پێنج هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان لەسەر دۆسیەی تیرۆر و ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون

#تیرۆر#ماددەی هۆشبەر#کوردستان#هەرێم
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندووە لە ئەنجومەنی نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤەوە 263 رێنمایی بە عێراق گەیشتووە لەو ژمارەیە 183 یان لە هەرێمی كوردستان جێبەجێكراون.
Primary Asset

دیندار زێباری

سبەی

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندووە لە ئەنجومەنی نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤەوە 263 رێنمایی بە عێراق گەیشتووە لەو ژمارەیە 183 یان لە هەرێمی كوردستان جێبەجێكراون.

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لە هەرێمی كوردستان رێوشوێنی نوێ گیراوەتەبەر بۆ باشتركردنی دۆخی مافی مرۆڤ و 10 راپۆرت لەوبارەیەوە بڵاوكراوەتەوە.

وتیشی: ئێستا لەرووی دەستراگەیشتن بە زانیاریی لە هەرێمی كوردستان رێوشوێنی نوێ گیراوەتەبەر و 3400 رۆژنامەنوسی چالاك لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن.

دیندار زێباری ئاشكرایدەكات، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان 4600 كەسیان بەپێی یاسای ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركردووە، كە 60% یان بازرگانییان پێوەكردووە و تەنها بەكارهێنەر نەبوون. جگە لەوەش 1200 كەس لەسەر دۆسیەی تیرۆر دەستگیركراون، كە 600 یان سزای لەسێدارەدرانیان بۆ دەرچووە و ئەوانی دیكەش هەتا هەتایی.

سەبارەت بە پەنابەران، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكان ئاماژەی بەوەداوە، تائێستا هەرێمی كوردستان نزیكە 800 هەزار ئاوارە و پەنابەری تێدایە.

بەكارهێنەر كەمیكردووە و بازرگان زیادیكردووە

نزیكەی شەش مانگ لەمەوبەر و لە ساڵڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان كە دەكاتە 26-6 ی هەموو ساڵێك، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی پێشووی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:"نزیكەی نیو تۆن ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر كەمترن، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر زیادیكردووە، هێزەكانمان هەوڵیانداوە نەهێڵن هەرێمی كوردستان بكرێتە ناوچەیەكی ترانزێت بۆ ماددەی هۆشبەر و بازرگانان بەكاریبهێنن".

وتەبێژی پێشووی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان وتیشی " ئەمساڵ توانیومانە چەندین بازرگان دەستگیربكەین و نزیكەی 100 بازرگانی نێودەوڵەتیش دەستگیر بكەین، توانیومانە لەگەڵ دەرەوەی كوردستانیش بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگی بكەین".

تەنها لە ساڵی 2024 لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەزار بەكارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون، ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی راپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتووەكان تا ساڵی 2003 بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان نزیكبووە لە ئاستی سفر.

لە سفرەوە بۆ تۆن

بەپێی راپۆرتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت ماددە هۆشبەرەكان (UNDOC) لە هەرێمی كوردستان تا ساڵی (2003) هیچ حاڵەتێكی بەكارهێنان و بازرگانیكردنی ماددە هۆشبەرەكانی تێدا نەبووە.

هەروەها بەپێی ئاماری دەزگا ئەمنییەكانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆك) كە پێشكەش بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت ماددە هۆشبەرەكانیان كردووە، لە ماوەی ساڵانی (2019–2023)، بەردەوام قەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەكان رووی لە هەڵكشانە، بەجۆرێك؛ كۆی ماددەكانی (حەشیش، تریاك، هیرۆین، كریستاڵ، كیپتاگۆن)ی دەستبەسەرداگیراو لە ساڵی (2019) تەنها (206) كگم بووە، بەڵام لە ساڵی (2023) گەیشتووە بە (2 تەن و 708 كگم). 

ئێستا هەرێمی كوردستان جگە لە بەكاربەر و بەرهەمهێن، بووە بە ڕێڕەوەی هەناردەكردنی ماددەی هۆشبەر و لە سەر نەخشەی جیهانی وەك ڕێڕەوێكی مەترسیدار ئاماژەی بۆ دەكرێت.

قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان

عێراق بە زیاتر لە سێ هەزار و 637 كیلۆمەتر سنوری وشكانی لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی (ئێران، ئوردن، كوەیت، سعودییە، سوریا و توركیا) هەیە، بەپێی راپۆرتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت ماددە هۆشبەرەكان (UNDOC) كە لە مانگی (كانوونی دووەمی 2024) بڵاوی كردووەتەوە، جگە لەوەی ئەم وڵاتە پێگەیەكی ستراتیجی هەیە، وەك رێڕەوی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكان و گرێدانی باشوری رۆژئاوای ئاسیا و نیمچە دورگەی عەرەبی و ئەوروپا پێكەوە، وایكردووە ئەم ناوچەیە تەنها وەك پردێكی بارزگانی (نێوان بەرهەمهێنەران و بەكاربەران) نەمێنێتەوە، بەڵكو خۆی بووە بە ناوچەی بەرهەمهێن و هەناردەكار و تەنانەت بەكاربەریش، بوونی رێژەی بێ شوماری ماددە هۆشبەرەكانیش گەواهی ئەو راستییەن.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی