
سبەى
ئۆلیڤەر کانی ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشن، کێشەی سەرەکی ریاڵ مەدرید دەخاتەڕوو.
سەبارەت بە کێشەکانی ریاڵ مەدرید، ئۆلیڤەر کان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی سکای سپۆرت رایگەیاند: ئەنجامەکانی ئەو یانەیە بۆ ئەو چاوەڕوان کراو بوو، چونکە بیرۆکە و شێوازی یاریکردنی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر بۆ ریاڵ مەدرید گونجاو نییە.
ئۆلیڤەر کان روونیکردووەتەوە، چابی ئەلۆنسۆ گرنگی بە یاریکردن بە شێوازی رێکخراو دەدات، واتە یاریزانەکان بەتەواوەتی پابەندبن بە پلانەکانی راهێنەرەوە، ئەوەش پێچەوانەی فەلسەفەی یاریکردنی ریاڵ مەدریدە.
گۆڵپارێزە ئەفسانەییەکەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و بایرن میونشن زیاتر روونیکردووەتەوە و وتوویەتی، لە ریاڵ مەدرید سەربەستی تەواو دەدرێت بە یاریزان، بۆئەوەی توانا و بەهرەکانی خۆی دەربخات و یاریکردنی جوان بە ئەنجامە باشەکان و نازناوەکان ببەستنەوە، ئەوەش خاڵی ناکۆکی نێوان یاریزانەکانی ئەو یانەیە و چابی ئەلۆنسۆیە.
ئۆلیڤەر کان دەڵێت ریاڵ مەدرید پێویستی بە راهێنەرێکە ئەستێرەکان لە یەک تیمدا کۆبکاتەوە و مامەڵەیەکی جیاوازیان لەگەڵد بکات، نەک راهێنەرێک شێوازی یاریکردنی خۆی بەتەواوەتی بسەپێنێت.
لێدوانەکەی ئۆلیڤەر کان لە کاتێکدایە، کە دەنگێک لە ناو کارگێڕی ریاڵ مەدرید بۆ دورخستنەوەی ئەلۆنسۆ لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە بەرزبووەتەوە و وای دەبینین کە ئێستا درەنگ نییە بۆ ئەو هەنگاوە، بەتایبەتی کە قەڵای سپی هێشتا دەتوانێت لەسەرجەم بەرەکاندا رکابەری بەدەستهێنانی نازناوەکان بکات.
