
سبەی
رۆژی 14ـی كانوونی یەكەمی 2025 مامۆستایەكی ئایینی بە لێبوردنی تایبەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئازادكرا، بەڵام شێروان شێروانی و ژمارەیەک بەندکراوی دیکە هەرچەندە داوای ئازادكردنیان كراوە لێبوردنی تایبەت نایانگرێتەوە.
رۆژنامەنوس شێروان شێروانی، دووجار دوای تەواوكردنی ماوەی سزاكەی، ماوەی حوكمەكەی بۆ نوێكراوەتەوە و زیاتر لە پێنج ساڵە لە زیندانە، بەڵام سۆران تەوحیدی حوكمەكەی تەواو نەكرد، هەرچەندە لەرووی یاساییەوە سۆران تەوحیدی ماددە یاساییەكەی قورسترە بەڵام ئازادكرا و شێروان شێروانیش حوكمەكەی لە زیندان تەواو دەكات.
دوای چەند مانگێك لە دەستگیركردنیان، دادگای تاوانی هەولێر لە 16ـی شوباتی2021 بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی"، هەریەك لە شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەكی شەش ساڵ زیندانیكردن سزادا، دواتر ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە ئازادکراون، بەڵام سەرەڕای کەمکردنەوەی حوکمەکەی، هێشتا شێروان شێروان لە زینداندایە و ئازاد ناکرێت.
براكەی: داوا لە شێروان كراوە واز لە كاری رۆژنامەوانی بهێنێت ئازادی دەكەن
بارزان شێروانی برای شێروان، لە لێدوانێكدا بۆ "سبەی" رایگەیاند:"پێشتر پارێزەرەكەی داوای كردبوو لێبوردنی تایبەت شێروان شێروانی بگرێتەوە، بەڵام بەمدواییە داوامان نەكردووە، چونكە شێروان بەهۆكاری سیاسی گیراوە و پێیان وتووە واز لەكاری رۆژنامەوانی بهێنیت ئازادت دەكەین".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەسەڵاتی ئەوەی نییە
هەر لەوبارەیەوە مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە "سبەی" راگەیاند: "لێبوردنی تایبەت لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتی هەرێمدایە، وەك دەستە هیچ دەسەڵاتێكمان لەو بوارەدا نییە".
وتیشی: "ئەگەر كەسوكاری یان پارێزەرەكەی بێن پێشنیاز بۆ ئێمە بكەن، دەتوانین داواكارییەكەیان بەرز بكەینەوە، بەڵام دەسەڵاتی ئەوەمان نییە خۆمان داوای لێبوردنی تایبەت بۆ هیچ كەسێک بكەین، نەخۆشەكان نەبێت كە نزیكەی ساڵێكە لیژنەیەك پێكهێنراوە و داوای ئازاد كردنیان دەكرێت".
"لێبوردن لەسەر راسپاردەی سەرۆكی پارتی"
رۆژی یەكشەممە، 14ـی كانوونی یەكەمی 2025، سۆران ئەحمەد، ناسراو بە مامۆستا سۆران تەوحیدی، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند: "چەند جارێك دادگایی كرام، سزاكەم جێگیر بوو، بەڵام بە لێبووردنێكی تایبەت ئازاد كرام".
ئەو مامۆستایە ئایینییە وتیشی: "بە پلەی یەك سوپاسی كاك مەسعود دەكەم كە زۆر هەوڵی داوە و زەحمەتی كێشاوە، هەروەها سوپاسی كاك نێچیرڤان و كاك مەسرور و هەموو ئەو مامۆستا ئایینییانە دەكەم كە هەوڵیان بۆ ئازادكردنم دا، مەمنوون و قەرزاریانم".
سۆران تەوحیدی بە تۆمەتی "پشتیوانیكردن لە تیرۆر" لە ساڵی 2023ـەوە بە بڕیاری دادگا سزای 15 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرابوو.
سۆران تەوحیدی، داوای لە مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی كرد لێبووردنێكی گشتی بۆ هەموو زیندانییەكان دەربكەن و دەڵێت، "زیندانەكان پڕ بوون، كاتی ئەوە هاتووە لوتفێك بنوێنن، چونكە زیندانییانیش كوڕی ئەم میللەتەن".
سۆران ئەحمەد فەرەج، دوو ساڵی سزاكەی لە زیندان بەسەر برد و بە بڕیارێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لەسەر راسپاردەی "مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان" رۆژی 14ـی كانوونی یەكەمی 2025 ئازاد كرا.
پارێزەرەكەی: شێروان شێروانی دەبوو ئەیلولی 2023 ئازاد بكرێت
رۆژی سێشەممە (19ـی ئابی 2025) دادگای كەتنی بنەسڵاوەوە، سزای چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانی بەسەر شێروان شێروانی رۆژنامەنووس و چالاكواندا سەپاند، لەكاتێكدا دەبوو مانگی ئەیلولی 2023 ئازاد بكرێت.
پێشتر محەمەد عەبدوڵڵا، پارێزەری رۆژنامەنوس شێروان شێروانی ئاشكرای كردبوو، دەبوو ئەیلولی 2023 بە كەمكردنەوەی سزاكەی ئازاد بكرێت كە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بۆی كرابوو، بەڵام حكومەتی هەرێم بڕیارەكەی جێبەجێ نەكرد.
راپۆرتی رێكخراوێكی ئەمەریكی لەسەر پرۆسەی دادگاییكردنەكە
تیمی كوردستانی عێراقیCPTلەوبارەیەوە راپۆرتێكی چاودێری لەسەر پرۆسەی دادگاییكردنەكە بڵاوكردەوە و تیایدا هاتبوو: "مامەڵەی دوژمنكارانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرامبەر بە رۆژنامەوان شێروان شێروانی و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە، سەر لەبەیانی رۆژی، 19ـی ئابی 2025، دانیشتنی دادگاییكردنی رۆژنامەوانی زیندانیكراو، شێروان شێروانی لەسەر كەیسێكی نوێ، لە دادگای كەتنی بنەسڵاوە بەڕێوەچوو".
ئەو رێكخراوە دەڵێت "دوای دوو كاتژمێر لە دادگاییكردن، شێروان شێروانی، بە گوێرەی ماددەی 229 لە یاسای ژمارە 111ـی سزادانی عێراقی، بە هەڕەشەكردن لە فەرمانبەرێكی ئەمنی ناو زیندانی چاكسازی گەورانی هەولێر تاوانبار كرا و دواتریش بە چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانیكردن، حوكمدرا".
"شێروان رەتیكردەوە هەڕەشەی كردبێت"
تیمی كوردستانی عێراقیCPT، ئاژانسی نێودەوڵەتی و چەند پەرلەمانتارێك چاودێری پڕۆسەی دادگاییكردنەكەیان كردووە، تیمی CPT، دەڵێت "چەندین پێشێلكاری زەق و ئاشكرای لە پڕۆسەی بەڕێوەچوونی دادگاییەكە تۆماركردووە" كە بریتی بوون لە:
1-پارێزەرەكان مافی بینینی تەواوەتی پەڕاوەكانی لێكۆڵینەوە و پێشكەشكردنی پەڕاو و داواكاریان پێ نەدرابوو.
2-ناوەوەی دادگا و دەرەوەی باڵەخانەی دادگا، بەسەربازگە كرابوو. هەروەها چەند ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكان، بە جلی مەدەنی و بە چەكەوە لە ناو چاودێرانی پڕۆسەكە، خانەوادە و هاوكارانی شێروان بڵاوەیان پێكرابوو.
3-سكاڵاكار، بانگەشەی هەبوونی دوو گەواهیدەری دەكرد، كە گوایە لەو كاتەی كە شێروان هەڕەشەی لێكردووە ئامادەییان هەبووە. شێروان رەتی كردەوە كە هیچ هەڕەشەیەكی كردبێت و داوای هێنانی پێشكەشكردنی بەڵگەی ڤیدیۆیی كرد بۆ ئەم رووداوە. بە بیانووی ئەوەی كە لەم رۆژەدا، كامێراكانی چاودێری، ڤیدیۆكانی تۆمار نەكردووە، هیچ ڤیدیۆیەك وەكو بەڵگە پێشكەش بە دادگا نەكرا.
4-كۆمەڵێك پۆستی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەكو بەڵگە پێشكەش كرابوون، كە سكاڵاكار، ئاماژەی بەوەدا سوكایەتی پێكراوە و ناوی زڕێنراوە. بەڵام كاتی بڵاو بوونەوەی ڤیدیۆكان كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەكانی (2022 و 2023)، شێروان شێروان لە زینداندا بووە و هیچ كەسێكیش لە زینداندا رێگەپێدانی نیە بۆ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. چۆن دەكرێت ڤیدیۆیەك كە رۆژنامەنوس شێروان شێروانی بڵاوی نەكردبێتەوە و لە كاتی بڵاوكردنەوەشیدا لە زیندان بووبێت، بخرێتە پاڵی و وەكو بەڵگە وەربگیرێت؟!.
5-بەگوێرەی ئەو ماددە یاساییەی كە شێروان شێروانی پێ تاوانبار كراوە، قورسترین سزا بۆ كەسی تاوانبار 2 ساڵە كە ئەگەر هەڕەشە یاخود پەلاماری فەرمانبەرێكی حكومی یاخود ئەنجومەنێكی فەرمیدابێت. خۆ ئەگەر هەڕەشە و پەلامارەكە، بەرامبەر بە دادوەرێك، یاخود ئەنجومەنێكی دادوەری بوو، ئەوا قورسترین سزا بۆ تاوانبار (3) ساڵ دەبێت. بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە، كە بەگوێرەی هەمان ماددەی یاسایی، ئەمڕۆ شێروان شێروانی بە قورسترین شێوە، بە4 ساڵ و پێنج مانگ زیندانیكردن سزادرا.
6-بەبیانووی، نەبوونی شوێنی پێویست، زۆرینەی چاودێرانی كۆنسوڵخانەكان، رێكخراوەكان، پەرلەمانتاران و تەنانەت خانەوادەی شێروان شێروانی رێگریان لێكرا چاودێری پڕۆسەی دادگاییكردنەكە بكەن.
7-دوای تەواوی بوونی پڕۆسەی دادگاییكردنەكە، بەشێك لە رۆژنامەوانان، چالاكوانان و خانەوادەی شێروان شێروانی لەبەردەم باڵەخانەی دادگاكە، ناڕەزایەتی مەدەنییان دەربڕی، بەڵام كۆمەڵێك خەڵكی چەكدار، بە جلی مەدەنییەوە هێرشیان كردە سەر بەشدارانی ناڕەزایەتییەكە و بە لێدان و ئەشكەنجەدان بڵاوەیان پێكردن.
پێشتر محەممەد عەبدوڵا، یەكێك لە پارێزەرەكانی شێروان شێروانی سەبارەت بە بڕیارەكە رایگەیاندبوو "شێروان لەسەر سكاڵای كەسێك بە مادەی 229 لە یاسای سزادان حوكمدرا، دادگا بەبێ بەڵگەی یەكلاكەرەوە دادگا سزای چوار ساڵ و شەش مانگیدا، بەڵام دۆسیەكە یاسایی نییە و لە دەرەوەی دادگا دەستوەردانی لێ كراوە".
لە 16ـی شوباتی 2021، دادگای هەولێر بڕیاریدا شێروان شێروانی و چوار هاوڕێی دیكەی، بەپێی ماددەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە 21 بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزا بدرێن.
لە 20ـی تەمووز 2023، سەرلەنوێ دادگای كەتنی هەولێر، شێروان شێروانی ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانی بە مادەی 298 و 295 سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ دەركرد و بەسەریدا سەپاند.
