خامنەیی لە تاران، ئەسەد لە مۆسكۆ؛ ئێران زەرەرمەندی یەكەمی گۆڕانكارییەكان لە سوریا

#ئێران#سوریا#روسیا#ئیسرائیل
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • ساڵێك بەسەر رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد لە سوریا تێپەڕدەبێت، كۆماری ئیسلامی ئێران وەك زەرەرمەندی یەكەم وێنا دەكرێت، بە گوێرەی شرۆڤەكارانی سیاسی جگە لەوەی بە هەزران ئەندامی سوپای پاسداران و هێزەكانی سەر بە ئێران كوژراون، بە دەیان ملیار دۆلاریشی بەفیرۆ چووە.
Primary Asset

خامنەیی و بەشار ئەسەد

سبەی

ساڵێك بەسەر رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد لە سوریا تێپەڕدەبێت، كۆماری ئیسلامی ئێران وەك زەرەرمەندی یەكەم وێنا دەكرێت، بە گوێرەی شرۆڤەكارانی سیاسی جگە لەوەی بە هەزران ئەندامی سوپای پاسداران و هێزەكانی سەر بە ئێران كوژراون، بە دەیان ملیار دۆلاریشی بەفیرۆ چووە.

ماڵپەری دۆیچە ڤیللەی ئەڵمانی، لە راپۆرتێكدا بە بۆنەی یەكەمین ساڵیادی رووخانی حكومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا كاریگەرییەكانی ئەم رووداوە لەسەر حكومەتی ئێران دەخاتەڕوو.

بە گوێرەی راپۆرتی ماڵپەرەكە، سەرەرای ئەوەی ساڵێك بەسەر رووخانی حكومەتی  بەشار ئەسەد تێپەڕیوە، زۆر پرسیاری هاوڵاتیانی سوریا و ئێران لەو بارەیەوە بێ وەڵام ماونەتەوە، لەوانە بۆچی تا ئێستا بە فەرمی ژمارەی كوژراوانی فەرماندەكانی سوپای پاسداران و هێزەكانی ئێران و ئەندامانی فەیلەقی "فاتمیونی ئەفغانستان" و "زەینەبیونی پاكستان" لەلایەن ئێرانەوە رەوانەی شەڕ كراون بە فەرمی رانەگەیەنراوە؟

"ساڵێك دوای رووخانی حكومەتی بەشار ئەسەد ئێران نەیتوانیوە بگەڕێتەوە سوریا"

بەڵام پرسیاری گرنگتر ئەوەیە، بۆچی دوای رووخانی بەشار ئەسەد، ئێران بە پێچەوانەی روسیا، هێشتا نەیتوانیوە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكانی خۆی لە سوریای نوێدا بكاتەوە و كۆتایی بە دوژمنایەتییەكانی لەگەڵ سوریا بهێنێت؟

لای خۆیەوە حەسەن هاشمیان، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت" ئێران لە سوریا تووشی شكستێكی سەخت بووە، بەڵام ئامادە نییە ئەم شكستە و واقیعە نوێیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت سوریا قبوڵ بكات."

شرۆڤەكارێكی سیاسی: خامنەیی بەهیوایە دۆخی سوریا بگۆڕدرێت

هاشمیان ئاماژە بە لێدوانەكانی خامنەیی دوای رووخانی حكومەتی بەشار ئەسەد دەكات و دەڵێت "رێبەری ئێران بە هێوای ئەوەیە كە رۆژێك گەنجەكانی سوریا لە دژی حكومەتی كاتی ئەو وڵاتە راپەڕن و وا بیر دەكاتەوە كە دۆخی ئێستای سوریا كاتییە".

ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە جەختیش دەكاتەوە لەوەی "ئەو لێدوانانەی خامنەیی لای سورییەكان قبوڵ ناكرێت و دەبێتە هۆی ئەوەی حكومەتی نوێی سوریا سیاسەتێك لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بگرێتەبەر".

بە وتەی ئەم شارەزایەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا "بەرەی مقاوەمە لاواز بووە و هاوكارییەكانی ئێران بۆ حزبوڵڵا لە رێگەی سوریاوە كۆتایی پێهاتووە،ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ململانێی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل زۆرە".

ماڵپەرەكە لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا ئاماژە بە تێچووی دەیان ملیار دۆلاری ئێران دەكات لە سوریا، جەخت لەوە دەكاتەوە، تا ئێستا بەرپرسانی باڵای ئێران لە بەرامبەر ئەو بڕە پارەیەی كە لە ساڵانی رابردوو لە سوریا خەرجیان كردووە بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

بەرپرسێكی پێشووی ئێران: ئێران 20 تا 30 ملیار دۆلاری بۆ سوریا دابین كردووە 

حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە، سەرۆكی پێشووی كۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران لە مانگی ئایاری 2020 رایگەیاندبوو: ئێران 20 تا 30 ملیار دۆلاری بۆ سوریا دابین كردووە و پێویستە ئەم پارەیە وەربگیردرێتەوە. 

لەبەرانبەردا حەسەن هاشمیان پێی وایە، ئامارە راستەقینەكە زیاتر لە 50 ملیار دۆلارە و دەشڵێت "حكومەتی نوێی سوریا نەك هەر نیازی گەڕاندنەوەی نییە، بەڵكو پێی وایە كۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ قەرەبووی ئەو زیانانە بكاتەوە كە بەهۆی دەستوەردانەكانی لە سوریا خوڵقاندوویەتی".

"زیاتر لە 10 هەزار ئەندامی سوپای پاسداران و بریكارەكانی لە سوریا كوژراون"

پرسیارێكی دیكە سەبارەت بە ژمارەی كوژراوەكانی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە لە سوریا، ئەگەرچی بەرپرسانی حكومەتی ئێران لەو بارەیەوە هیچ ئامارێكیان نەخستووەتەڕوو، بەڵام حەسەن هاشمیان مەزەندە دەكات زیاتر لە 10 هەزار هێزی سەر بە سوپای پاسداران و گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە سوریا گیانیان لەدەستداوە.

بەرپرسی پێشووی دەزگای كاروباری شەهیدانی ئێران: ژمارەی كوژراوەكان زیاتر لە دوو هەزار كەس بووە

محەممەد عەلی شەهیدی، بەرپرسی پێشووی دەزگای كاروباری شەهیدانی ئێران، لە ساڵی 2016 بە رۆژنامەی "جوان"ی سەر بە سوپای پاسدارانی راگەیاندووە، ژمارەی كوژراوانی بەناو "بەرگریكارانی مەزارگە ئایینییەكان(ئێران بوونی هێزەكانی لە سوریا بۆ بەرگریكردن لە وێرانبوونی مەزارگە ئایینییە كانی شیعە دەگەڕاندەوە) زیاتر لە دوو هەزار كەس بووە.

ئێران و روسیا: ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سوریا

حەسەن هاشمیان لەبارەی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی ئێران و روسیا لەگەڵ سوریا دەڵێت" روسیا سیاسەتێكی پراگماتیكی هەیە، بەڵام ئێران ئایدۆلۆژیای خۆی بەسەر ئەوانی دیكەدا دەسەپێنێت، ئەمەش لەلای گەلانی ناوچەكە جێگەی قبوڵكردن نییە".

بە وتەی ناوبراو، سورییەكان پڕۆسەیەكی لەو شێوەیە قبووڵ ناكەن و دوور نییە تەنانەت لە ساڵی 2026یشدا پەیوەندیی نوێ لە نێوان ئێران و حكومەتی نوێی سوریادا ئاسایی نەبێتەوە.

" ئیسرائیل رێگە نادات ئێران جارێكی دیكە كۆماری ئیسلامی ئێران دزە بكاتە ناو سوریا"

فەرزانە روستایی، شارەزا لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت" روسیا لەگەڵ هەموو وڵاتان كارلێك دەكات و هیچ كێشەیەكی تایبەتی لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل و توركیا نییە، بەڵام ئێران لەسەر بنەمای " ئایدۆلۆژیای دژ به ئیسرائیل " هەڵسوكەوت دەكات و بوونی لە سوریا تەنها بە مەبەستی دروستكردنی ئەڵقەیەكی ئاگر لە دەوری ئیسرائیل بووە".

ئەم شرۆڤەكارە سیاسییە جەخت لەوە دەكاتەوە، تا كۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا بێت، ئیسرائیل رێگە نادات ئێران جارێكی دیكە دزە بكاتە ناو سوریا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی