
سبەی
فرۆکەوانێک بانگەشەی بینینی تەنێکی نامۆ دەکات، دەڵێت بوونەوەرە ئاسمانییەکان بووە. دەزگای کۆنترۆڵی ئاسمانی ئەمەریکاش روونیکردەوە، رەنگە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان یان ئامێرێکی تایبەتی پێوانەکردنی گەرمی بووبێت، کە بە باڵۆن دەگەیەنرێتە چینە بەرزەکانی ئاسمان.
فرۆکەوانێکی ئەمەریکی بە فرۆکەیەکی تایبەت لە کاتی فڕین لەبەرزییەکی زۆرەوە بە ئاسمانی ویلایەتی رۆد ئایلەند، تەنێکی نامۆی بینیوە و بانگەشەی ئەوە دەکات، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بوونەوەرە ئاسمانییەکان بووە.
فرۆکەوانەکە دەڵێت، تەنەکە دەفرێکی فڕیو بووە، کە بە خێراییەکی هاوشێوە لە نزیک باڵێکی فڕۆکەکەی بەدی کردووە. سەرەڕای ئەوەش بڕوا بە روونکردنەوەکان ناکات و سوورە لەسەر ئەوەی بوونەوەری ئاسمانی بینیوە. بەڵام دەزگای کۆنترۆڵی ئاسمانی ئەمەریکی دەڵێت، رەنگە تەنەکەی فرۆکەوانەکە بینویەتی، فرۆکەی بێ فرۆکەوان یان ئەو باڵۆنانە بووبێت، کە لەلایەن دەزگاکانی کەشوهەواوە رەوانەی چینێکی دیاریکراوی ئاسمان دەکرێن.
شارەزایان قسەیان لەسەر بانگەشەی فرۆکەوانەکە کردووە. لەوانە میک ویست، نووسەری بەریتانی تیۆری پیلانگێڕی دەڵێت، بەهێزترین سیناریۆ باڵۆنەکانی کەشوهەوان، کە لەسەر زەوییەوە بۆ پێوانەکردنی چینەکانی ئاسمان هەڵدەدرێن.
ئەنتۆنی دۆرمان کە شارەزایەکی دیکەیە، هەمان سیناریۆ دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەو باڵۆنانەن کە زیاتر لە شەواندا هەڵدەدرێن. روونیشکردۆتەوە ئەو باڵۆنانە بە ماددەیەک دروستکراون کە رەنگ دەداتەوە، ئەوەش وایکردووە وەکو دەفری فڕیوی بوونەوەرە ئاسمانییەکان دەربکەون.
ئەم بانگەشەیەی فرۆکەوانەکە، تەنها دوای چەند مانگێک دێت، لە بانگەشەیەکی هاوشێوەی فرۆکەوانێکی سەربازی خانەنشینی ئەمەریکی، کە وتبوو: یەکێک لە سەیرترین ئەزمونەکانی لە کاتی خزمەتی سەربازیدا، رووبەڕبوونەوەی نزیکی بووە لەگەڵ دەفری فڕیوی بوونەوەرە ئاسمانییەکان. دەشڵێت خێرایی تەنە نامۆکە 460 میل بووە لە کاتژمێرێکدا.
