"هەژاری دەبێتە هۆی نەخۆشی"؛ توێژینەوەیەک پەیوەندی نێوان فشاری دارایی و پیربوونی دڵ ئاشکرا دەکات

#دڵ#نەخۆشیی#هەژاریی#پیربوون
14 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • توێژینەوەیەکی نوێی زانستی کە لە رۆژنامەی مایۆ کلینیک پرۆسیدینگسدا بڵاوکراوەتەوە، ئەوەی خستووەتەڕوو فشاری دارایی و نەبوونی ئاسایشی خۆراک، دەبنەهۆی پیربوونی بایۆلۆجی دڵ و زیادبوونی مەترسی مردنی کتوپڕ. توێژینەوەکە تیشکی خستووەتەسەر کاریگەری بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ژیان لەسەر گەشەکردنی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.
Primary Asset

سبەی

فشاری دارایی و نەبوونی ئاسایشی خۆراک، واتە هەژاری پەیوەندی بە خێرابوونی پیربوونی بایۆلۆجی دڵ و مردنی کتوپڕەوە هەیە.

توێژینەوەیەکی نوێی زانستی کە لە رۆژنامەی مایۆ کلینیک پرۆسیدینگسدا بڵاوکراوەتەوە، ئەوەی خستووەتەڕوو فشاری دارایی و نەبوونی ئاسایشی خۆراک، دەبنەهۆی پیربوونی بایۆلۆجی دڵ و زیادبوونی مەترسی مردنی کتوپڕ. توێژینەوەکە تیشکی خستووەتەسەر کاریگەری بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ژیان لەسەر گەشەکردنی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.

ئەمیر لێرمان، توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە و پزیشکی دڵ و خوێنبەرەکان روونیکردەوە، بەدوای نیشاندەری نوێی پیربوونی بایۆلۆجیدا دەگەڕێن، بەو پێیەی هۆکارە مەترسییە باوەکان بە تەنیا ناتوانن روودانی نەخۆشییەکانی دڵ روون بکەنەوە.

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەکردووە، رەنگە بەشێکی زۆری مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، پەیوەست بێت بە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان، کە لە کاتی پشکنینە پزیشکییەکاندا دەرناکەون، وەک فشارەکانی ژیان یان سەختی دەستڕاگەیشتن بە خۆراک.

توێژینەوەیەکی بەرفراوان بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد

لە توێژینەوەکەدا داتای زیاتر لە 280 هەزار نەخۆش کۆکراوەتەوە، کە تێیدا نەخۆشەکان زانیارییەکانی ژیانی تایبەتی خۆیان، وەکو فشاری دەروونی، چالاکیی جەستەیی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، شوێنی نیشتەجێبوون، باری دارایی و ئاسایشی خۆراکیان تۆمارکردووە.

هاوکات لە بەشێک لە نەخۆشەکاندا ئامێرێکی پێوانەی لێدانی دڵی زیرەک بەکارهێنراوە، ئەویش لە پێناوی تێگەیشتن لە تەمەنی بایۆلۆجی دڵ.

تەمەنی بایۆلۆجی و راستەقینەی دڵ

بەشێکی توێژینەوەکە تەرخانکراوە بۆ جیاوازی لە نێوان تەمەنی بایۆلۆجی و راستەقینەی دڵ. بەجۆرێک کاتێک دڵ بەتەمەنترە لە تەمەنی راستەقینە، ئەوا شانەکانی دڵ بەهۆی سترێس و دڵەڕاوکێ کاریگەربووە، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاد دەکات.

تەکنەلۆجیا نوێیەکان کە بە زیرەکی دەستکرد کاردەکات، دەرگا بە رووی تێگەیشتن لە هۆکارەکانی پیربوونی بایۆلۆجی دڵ بۆ پزیشکان دابین دەکات. ئەو تەکنەلۆجیایانە رێگەدەدات بە دیاریکردنی هۆکارە مەترسیدارە نا باوەکان، وەکو فشارەکانی ژیان، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و هەژاری. 

رەگی شاراوەی نەخۆشییەکانی دڵ

توێژەرانی توێژینەوە بەرفراوانەکە جەخت لەسەر گرنگی جێگیرکردنی هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان لە هەڵسەنگاندنی نەخۆشییەکانی دڵ دەکەنەوە. لە کۆتاییدا ئەمیر لێرمان پزیشکی دڵ و خوێنبەرەکان رایگەیاندووە: تێگەیشتن لە رۆڵی راستەقینەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، رێگە بە پزیشکان دەدات دەستێوەردانی خۆپارێزی وردتر لەسەر ئاستی کۆمەڵگا دابڕێژن. هەروەها رەچاوی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و ئابووریانە بکەن، کە بوونەتە رەگی شاراوەی نەخۆشییەکانی دڵ.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی