
نەڤید ئەکرەمە، یەکێک لە تەقەکەرەکان
سبەی
ئێوارەی رۆژی یەكشەممە (14ـی کانوونی یەکەمی 2025)، لە ئوسترالیا دوو تەقەکەر هێرشیان کردە سەر ئاهەنگێکی تایبەت بە جووەکان، بەهۆیەوە 16 کەس کوژران و نزیکەی 40 کەسیش بریندار بوون.
بە وتەی بەرپرسانی ئوسترالیا هێرشەکەی سیدنی "تیرۆریستی" بووە و ئامانجەکەی کۆمەڵگەی جووەکانی ئوسترالیا بووە کە بۆ ئاهەنگی ساڵانەی "خەنووکە" کۆببوونەوە.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیاڵ میدیاکان بڵاوکراونەتەوە، سەرەڕای قەرەباڵغی شوێنەکانی دەوروبەر، بەڵام دوو تەقەکەرەکە تەنها بە ئاراستەی ئاهەنگی جووەکان تەقە دەکەن، ئەوەش بەڵگەیە ئامانجی دوو تەقەکەرەکە تەنها جووەکان بووە نەک کەسانی دیکە.
سەبارەت بە ناسنامەی دوو تەقەکەرەکە، ئەمڕۆ دووشەممە (15ـی کانوونی یەکەمی 2025)، پۆلیسی ئوسترالیا بڵاویکردەوە تەقەکردنەکە لەلایەن باوکێکی 50 ساڵ و کوڕە 24 ساڵانەکەیەوە ئەنجامدراوە.
بەپێی راپۆرتێكی ئەی بی سی ئوسترالی، کە لە دەزگای هەواڵگریی ئوسترالیا وەریگرتووە، باوکەکە ناوی ساجد ئەکرەمە و کوڕەکەشی ناوی نەڤید ئەکرەمە و پاکستانین. لە رووبەڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ پۆلیسی سیدنی، نەڤید ئەکرەم کوژرا و باوکیشی بە برینداری لەلایەن پۆلسیەوە دەستبەسەرکرا.
وەک لە راپۆرتەكەی ئەی بی سی ئوسترالیدا هاتووە، شەش ساڵ لەمەوبەر نەڤید ئەکرەم بەهۆی پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ شانەیەکی نوستووی داعش لە ئوسترالیا دەستگیرکراوە، هەروەها بەپێی راپۆرتی تیمی دژە تیرۆری ئوسترالیا، دوو تەقەکەرەکە کاریان بۆ داعش کردووە.
لە نێو ئۆتۆمبێلی دوو تەقەکەرەکەدا لە نزیک ڕووداوەکە، ئاڵایەکی داعش دۆزراوەتەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتەكەی ئەی بی سی ئوسترالیا کە لە سەرچاوەیەکی دژەتیرۆری ئوسترالیا وەریگرتووە.
