
سبەى
هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى دیموکراتى کوردستان جەختدەکاتەوە پۆستى سەرۆک کۆمار تاپۆى یەکێتى نییە، لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانى حزبەکەى بۆ بافڵ تاڵەبانى رادەگەیەنێت ئەگەر خۆى بۆ وەرگرتنى پۆستەکە کاندید بکات وەک دەرچەیەک بۆ چارەسەرى ناکۆکییەکان لەو بارەیەوە، هەرچەندە پێیوایە چەند هۆکارێک رێگرن لەبەردەمیدا.
لەگەڵ بەردەوامى ناکۆکییەکانى یەکێتى و پارتى لەسەر هەردوو پرسی پێکهێنانى حکومەتى هەرێم و پۆستەکانى کورد لە بەغداد بەتایبەتى پۆستى سەرۆک کۆمار، هۆشیار زێبارى لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى “شەرقییە” جەختی لەسەر هەڵوێستى حزبەکەى کردەوە بۆ ئەوەى هەردوو پرسەکە بەیەکەوە نەبەسترێنەوە و وتى بەڵام دەکرێت دواى رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى حکومەتى هەرێم لەسەر پۆستەکانى بەغدادیش رێکبکەون.
زێبارى جەختیکردەوە کە پۆستى سەرۆک کۆمار پشى کوردە، بەڵام تاپۆى یەکێتى نییە.
لەبارەى هەوڵى بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمار، هۆشیار زێبارى وتى "ئێمە پشتگیری بافڵ تاڵەبانى دەکەین ئەگەر خۆی کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار وەک دەرچەیەک، بەڵام ئەوە رووی نەداوە".
وتيشى "پشتگیری دەکەین عەرەبییەکەی بەهێز بکات، بەڵام لە راستیدا دەبێت لایەنەکانی دیکەش بۆچوونیان هەبێت، واتە نەک بەتەنیا لایەنی کوردی، پێموانیە ئەو پرسە گەڵاڵە بووبێت".
"بەڵام راستگۆبین پێموانیە لایەنەکانی دیکە لە بەغداد بیرۆکەکەیان لا پەسەند بێت، هەرچەندە پەیوەندی لەگەڵ چوارچێوەى زۆر بەهێزە، بەڵام بەهێزی ئەو پەیوەندییە بەتەنیا بەس نییە، واتە کۆمەڵێک لە پرسەکان لە چاوەڕوانیدایە، وەک زمان، بڕوانامە، شوێنی لەدایکبوون، لەوانەیە بوروژێنرێت کە رەنگە ببنە بەربەست بۆ گەیشتنی بە پۆستەکە"، زێبارى وایوت.
لەدواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقەوە بەشێک لە بەرپرسانى پارتى جەختدەکەنەوە لەسەر ئەوەى پۆستى سەرۆک کۆمار مافى حیزبەکەیانە، لەکاتێکدا یەکێتى ئەو پۆستە بە پشکى خۆى دادەنێت، کە ماوەى 20 ساڵە لەلاى ئەو حیزبەیە لەبەر پێدانى پۆستى سەرۆکى هەرێم بە پارتى، ئەوەش بەپێی رێککەوتنى نێوانیان لە ساڵى 2005 کە دواتر بووە بناغەى رێککەوتنى ستراتیژى نێوانیان.
کاروان گەزنەیی وتەبێژى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەچەند رۆژى رابردوودا جەختیکردەوە، دواى رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى هەردوو حکومەتى هەرێم و عێراق، کاندیدى خۆیان بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار دیارى دەکەن.
پۆستەکە دوو خول لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە بەرێوەبرا لە ساڵانى (2005-2014)، دواتر فوئاد مەعسوم لە ساڵانى (2014-2018)، پاشان بەرهەم ساڵح لە ساڵانى (2018-2022)، لەتیف رەشید لە ساڵى 2022 ەوە پۆستەکەى بەدەستەوەیە تا ئێستا.
ئەو پۆستە ماوەى دوو خولە بووەتە خاڵى ناکۆکى توندى نێوان پارتى و یەکێتى، بەڵام پۆستەکە تا ئێستا لەلاى یەکێتى ماوەتەوە، کە بەپشکى خۆى دایدەنێت لەبەرانبەر پۆستى سەرۆکى هەرێم کە لەساڵى 2005 ەوە بەدەست پارتییەوەیە، ئەوەش بەپێی رێککەوتنى ستراتیژى نێوانیان.
