
ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی
سبەی
هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە، ئەنقەرە پێداگرە لەسەر یەکگرتنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریادا بەشێوەی تاکەکەسی، نەک بەشێوەیەک ئەو هێزانە وەکو پێکهاتەیەکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی فیرقە و لیوادا بمێننەوە. وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەش دەڵێت ئەگەر پێویست بکات هێز بەکاردەهێنین.
تورکیا کە رۆڵێکی خراپی لە سوریا گێڕاوە، سەرەتا بە پشتیوانیکردنی داعش و ئێستاش بە دەستێوەردانێکی راستەوخۆ، بۆ پەکخستنی رێککەوتنی ئیدارەی خۆسەری باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دیمەش. جارێکی دیکە داوا دەکات هەسەدە دەستبەرداری خواستی "جوداخوازی و نا ناوەندی" ببێت و بچێتە ژێر کۆنترۆڵی یەک دەسەڵاتی ناوەندییەوە.
لە میانی دیدارێکی لەگەڵ میدیاکانی تورکیا بۆ هەڵسەنگاندنی رووداوەکانی ساڵی 2025 یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند: پێویستە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) جیاببێتەوە. کە هێزی سەرەکی و کاریگەرە لە ناو هەسەدەدا و ئەنقەرە بە "باڵی سوریای پارتی کرێکارانی کوردستانی" دەزانێت.
"پێویستە هەسەدە رێککەوتنی یەکگرتن لەگەڵ سوپای سوریادا جێبەجێبکات"
وەزیری بەرگریی تورکیا راشیگەیاند: پێویستە هەسەدە رێککەوتنی یەکگرتن لەگەڵ سوپای سوریادا جێبەجێبکات، کە لە 10ی ئاداری 2025 لە نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی سوریا لە دیمەشق واژۆکرا.
لە بەشێکی دیکەی خستنەڕووی سیاسەتی تورکیا بەرامبەر سوریا، یەشار گولەر وتوویەتی "پرۆسەی یەکگرتنەکە دەبێت بە دیدێکی روون و نەخشەڕێگایەکی تایبەت ئەنجامبدرێت، کە تێیدا ئەنقەرە دڵنیاببێتەوە لە هەڵوەشاندنەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد".
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمەریکا لە بارەی یەکخستنەوەی شەڕڤانانی هەسەدە لە سوپای سوریادا، وەزیری بەرگریی تورکیا ئاشکرایکردووە "دیدگای واشنتۆن لە پرسەکەدا گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و ناکۆکییەکانمان لەسەر ئەو بابەتە کەمبۆتەوە".
گولەر وتووشیەتی "هەڵوێستی خۆمان بۆ ئەمەریکییەکان روونکردۆتەوە، ئێستا ئەوان زیاتر لە راستییەکان ئاگادارن و تێدەگەن کە هێزەکانی سوریای دیموکرات هیچ رێگایەکی لەبەردەمدا نەماوەتەوە و ناچارن لەگەڵ سوپای سوریادا تێکەڵ ببن".
تورکیا لە نێوەندگیری ئەمەریکا نیگەرانە
لە قسەکانی یەشار گولەردا دەرکەوتووە، تورکیا لە نێوەندگیری ئەمەریکا بۆ یەکخستنێکی هاوسەنگی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریادا نیگەرانە، بەتایبەتی کە ئاماژەی بەوە کردووە "ئەوەی ئەو هێزانە باسی دەکەن یەکگرتن نییە، بەڵکو دەبێت بەشێوەی تاکەکەسی پەیوەستن بن بە سوپای ئەو وڵاتەوە".
بژاردەی سەربازی
سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا لە کاتێکدا ئەگەر هەسەدە پابەند نەبێت بە جێبەجێکردنی پلانی یەکگرتنی لەگەڵ سوپای سوریادا بەوشێوەیەی تورکیا دەخوازێت، یەشار گولەر ئاشکرایکردووە "ئەنقەرە پلانی ئامادەی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو دۆخەکاندا، ئەوان زۆر باش دەزانن چی دەکەن و توانای ئەوەیان هەیە ئەو کارە بکەن، کە تا ئێستا کردوویانە".
لە بەشێکی دیدارەکەیدا وەزیری بەرگریی تورکیا لە گرنگی ئەمەریکای لە سوریادا کەمکردەوە و وتوویەتی "لە کاتی ئامادەبوونی روسیا و ئەمەریکاش لەو وڵاتەدا، ئەوەی پێویست بوو بە بێ پرس کردمان، لەداهاتووشدا ئەوەی پێویست بکات بە بێ پرس و راوێژکردن بە هیچ لایەنێک ئەنجامی دەدەین".
گولەر هەڕەشەکانی هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیای دووپاتکردۆتەوە، کاتێک پێنجشەممەی رابردوو لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ تۆم باراک باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنقەرە رایگەیاند: "بەهۆی جێبەجێنەکردنی پلانی یەکگرتنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریادا دانبەخۆداگرتنمان کەمبۆتەوە."
هاکان فیدان راشیگەیاند: "هەرچەندە خوازیاری ئەوە نین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دەستپێبکاتەوە، بەڵام چاودێری رووداوەکانی سوریا دەکەین، چونکە دەمانەوێت لە سەقامگیری و ئاسایشی سوریا دڵنیاببینەوە، بەجۆرێک نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا".
هاوکاری لەگەڵ دیمەشق
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بە هەماهەنگی لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشقدا کردووە و دەڵێت لە پشتیوانیکردنی سوریا بەردەوامن، بەتایبەتی لە بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی سوپای ئەو وڵاتە، مۆدێرنکردنی پێکهاتەکانی و هەروەها راهێنان بە ئەندامانی هێزەکانی سوپای سوریا، بەتایبەتی لەبەرەنگاربوونەوەی "تیرۆردا".
رەخنەگرتن لە ئیسرائیل
یەشار گولەر بەشێکی چاوپێکەوتنەکەی تەرخانکرد بۆ پلانەکانی ئیسرائیل لە خاکی سوریادا و رەخنەی گرت لەوەی کارەکانی تەلئەبیب گروپە چەکدارییەکان لەدژی دەوڵەتی سوریا دەجوڵێنێت.
وتووشیەتی "بەکارهێنانی ئەو ئاستە لە هێز لەلایەن ئیسرائیلەوە،هاوسەنگی لە ناوچەکەدا تێکداوە، لەگەڵ ئەوەشدا نا سەقامگیری و کێشەکانی قوڵتر کردۆتەوە و مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا دروستکردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەبێت ئیسرائیل درک بەوە بکات، کە ناتوانێت ئاسایشی خۆی بە هێرشکردن و دروستکردنی نا سەقامگیری لە سوریا بپارێزێت، بەڵکو پێویستە لە رێگەی هاوکاری لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا و لەسەر بنەمای دراوسێتی باش، ئەو ئامانجەی بپێکێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە تورکیا هیچ پرەنسپێکی دراوسێتی باشی تێدا نییە و لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلی سوریا لەدژی بەشار ئەسەد، دەستێوەردانی بە دروستکردن و پشتگیرکردنی داعش و رێکخراوە تیرۆریستە هاوشێوەکانی وەکو جەبهە نوسرە بەسەرکردایەتی ئەبو محەمەد جولانی (ئەحمەد شەرعی ئێستا) کردووە. ئەمەش بەپێی ئەو بەڵگانەی زۆرێک لە رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەڵەتییەکان بڵاویان کردۆتەوە.
