فۆکس نیوز: ئەمەریکا هێزەکانی لە هەرێم و رۆژئاوای کوردستان دەهێڵێتەوە

#ئەمەریکا#هێزەکانی ئەمەریکا#هەرێمی کوردستان#رۆژئاوای کوردستان
4 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتێکی فۆکس نیوزی ئەمەریکی، ئەمەریکا نزیکەی 900 سەربازی لە عێراق هەیە و زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانن
  • چاوەڕواندکرێت، هێزەکانی هاپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لەو 900 سەربازەی لە عێراقن 20%ـیان کەم بکەنەوە و بەشێكی زۆریان لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکەن
Primary Asset

کاروانێکی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەولێر

سبەی

لە کاتێکدا بەپێی ستراتیژی نوێی بەرگریی نیشتیمانی ئەمەریکا، هەڕەشەی داهاتوو لەسەر ئەمەریکا لە چین، روسیا، ئێران-ەوەیە، بەڵام هێشتا هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، سوریا، سۆماڵ و یەمەن لە ئەرکدان. بەپێی راپۆرتێکی فۆکس نیوزی ئەمەریکی، ئەمەریکا نزیکەی 900 سەربازی لە عێراق هەیە و زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانن.

وەک لە راپۆرتەکەی فۆکس نیوزدا هاتووە، ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کەمبووەتەوە، بەڵام ‌هێشتا لە ئەرکدان، بەپێی رێککەوتنی نێوان واشنتن و بەغداد، ئەمەریکا دەستی کردووە بە کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراق.

بەپێی راپۆرتەکەی فۆکس نیوز، چاوەڕواندکرێت، هێزەکانی هاپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لەو 900 سەربازەی لە عێراقن 20%ـیان کەم بکەنەوە و بەشێكی زۆریان لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکەن، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی ئەرکەکانیان لە ئەیلوولی ئەمساڵەوە کەمتر کردووەتەوە.

سەبارەت بە سوریاش، وەک لە راپۆرتەکەی فۆکس نیوزدا هاتووە، نزیکەی 900 سەربازی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کورستان) جێگیرکراون و لە ئەرکدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.

هێزەکانی ئەمەریکا شانبەشانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئۆپەراسیۆن دژی داعش ئەنجام دەدەن.

هێرشە ئاسمانییەکان و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمەریکا بەردەوامییان هەیە، سەرەڕای ئەوەی سوریا چیتر سەرچاوەی هەواڵی ناوەندە جیهانییەکان نییە، بەڵام سەربازانی ئەمەریکا ‌هێشتا لە ژینگەی رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆر"ـن لە سوریا.

نزیکەی 40 هەزار سەربازی ئەمەریکی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبوونەتەوە، لە نێویاندا عێراق و سوریا و بەردەوامن لە ئەرکەکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و گرووپەکانی دیکەی وەک حوسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی