"دۆخێکى لەناکاو" هەناردەى غازى ئێران بۆ عێراق بەتەواوى رادەگرێت

#ئێران#عێراق#غاز
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • سیستمى کارەباى عێراق بەڕێژەى 40% پشت بە کۆمارى ئیسلامى ئێران دەبەستێت کە بڕەکەى هەشت هەزار مێگاواتە لەو وێستگانەی کە غازی ئێران بەکاردەهێنن، هەروەها زیاتر لە سێ هەزار مێگاوات کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت لە ڕێگەی چوار هێڵەوە کە بریتین لە هێڵی (خانەقین - سەرپێڵ)، (خۆر زوبێر - خوڕەمشەهر)، (دیالە - میرساد)، هێڵی ئێرانی (عەمارە - کەرخە).
Primary Asset

لەماوەى کەمتر لەمانگێکدا ئەمە دووەمجارە ئێران هەناردەى غاز بۆ عێراق بەتەواوى رابگرێت

سبەى

کۆمارى ئیسلامى ئێران هەناردەى غازى بۆ عێراق بەتەواوى راگرت، بەو هۆیەشەوە (4000 – 4500) مێگاوات کارەبا لە عێراق کەمبووەوە.

وەزارەتى کارەباى عێراق رۆژى سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست “سبەى” کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، لایەنى ئێرانى ئاگاداریکردوونەتەوە کە بەهۆى دۆخێکى لەناکاوەوە بەتەواوى هەناردەى غازیان بۆ عێراق راگرتووە.

رونیشیکردووەتەوە، بەهۆى راگرتنى هەناردەى غازەوە، (4000 – 4500) مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە، ئەوەش کاریگەرى لەسەر کاتژمێرەکانى پێدانى کارەبا دروستدەکات.

وەزارەتى کارەباى عێراق دەڵێت، پەنا بۆ بەکارهێنانى وزەى جێگرەوە دەبات بەهەهاهەنگى لەگەڵ وەزارەتى نەوت بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى کارەبا.

لەماوەى کەمتر لەمانگێکدا ئەمە دووەمجارە ئێران هەناردەى غاز بۆ عێراق بەتەواوى رابگرێت.

سیستمى کارەباى عێراق بەڕێژەى 40% پشت بە کۆمارى ئیسلامى ئێران دەبەستێت کە بڕەکەى هەشت هەزار مێگاواتە لەو وێستگانەی کە غازی ئێران بەکاردەهێنن، هەروەها زیاتر لە سێ هەزار مێگاوات کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت لە ڕێگەی چوار هێڵەوە کە بریتین لە هێڵی (خانەقین - سەرپێڵ)، (خۆر زوبێر - خوڕەمشەهر)، (دیالە - میرساد)، هێڵی ئێرانی (عەمارە - کەرخە).

جگە لەوە عێراق 1200 مێگاوات کارەبا لە هەرێمى کوردستانەوە هاوردە دەکات.

ئێران لە ساڵی 2017 بە پێی گرێبەستێک دەستی بە هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق کرد کە پابەند بوو بە دابینکردنی 25 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا. ساڵى 2024 گرێبەستەکە بۆ ماوەى پێنج ساڵ درێژکرایەوە.

بەڵام ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ هەناردەی غازی بۆ عێراق کەمکردووەتەوە، ئەمەش بە پاساوى کەمی غاز لە مانگەکانی زستاندا.

لە هەندێک کاتدا ڕۆیشتنی غازی ئێرانی بە تەواوی راگیرا و ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانی کارەبا لە عێراق.

لە ئێستادا عێراق 27 هەزار مێگاوات کارەبا لە وێستگەکانی کارەبا بەرهەم دەهێنێت، کە زۆربەیان بە غاز کاردەکەن، بەڵام هەندێکجار بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 17 هەزار مێگاوات دادەبەزێت، لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە 40 هەزار مێگاواتە بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی