
بەهۆى لافاوەکەوە 620 خانوو لەچەمچەماڵ، 600 لە شۆڕش، 400 خانوو لە تەکیە زیانیان بەرکەوتووە
سبەى-هانا مەحمود
سبەى پڕۆسەى قۆناغى یەکەمى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى لافاوەکەى سنورى چەمچەماڵ دەستپێدەکات، ئەوەش دواى نزیکەى دوو هەفتە لە روودانى لافاوەکە کە زیانى گیانى و ماددى زۆرى لێکەوتەوە.
باران بارینى بەلێزمەى رۆژى 9/12/2025 لافاوى لە سنورى چەمچەماڵ، تەکیە و شۆڕش دروستکرد، تەنها لەماوەى چوار کاتژمێردا لەچەمچەماڵ و شۆڕش 127.1 ملیم و لە تەکیە 173.5 ملیم باران بارى.
بەهۆى لافاوەکەوە، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 12ى دیکەش برینداربوون، سەربارى زیانێکى زۆرى ماددى.
بڕى هاوکارییەکان بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى لافاوەکەى سنورى چەمچەماڵ بۆ زیاتر لە 11 ملیار دینار بەرزبووەتەوە و زیانلێکەوتووان بەپارەى کاش قەرەبوو دەکرێنەوە.
عەتا محەمەد سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ رۆژى یەکشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، سبەینێ لە هۆڵى سالار فەقێ قۆناغى یەکەمى قوربانییەکان ناو سەنتەرى چەمچەماڵ دەستپێدەکات کە 620 ماڵ دەگرێتەوە.
وتیشى هەر کەسێک فۆرمى تایبەتى خۆى وەردەگرێت و چەکى بانکى پێدەدرێت و دەچێتە بانک بۆ وەرگرتنى هاوکارییەکان.
عەتا محەمەد باسى لەوەشکرد، رۆژى سێشەمە، قۆناغى دووەمى پڕۆسەکە دەستپێدەکات لە ئاغجەلەر و تەکیە و شۆڕش.
بەپێی ئامارەکانى ناوەندى هاوبەشى هەماهەنگى قەیرانەکان سەر بە حکومەتى هەرێم، بەهۆى لافاوەکەوە 620 خانوو لەچەمچەماڵ، 600 لە شۆڕش، 400 خانوو لە تەکیە زیانیان بەرکەوتووە. لەگەڵ هەشت قوتابخانە و 651 ئۆتۆمبێل، زیاتر لە 100 دوکان و کۆگا و پڕۆژەى ئاو، 400 پڕۆژەى ماسی، پێنج فەرمانگەى حکومى. سەربارى ئەوە 10 گوند لە سنورى قەرەهەنجیر زیانیان بەرکەوتووە.
وریا عەبدولخالق، وتەبێژی بۆردی چاودێری هاوکاری هاوڵاتییانی چەمچەماڵ بە سبەى راگەیاند “ئەمەی لە ئێستادا دەدرێت بە هاوڵاتیان زیاتر لە ژێر ناونیشانی هاوکارییە نەک قەرەبوو لەبەرئەوەی قەرەبوو پێویستی بە فەرمانی دادگا هەیە بە تایبەت ئەو هاوڵاتییانەی بەهۆی لافاوەکەوە پارەیان فەوتاوە”.
رونیشیکردەوە، لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ئەو کەل و پەلانەی لە لافاوەکەدا زیانیان بەرکەوتوە خەمڵێنراون، هاوکارییەکەش یەکەمجار بۆ هاوڵاتیان بۆ خانوو ماڵەکانیانە چونکە زۆربەیان خوێندکارییان هەیە و پێویستە بچنەوە نێو ماڵی خۆیان، پاشان بۆ ئۆتۆمبێل و کۆگا و شوێنە بازرگانییەکان.
وریا عەبدولخالق دەڵێت، قەرەبوکردنەوەی هاوڵاتیيان ئەگەر لە ئاست زیانەکانیان نەبێت دەتوانن تانە بدەن و دوبارە لیژنەکە سەردانیان دەکاتەوە.
بەوتەى ئەو، لیژنەی چاودێری بڕیاريداوە فەرمانگە حکومییەکان لە هاوكارییەکان دەربکرێن لە ئێستادا تا لە دواییدا بزانن چەند لەو پارەیە دەمێنێتەوە، "دەمانەوێت قەرەبوکردنەوەی فەرمانگە حکومییەکان بدەینە دەست حکومەت خۆی قەرەبوویان بکاتەوە".
لاى خۆیەوە، هەڵوێست نەریمان، ئەندامى گروپی ڕا لە چەمچەماڵ بە سبەى وت، کار و بارەکان زۆر باش دەڕۆن بەڕێوە و میکانیزمێکی باش دانراوە بۆ هاوكاریکردنی هاوڵاتییان و زیانلێکەوتووانى چەمچەماڵ لە دوو رۆژدا هاوکارى دەکرێن.
وتیشى داوایانکردووە ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە بۆ ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانی چەمچەماڵ تەرخان بکرێت.
