
چەند گروپێکى چەکداری رەزامەندیان دەربڕى لەسەر بوونى چەک تەنها لەدەستى دەوڵەتدا
سبەى
دوو گروپى چەکداریی لە عێراق پرسی چەکدانان دەبەستنەوە بە جێبەجێکردنى مەرجەکانیان، لەکاتێکدا سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى لە عێراق سوپاسى گروپەکانى کرد بۆ وەڵامدانەوەى ئەرێنى داواکارى چەکدانان، ئەوەش روبەڕووى رەخنەى توندى ئەندامێکى کۆنگرێسى ئەمەریکاى کردەوە.
مەرج و چەکدانان
لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، چەند گروپێکى چەکداری رەزامەندیان دەربڕى لەسەر بوونى چەک تەنها لەدەستى دەوڵەتدا، لەوانە کەتائیبى ئیمام عەلی، عەسائیبى ئەهلی حەق، ئەنسارالـلە ئەوفیا و کەتائیبى سەید شوهەدا.
بەڵام هەریەکە لە گروپى کەتائیبى حزبوڵا و بزوتنەوەى نوجەبا لە دوو بەیاننامەى جیادا چەکدانانیان رەتکردەوە بەبێ جێبەجێکردنى مەرجەکانیان، کە خۆیان دەبیننەوە لە کشانەوەى تەواوەتى ئەمەریکا و ناتۆ و تورکیا.
سوپاس و کاردانەوە
فایەق زێدان سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق رۆژى شەممە سوپاسی گروپەکانى کرد بۆ وەڵامدانەوەى ئەرێنى داواکارییەکان لەبارەى سەپاندنى یاسا و بوونى چەک تەنها لەدەستى دەوڵەتدا و گواستنەوەى کارکردنیان لە چەکدارییەوە بۆ کارى سیاسی، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەکى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى کە دەست سبەى کەوتووە.
قسەکانى فایەق زێدان کاردانەوەى لێکەوتەوە، جۆى ویڵسن ئەندامى کۆنگرێسى ئەمەریکا کە بە نزیک لە دۆناڵد ترەمپ دادەنرێت لە تۆڕى ئێکس رایگەیاند، سوپاسگوزاریی سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق بۆ گروپەچەکدارەکان "دەربڕینێکی سادە نییە بەڵکو گوزارشتێکی مەترسیدارە".
جەختیشیکردووەتەوە، ئەرکى دادوەر چەسپاندنى یاسایە نەک سوپاسکردنى گروپەکان.
فشارى ئەمەریکا
ماوەی چەند مانگێکە ئەمریکا فشارێکی توندی لەسەر حکومەتی عێراق دروستکردووە بۆ ئەوەی کۆتایی بە ڕۆڵی کوتلە چەکدارەکان بهێنێت و چەکەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە. هەروەها مەرجی ئەوەی داناوە کە ئەو گروپانە بەشداری حکومەتی نوێ نەکەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کورسییەکانی پەرلەمانیان مسۆگەر کرد.
نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، مانگی رابردوو هەوڵێکى ئاشکراکرد بۆ رادەستکردنی چەکی قورسی گروپەکان بە دەوڵەت.
چوارچێوەى هەماهەنگى داواى گرەنتى دەکات
سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایکرد، هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان داوای نێوەندگیری نێودەوڵەتییان کردووە کە گەرەنتی کۆنکرێتی بدەن کوتلە چەکدارەکان نەکرێنە ئامانج لە کاتی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و تێکەڵکردنیان بە دامەزراوە ئەمنییەکان.
سەرچاوەکە بۆ میدیا عێراقییەکان ئاماژەى بەوەشکردووە "گەرەنتیەکان پابەندبوون لەخۆدەگرێت کە سەرۆکی کوتلە هەڵوەشاوەکان نەکرێنە ئامانج و سەروەت و سامانەکانیان نەکرێت".
بەوتەى سەرچاوەکە، زۆربەی گروپەکان ڕەزامەندیان دەربڕیوە بۆ تێکەڵبوون بە دامەزراوەی ئەمنییەکان.
گورزى ئاسمانى
دەزگاى هەواڵگرى عێراق ئەگەرى وەشانى گورزی سەربازی لە عێراق رەتدەکاتەوە، ئەوەش دواى بڵاوبوونەوەى راپۆرتەکان لەو بارەیەوە.
دەزگاى هەواڵگرى عێراق لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، حکومەتى عێراق هیچ پەیامێکى لەبارەى نزیکبوونەوەى گورزی سەربازی پێنەگەیشتووە.
دوێنێ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" بڵاویکردەوە، حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییە چالاكەكان لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، پەیامی هۆشداری نائاساییان لە وڵاتانی عەرەبی و دەزگا هەواڵگرییە رۆژئاواییەكانەوە پێگەیشتووە، كە زانیاریی جددی تێدایە سەبارەت بە نزیكبوونەوەی گورزی سەربازیی فراوان لە عێراق.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەکە، پێدەچێت ئەو گورزانەی لە عێراق دەوەشێنرێت دامەزراوە حكومیەكانیش بگرێتەوە كە پەیوەندییان بە گروپە چەكدارەكان و حەشدی شەعبییەوە هەیە، لەگەڵ ئەو كەسایەتیانەی خاوەن هەژموونی دارایی و سەربازیین، هەروەها پێگەكانی هەڵگرتنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و موشەك و ناوەندەكانی راهێنانیش بەدەر نابن لە هێرشەكان، پێدەچێت لە ئاستێكی بەرفراوان هەردوو پەیامەكە كاری خۆیان كردبێت، بەوپێیەی لەمدواییەدا راگەیەندراوی لایەنە سیاسییەكان داوایان لە گروپە چەكدارەكان كردووە "چەك تەنها لە دەستی دەوڵەت دا بێت". بەڵام لە هەمانكاتیشدا بۆ جێبەجێكردنی چەكدانانی گروپەكان داوای كات و ئازادیی مامەڵەیان كردووە، چونكە ئەو پرسە ناكۆكیی ناوخۆیی لەنێو سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لێكەوتۆتەوە و تائێستاش چارەسەر نەكراوە.
لەوكاتەوەی هێرشی حەوتی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر)ی 2023 لەلایەن حەماسەوە بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامدرا و دواتریش ئیسرائیل دەستی بە هێرش كردنەسەر غەززە و لوبنان كرد، ئیسرائیل پلانی ئەوەی هەبوو لە وەڵامی موشەك و درۆنەكانی گروپە عێراقیەكان، چەند هێرشێكی ئاسمانیی بۆسەر عێراق ئەنجام بدات، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی عێراقی بۆ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لەماوەی رابردوودا ئەمەریكیەكان رێگرییان لە ئیسرائیل كردووە لە عێراق هێرش ئەنجام بدات، لەبەرانبەریشدا فشاریان كردووە تا مەترسیی بوونی چەك لە دەرەوەی دەوڵەت چارەسەر بكرێت.
بەوتەی سەرچاوە دیپلۆماسییە رۆژئاواییەكان، بیركردنەوەیەك لای ئەمەریكیەكان دروستبووە كە بەرپرسانی عێراقی بە راستی لە مەترسیی دۆخەكە تێنەگەیشتوون، بۆیە "پێویستە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەن تا بەدووربن لە مەترسیەكان".
بەرپرسێكی حكومەتی عێراقی كە بە پاساوی ئەوەی رێپێدراو نییە بۆ لێدوان ئامادەنەبووە ناوی بهێنرێت، بۆ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" گەیشتنی پەیامەكانی پشتڕاست كردۆتەوە سەبارەت بە گروپە چەكدارەكان، وتویەتی "پەیامەكان لە دەوڵەتانی دۆست و باڵیۆزخانەی وڵاتانی رۆژئاواوە بوون كە لە بەغداد كاردەكەن".
