"چەکی بایۆلۆجی و کیمیایی"؛ گروپە چەکدارەکان زیرەکى دەستکرد تاقیدەکەنەوە

#زیرەکی دەستکرد#گروپەچەکدارەکان
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • شارەزایانی ئاسایشی نیشتمانی و دەزگا هەواڵگرییە جیهانییەکان هۆشدارییان داوە لەوەی، کە زیرەکى دەستکرد دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی زۆر مەترسیدار لە دەستی گروپە چەکدارەکاندا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە ئێستادا ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد بۆ دامەزراندنی ئەندامی نوێ و بەرهەمهێنانی وێنە و ڤیدیۆی ساختە و هێرشی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن.
Primary Asset

شارەزایانی ئاسایشی نیشتمانی هۆشدارى دەدەن کە زیرەکى دەستکرد دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی مەترسیدار لە دەستی گروپە چەکدارەکاندا

سبەى

لە کاتێکدا وڵاتە دیار و گەورەکانی جیهان، سەرقاڵی کێڕکێیەکی بێ سنوورن بۆ پەرەپێدانی زیاترى زیرەکی دەستکرد و بەکارهێنانی لە بواری سەربازیدا، گروپە چەکدارەكان دەستیانکردووە بە تاقیکردنەوەى ئەو تەکنەلۆجیاجیایە بۆ فراوانکردنى کارەکانیان، شارەزایانیش هۆشدارى دەدەن لەهەوڵى گروپەکان بۆ سودوەرگرتن لەو تەکنەلۆجیایە بەمەبەستى دروستکردنی "چەکی بایۆلۆجی و کیمیایی".

شارەزایانی ئاسایشی نیشتمانی و دەزگا هەواڵگرییە جیهانییەکان هۆشدارییان داوە لەوەی، کە زیرەکى دەستکرد دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی زۆر مەترسیدار لە دەستی گروپە چەکدارەکاندا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە ئێستادا ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد بۆ دامەزراندنی ئەندامی نوێ و بەرهەمهێنانی وێنە و ڤیدیۆی ساختە و هێرشی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن.

لەو بارەیەوە شارەزایانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکی ئاشکرایان کردووە، رێکخراوی داعش خەریکی تاقیکردنەوەی تواناکانی زیرەکی دەستکردە. 

ئەو شارەزایانە باسیان لەوە کردووە رێکخراوەکە، کە زیاتر لە سوریا و عێراق چالاکە، بەردەوامە لەسەر بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، بەجۆرێک کردوویەتی بە ئامڕازێکی کاریگەر بۆ راکێشانی ئەندامی نوێ لەسەرتاسەری جیهان. هەروەها هەوڵی داوە بە بەکارهێنانی ئامڕازەکانی زیرەکی دەستکرد لە چالاکییەکانی لە سۆشیال میدیادا ئەندامی زیاتر لە خۆی کۆبکاتەوە.

جۆن لالیبێرتێ توێژەری پێشوو لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و بەڕێوەبەری ئێستای کۆمپانیای ئاسایشی ئەلیکترۆنی ClearVector دەڵێت، AI شتەکانی زۆر ئاسان کردووە، بەجۆرێک تەنانەت گروپێکی بچووک لەگەڵ  AI، دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت.

گروپە توندڕەوەکان چۆن زیرەکى دەستکرد بەکاردەهێنن؟ 

لەگەڵ بەردەستبوونی ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد، وەکو ChatGPT گروپە چەکدارەکان دەستیانکرد بە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆجیایە، بەتایبەتی بۆ بەرهەمهێنانی وێنە و ڤیدیۆی ساختە و بەکارهێنانیان لە چالاکییەکانی بانگەشەکردندا. 

ناوەڕۆکە دروستکراوەکان بە زیرەکی دەستکرد، دەبێتە ئامرازێکی بەهێز بۆ راکێشان و دامەزراندنی ئەندامی نوێ. یان بۆ ترساندنی نەیاران و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بە قەبارەیەک، کە لە ساڵانی رابردوودا نەدەگەیشتە ئاستی ئێستا.

مارکوس فاولەر ئەندامی پێشووی سی ئای ئەی و بەڕێوەبەری ئێستای کۆمپانیای دارک تریس دەڵێت، مەترسییەکان لەوە گەورەترن کە پشتگوێبخرێن. دەشڵێت هەڕەشەکان لەگەڵ گەورەتربوونی تەکنەلۆجیای زیرەکی دەستکرد گەورەتر دەبن.

هاوکات شارەزایانی بواری تاوانی ئەلیکترۆنی ئاماژە بەوە دەکەن، تاوانبارانی ئەلیکترۆنی دەنگ و وێنەی دەستکرد لە هەڵمەتەکانی هەڵخەڵەتاندن بەکاردەهێنن، بەشێوەیەک خۆیان وەک بەرپرسانی حکومی یان بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکان نیشان دەدەن، بۆئەوەی دەستیان بە تۆڕە هەستیارەکان بگات.

ئەو شارەزایانەی تاوانی ئەلیکرۆنی مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورەیان خستووەتەڕوو، ئەویش ئەوەیە، گروپە چەکدارییەکان هەوڵبدەن زیرەکی دەستکرد بۆ یارمەتیدانیان لە دروستکردنی چەکی بایۆلۆجی یان کیمیایی بەکاربهێنن. هەمان ئەو مەترسیە، کە لەسەرەتای ئەمساڵدا لە راپۆرتێکی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکادا ئاماژەی پێدراوە.

مارکوس فاولەر دەڵێت، داعش زوو هاتە ناو پلاتفۆرمی ئێکس و بە سەرکەوتوویی سۆشیال میدیای بە قازانجی خۆی بەکارهێناوە. ئێستاش بەدوای ئامڕازی زیرەکتردا دەگەڕێت، بۆئەوەی دوور لە مەیدانەکانی جەنگ بەکاریگەریی بمێنێتەوە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی