ئەڵمانیا پێگەكەی چۆڵ كرد؛ یەكێتی ئەوروپا: بەریتانیا بووەتە پایتەختی كۆچبەران

#بەریتانیا#یەکێتی ئەوروپا#ئەڵمانیا#فەڕەنسا#ئیسپانیا
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • زیاتر لەهەر وڵاتێكی ئەوروپا، كۆچبەران روویان لە بەریتانیا كردووە، بەجۆرێك لە 2023 نزیكەی یەك ملیۆن و 270 هەزار كۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، ئەوەش بەپێی ئاماری فەرمی یەكێتی ئەوروپا
Primary Asset

سبەی

زیاتر لەهەر وڵاتێكی ئەوروپا، كۆچبەران روویان لە بەریتانیا كردووە، بەجۆرێك لە 2023 نزیكەی یەك ملیۆن و 270 هەزار كۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، ئەوەش بەپێی ئاماری فەرمی یەكێتی ئەوروپا.

بەپێی ئامارە فەرمییەكان، بەریتانیا بووەتە پایتەختی كۆچبەرانی ئەوروپا و پێش هەریەك لە ئەڵمانیا و ئیسپانیا كەوتووە.

بەپێی راپۆرتەكەی یەكێتی ئەوروپا كە پێگەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویكردۆتەوە، لە دوای بەریتانیا، ئەڵمانیا دێت بە لەخۆگرتنی یەك ملیۆن و 220 هەزار كۆچبەر، دواتر ئیسپانیا دێت بە یەك ملیۆن و 100 هەزار كۆچبەر، لە دوای ئەوانەش ئیتاڵیا بە 378 هەزار و فەڕەنسا بە 295 هەزار كۆچبەر دێت.

بۆ رێگیریكردن لە چوونی كۆچبەران بە بەریتانیا، ئەمساڵ حكومەتی وڵاتەكە چەندین رێكاری جیاوازی گرتەبەر، بەڵام سەرەڕای رێكارەكانی حكومەتی بەریتانیا، لە 2025ـدا نزیكەی 900 هەزار كۆچبەر خۆیان گەیاندۆتە بەریتانیا.

پێشتر لە 2015 ئەڵمانیا بە پایتەختی كۆچبەر ناسراوبوو، لە ئەو ساڵەدا نزیكەی یەك ملیۆن و 270 هەزار كۆچبەر خۆیان گەیاندە وڵاتەكە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، بە تایبەت ئەمساڵ بە هۆی رێكارەكانی حكومەتەوە رێژەكە دابەزیوە، بەو شێوەیەش پێگەكەی بۆ بەریتانیا چۆڵ كردووە.

رێكارەكانی بەریتانیا بۆ رێگەگرتن لە چوونی كۆچبەران

بەریتانیا سورە لەسەر دەركردنی ئەو كۆچبەرانەی لە رێگەی كەناڵی ئینگلیزەوە بە نایاسایی خۆیان گەیاندۆتە ئەو وڵاتە، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ رێگرتن لە چوونی كۆچبەران بۆ وڵاتەكە.

بەپێی رێككەوتنێكی كە چواری ئابی 2025 بڵاوكرایەوە، فەڕەنسا رازی بووە بە وەرگرتنەوەی ئەو كۆچبەرانەی لە رێگەی كەناڵی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندۆتە بەریتانیا و داوای مافی پەنابەرێتییان رەتكراوەتەوە.

هەر كەسێك لە فەڕەنساوە لە رێگەی بەلەمی بچووكەوە خۆی گەیاندبێتە بەریتانیا، ئەگەر داوای مافی پەنابەرێتییەكەی رەتكرابێتەوە، ئەوا لە ماوەی سێ مانگدا دەگەڕێندرێتەوە بۆ فەڕەنسا.

پلانەكە ئێستا لە ژێر تاقیكردنەوەدایە، جارێ بە تەواوەتی نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی پلانەكە، پەنابەران لە فەڕەنساوە لە رێگەی ئۆنلاینەوە فۆرمێك پڕدەكەنەوە و داواكاری پێشكەش بە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەكەن، بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدات بە یاسایی بچنە بەریتانیا.

دوای پێشكەشكردنی داواكارییەكە بە ئۆنلاین، ئەگەر داواكارییەكە پەسەندكرا، دەتوانن بۆ ماوەی سێ مانگ لە بەریتانیا بمێننەوە، تا تەواوبوونی رێوشوێنەكانی پەیوەست بە مانەوەیان بەشێوەیەكی یاسایی لە بەریتانیا.

هەر بەپێی پلانەكە، حكومەتی بەریتانیا تێچووی گەشتی كۆچبەران لە ئەستۆ دەگرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی