
سبەى
چاوەڕواندەکرێت رێککەوتنى تێکەڵکردنى هەسەدە لەگەڵ سوپاى سوریا لەچەند رۆژى داهاتوودا رابگەیەنرێت، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەکى حکومەتى سوریا.
پێگەى ”963+” ى سورى لەزارى سەرچاوەکەوە گواستییەوە، هێزەکانى سوریاى دیموکرات و حکومەتى سوریا گەیشتوون بە تەوافوق لەبارەى پڕۆسەى تێکەڵکردنى هەسەدە لەگەڵ سوپاى سوریا.
وتیشى میکانیزمى تێکەڵکردنەکە لەچەند رۆژى کەمى داهاتوودا رادەگەیەنرێت.
شەممەى رابردوو، مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەکە رایگەیاندبوو، رێککەوتنى 10ى ئازار بنەماى سوریایەکى نوێیە و پێشکەوتن هەیە بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە لە ساڵى نوێدا.
عەبدى هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی جیروسلام پۆستی ئیسرائیلی رایگەیاندبوو، هێزەکانى هەسەدە لە 100 هەزار چەکدار پێکهاتوون کە 70 هەزاریان شەڕڤانن و ئەوانەى دیکەش ئەندامى هێزەکانى پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانن.
ئاماژەى بەوەشکردبوو، ئاڵنگاریی گەورەیان لەبەردەمدایە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان، "چۆن دەتوانن لیوایەکی ژنان (یەپەژە) تێکەڵ بە سوپای سوریا بکەین لە کاتێکدا سوپای سوریا لیوا ژنانیان نییە؟ ئێمە ناتوانین ژنە شەڕڤانەکان دووربخەینەوە."
بەپێی ڕێککەوتنى 10ى ئازارى نێوان مەڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرع، هێزەکانی (هەسەدە) دەبوو هێزەکانی لەگەڵ سوپای نوێی سوریا تێکەڵ بکرێن، بەڵام وردەکارییەکان بە ناڕوونی ماونەتەوە و جێبەجێکردنیش وەستاوە.
خاڵێکی سەرەکی ئەوە بوو کە ئایا هەسەدە وەک یەکەیەکی یەکگرتوو لە سوپای نوێدا دەمێنێتەوە یان هێزەکە هەڵدەوەشێتەوە و ئەندامەکانی تاک بە تاک لە سوپای نوێدا دادەنرێن.
ئەبو عومەر ئیدلیبى فەرماندەى لیواى باکورى هەسەدە پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى عەرەبییە ئاماژەى بەوەدابوو، رێککەوتنێکى زارەکى لە نێوان سەرۆکى سوريا و جەنەڕاڵ مەزڵومدا هەیە کە تێیدا رەزامەندی دەربڕدراوە لەسەر تێکەڵکردن و یەکخستنى هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سێ فیرقە و سێ لیوادا لەناو وەزارەتی بەرگریی سوریا.
باسى لەوەشکردبوو، لیژنەیەکى هەسەدە ناوەکانی پێشکەش بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە کە پێکهاتوون لە 70 ناوی فەرماندەی ریزى یەکەم لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، لیستەکە ئێستا لای وەزارەتی بەرگری لەسەر مێزى دانوستانە.
ئەبو عومەر ئیدلیبى جەختیکردبووەوە، ئەو فەرماندانە لەریزى یەکەمن، لەناویاندا مەزڵوم عەبدی فەرماندەى گشتى هەسەدە و سیپان حەمۆ ئەندامی فەرماندەیی ههسهده، بەتایبەت ئەوانەى سوریین.
لیستەکە ناوى ئەو فەرماندانەى هەسەدە لە خۆ دەگرێت کە بەشداریان لەشەڕى دژى داعش کردووە.
بەشێک لەو کەسانە فەرماندەکانى ئەو سێ فیرقە سەربازییە دەبن کە تێکەڵى سوپاى سوریا دەبن و پێکدێن لە، فیرقەى جەزیرە، فورات و دێرەزوور.
لیستەکە هەروەها ناوى فەرماندەکانى سێ لیواى تایبەتى سەر بە فەرماندەیی ئەرکانى سوپا لە خۆدەگرێت و 30%ى ئەو فەرماندانە دەبنە بەشێک لە دەستەى ئەرکانى سوریا.
یەکێک لەو لیوایانە تایبەت دەبێت بە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و بەهەماهەنگى لەگەڵ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کاردەکات لەسەرتاسەرى خاکى سوریا.
