نەمسا حیجاب بۆ كچانی خوار 14 ساڵ لە قوتابخانەكان قەدەغە دەكات

#نەمسا#حیجاب#کچ
2 ڕۆژ لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • حكومەتی نەمسا حیجاب بۆ كچانی خوار تەمەنی 14 ساڵ لە قوتابخانەكان قەدەغە دەكات، دەشڵێت یاساكە بە مەبەستی پابەندبوون بە یەكسانی رەگەزی(جێندەری) دەركراوە و ئامانجی پاراستی كچانی گەنجە لە بەرانبەر سەركوت و ستەمكاری، رەخنەگرانی یاساكەش دەڵێن ئەم هەنگاوە نادەستورییە و دەبێتە هۆی پەرەپێدانی روانگەی دژە ئیسلام لە وڵاتەكە.
Primary Asset

سبەی

حكومەتی نەمسا حیجاب بۆ كچانی خوار تەمەنی 14 ساڵ لە قوتابخانەكان قەدەغە دەكات، دەشڵێت یاساكە بە مەبەستی پابەندبوون بە یەكسانی رەگەزی(جێندەری) دەركراوە و ئامانجی پاراستی كچانی گەنجە لە بەرانبەر سەركوت و ستەمكاری، رەخنەگرانی یاساكەش دەڵێن ئەم هەنگاوە نادەستورییە و دەبێتە هۆی پەرەپێدانی روانگەی دژە ئیسلام لە وڵاتەكە.

لە ساڵانی رابردوو ژمارەیەك حكومەت و پەرلەمانەكانی وڵاتانی ئەوروپی چەند یاسایەكیان بۆ قەدەغەكردنی حیجاب و باڵاپۆشی لە قوتابخانەكان دەركردووە، وەك نوێترین وڵاتیش نەمسا یاسایەكی پەسەند كردووە، بە گوێرەی یاساكە كچانی تەمەن ژێر 14 ساڵ چیدیكە ناتوانن بە حیجابەوە لە قوتابخانەكان ئامادەبن.

بە گوێرەی مەرجەكانی یاسا نوێیەكە، بەكارهێنانی جلوبەرگی نەریتی موسڵمانان وەكو باڵاپۆش یان نیقاب بۆ كچانی خوار تەمەنی 14 ساڵ لە هەردوو قوتابخانەی حكومی و ئەهلی قەدەغە دەكرێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە، پێشتریش لە ساڵی 2020 قەدەغەكردنی بەكارهێنانی سەرپۆش بۆ كچانی خوار تەمەنی 10 ساڵ لەلایەن دادگای دەستورییەوە رەتكرایەوە، چونكە بە تایبەتی موسڵمانانی كردبووە ئامانج.

بە گوێرەی یاساكە ئەگەر خوێندكارێك سەرپێچی بكات، پێویستە چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی قوتابخانە و سەرپەرشتیاری یاسایی خۆیان ئەنجام بدەن، ئەگەر پێشێلكارییەكان دووبارە بوونەوە، پێویستە رێكخراوی پاراستنی منداڵ و لاوان ئاگادار بكرێتەوە و وەك دوا رێگا، خێزانەكان یان سەرپەرشتیارانی منداڵەكان بە 800 یۆرۆ پێبژاردن سزا دەدرێن.

یانیك شتی، سەرۆكی پارتی لیبراڵ نیۆس لە پەرلەمان، پێش دەنگدانەكە رایگەیاند:"ئەمە هەنگاوێك نییە دژی ئایین، هەنگاوێكە بۆ پاراستنی ئازادی كچانی ئەم وڵاتە".

هاوكات پارتی ئازادیی راستڕەوی توندڕەوی نەمسا كە دەنگیان بە قەدەغەكردنەكە داوە رایگەیاندووە:" ئەم هەنگاوە دەبێت پەرەی پێبدرێت و پێویستە سەرجەم قوتابیان و ستافی قوتابخانەكان بگرێتەوە".

ریكاردا بێرگەر، وتەبێژی پارتەكە دەڵێت "پێویستە قەدەغەكردنی تەواوەتی باڵاپۆشی لە قوتابخانەكاندا هەبێت و ئیسلامی سیاسی لێرە جێگەی نییە".

لەلایەن خۆشیانەوە، ئەندامانی حكومەتی نەمسا دەڵێن، ئەو رێوشوێنە بۆ بەهێزكردنی كچانی گەنجە و ئامانجی یاساكە پاراستنیانە لە سەركوت و ستەمكاری.

لەبەرانبەردا بەشێك لە ناوەندەكانی مافی مرۆڤ دەڵێن، ئەم یاسایە دەتوانێت پەرە بە هەستی دژە ئیسلام و موسڵمانەكان لە وڵاتەكە بدات، پارتی سەوزی نەمساش وەك تەنها پارتی پەرلەمان كە دژی یاساكە بووە رایگەیاندووە ئەم هەنگاوە نادەستوورییە.

هەر لەوبارەیەوە، كۆمەڵگەی فەرمی ئیسلامیی لە نەمسا رایگەیاندووە، قەدەغەكردنەكە پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانە و كۆمەڵگا دابەش دەكات، دەشڵێت "لەبری بەهێزكردنی منداڵان، پەراوێز دەخرێن".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی