
کۆنگرێسی ئەمەریکا
سبەی
134ئەندامی کۆماری لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، حکومەتی سوریایان ئاگادارکردۆتەوە لەوەی ئەگەر مەرجەکانی واشنتۆن بۆ پاراستنی کەمینە نەتەوایەتییەکان جێبەجێنەکات، ئەوا سزاکانی سەر وڵاتەکەیان دەگەڕێتەوە. هاوکات دەڵێن چاودێری حکومەتی سوریا دەکەن بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئەمەریکا پەیوەست بە کۆتایی هێنان بە کۆمەڵکوژی کەمینە نەتەواییەتییەکان.
هاوتەریب لەگەڵ دۆخی سەخت و ناڕوونی کەمە نەتەوایەتییەکانی سوریا (کورد، مەسیحی، دروز، عەلەوی) لە ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعی سەرۆکی کاتیی سوریا و گروپە پەرتەوازەکانی سوپای سوریا، 134 ئەندامی کۆماری کۆنگرێسی ئەمەریکا، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە مامەڵەکردنی دیمەشق لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا راگەیاندووە.
لە سەرەتای راگەیەندراوەکەیاندا هاتووە: چاوەڕێی سەردانی دیمەشق دەکەن، تا بزانن تا چ ئاستێک حکومەتی سوریا پابەندە بە مەرجەکانی واشنتۆنی پەیوەست بە پاراستنی کەمینە نەتەوایەتییەکان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیاندا باس لەوە کراوە، هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا، دەرگا بە رووی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی واشنتۆن لەگەڵ دیمەشق دەکاتەوە. هاوکات حکومەتی سوریا لەوە ئاگادارکراوەتەوە، ئەگەر پابەند نەبێت بەمەرجەکانی ئەمەریکا کە بووە هۆی بنەمای لابردنی سزاکان، ئەوا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە دەگەڕێنەوە.
ئەو 134 ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوەداوە، دەبێت کۆمەڵکوژی کورد، دروز، عەلەوی و کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکانی دیکە ببێت بە بەشێک لە رابردوو و دووبارەنەبێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، لە پرسی پاراستنی کەمینە نەتەوایەتییەکاندا کۆنگرێسی ئەمەریکا بە وردی چاودێری حکومەتی سوریا دەکات.
ئاماژەشیان بەوە داوە، چاوەڕوانی بانگهێشتنامەیەکی ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا دەکەن، تا لە چەند مانگی داهاتوودا سەردانی دیمەشق بکەن، بۆ ئاگاداربوون لە ئاستی پابەندبوونی حکومەتی سوریا بەو مەرجانەی ئەمەریکا دیاریکردووە، کە تایبەتە بە پاراستنی کەمینە نەتەواییەتییەکان و دەیانەوێت لەوە دڵنیاببنەوە، ئەو مەرجانە لەلایەن سەرۆکی سوریا و ئەندامانی گروپە سەربازییە کۆنترۆڵ نەکراوەکان پێشێل ناکرێت.
134 ئەندامە کۆمارییەکەی کۆنگرێسی ئەمەریکا تیشکیان خستۆتەسەرئەوەی، پێویستە حکومەتی سوریا کەشێکی سەلامەت بۆ کەمینە ئاینی و نەتەوایەتییەکان دابین بکات. بەتایبەتی کە ئەم هەنگاوە دەبێتەهۆی دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ خۆشگوزەرانی و سەقامگیری سوریاش گرنگە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاشکراکراوە، لیژنەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێس، پابەندە بە ئەنجامدانی دانیشتێک لە سەرەتای 2026، سەبارەت بەخستنەڕووی بەڵگەکانی مامەڵەکردنی حکومەتی سوریا لەگەڵ کەمینە ئاینی و نەتەوایەتییەکان.
