لە خەبات و كەڵەك

دوای چۆڵكردنی گوندەكە، گرژییەكان پەڕینەوە هەریەكە لە خەبات و كەڵەك،  ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دوای هەڵكشانی گرژییەكان گەیشتە گوندی لاجان و داوای لە خەڵكی گوندەكە كرد بگەڕێنەوە و جەختیكردەوە تەنها لێپێچینەوە لەو كەسانە دەكرێت كە ئەو بە "ئاژاوەگێڕ" ناویبردن.

هەروەها دڵنیاییدا كە هیچ بڕیارێك بۆ دەستگیركردنی بەكۆمەڵی خەڵكی گوندەكە نییە و تەنیا داواكراوان ڕووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە.

پارێزگاری هەولێر دەستبەكاربوونی لیژنەیەكی بۆ ژماردنی چەكەكان راگەیاند و وتی "زۆربەی چەكەكان هی هێزە ئەمنییەكانن، حكومەت بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەر كەسێك دەكات كە چەك دژی یاسا و حكومەت بەكاربهێنێت".

دانیشتووانی ئاوارەبووی گوندەكە كە ژمارەیان بە 400 ماڵ دادەنرێن دوای چەند كاتژمێرێك مانەوەیان لە ژێر خێمەدا لەدەرەوەی گوندەكە گەڕانەوە ماڵەكانیان.

نوێنەرانی گوندی لاجان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا لەباڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆ جەختیان كردەوە، ئەو هێزەی چووەتە گوندەكە بۆ پارێزگاریكردنە لە پاڵاوگەی لاناز هیچ كەسێك دەستگیر ناكرێت و ماڵی كەسیش ناپشكنرێت، دەستگیركراوەكانیش دوای چەند رێوشوێنێكی یاسایی ئازاد دەكرێن، هێزەكەش ناوچەكە چۆڵ دەكەن.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رۆژی یەكشەممەی رابردوو لە راگەیەنراوێكدا داوای دۆزینەوە و بە دادگایی گەیاندنی تەقەكەرانی رووداوەكەی رۆژی شەممەی گوندی لاجانی كرد، كەسوكاری قوربانییەكانیش ئاماژەیان بەوەكرد سكاڵا تۆمار دەكەن.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رووداوەكەی بە "ئاژاوەگێڕی" ناوبردبوو

ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رووداوەكەی بە "ئاژاوەگێڕی" ناوبردبوو و جەختیكردبووەوە بە پێی یاسا بەركارەكان مامەڵە لەگەڵ كەسانی "ئاژاوەگێڕ" دەكرێت.

یەكێك لەو كەسانەی لەرووداوەكەی رۆژی شەممەدا كوژرا ناوی عیرفان بەهادینە و تەمەنی 25 ساڵە، خەڵكی كەركوك و شۆفێری بارھەڵگر بوو.

بەهادین ئەحمەد باوكی عیرفان رۆژی یەكشەممە بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند، كوڕەكەی بە فیشەكی دۆشكە كوژراوە، لەكاتێكدا هیچ پەیوەندییەكی بە گردبوونەوەكەوە نەبووە.

وتیشی سكاڵا تۆماردەكەن و ناهێڵن خوێنی كوڕەكەی بەفیڕۆ بڕوات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی