عێراق رێککەوتنى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستانى درێژکردەوە

#عێراق#هەرێم#نەوت
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • رۆژی (27ـی ئەیلولی 2025) هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دواى زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنى دەستیپێکردەوە، بەپێی رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغداد و کۆمپانیا نەوتییەکان تا کۆتایی ئەمساڵ.
  • ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق رێککەوتنى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستانى لەلایەن کۆمپانیاى سۆمۆوە درێژکردەوە و ساڵى داهاتووش بەردەوام دەبێت.
Primary Asset

رۆژی (27ـی ئەیلولی 2025) هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە

سبەى

ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا لەسەر درێژکردنەوەى رێککەوتنى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان، بەبێ ئەوەى هیچ بریارێک لەبارەى مووچەى دوو مانگى کۆتایی ئەمساڵ بدات، لەکاتێکدا چاوەڕواندەکرێت مووچەى مانگى 10 بنێرێت.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بە میدیا عێراقییەکانى راگەیاند، بە زۆرینەى دەنگ ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق رێککەوتنى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستانى لەلایەن کۆمپانیاى سۆمۆوە درێژکردوەتەوە و ساڵى داهاتووش بەردەوام دەبێت، بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک.

وتیشى رێککەوتنەکە وەک خۆى دەمێنێتەوە و لەبەرانبەر هەناردەکردنى نەوت لەرێگەى سۆمۆوە، عێراق مانگانە مووچەى فەرمانبەران رەوانەى هەرێمى کوردستان دەکات.

بەوتەى سەرچاوەکە، هیچ بڕیارێک لەبارەى ناردنى مووچەى دوو مانگى کۆتایی ئەمساڵ نەدراوە، بەڵام سودانى فەرمانى بە وەزارەتى دارایی کردووە مووچەى مانگى 10 رەوانەى هەرێمى کوردستان بکات.

رۆژی (27ـی ئەیلولی 2025) هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دواى زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنى دەستیپێکردەوە، بەپێی رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغداد و کۆمپانیا نەوتییەکان تا کۆتایی ئەمساڵ.

کۆمپانیا سۆمۆى عێراقى لەچەند رۆژى رابردوودا لە راگەیەنراوێکدا جەختیکردبووەوە، پابەندن جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ بەردەوامیدان بە بارکردن و گواستنەوەی نەوتی خامی هەرێم بەبێ پچڕان.

ئاماژەى بەوەشکردبوو، سەرجەم ئەو کۆمپانیا بیانیانەی لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێم کاردەکەن پابەندن سەرجەم نەوتی بەرهەمهێنراویان رادەستی سۆمۆ بکەن بۆ هەناردەکردن.

کۆمپانیای سۆمۆ باسى لەوەشکردبوو، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چەندینجار جەختی کردوەتەوە، پابەندە بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە. 

بەپێی رێککەوتنى عێراق و هەرێمی کوردستان سەرجەم کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری دەرهێنان و بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان پێویستە پابەندبن بە رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتە خامەی بەرهەمیدەهێنن بە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق، جگە لەو رێژەیەی دیاریکراوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم کە بڕەکەى 50 هەزار بەرمیلى رۆژانەیە.

کۆمپانیای سۆمۆ پابەندبوونی خۆی راگەیاندووە بە بنەمای شەفافیەت و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پارێزگاریکردن لە سەقامگیری پرۆسەی هەناردەکردن و بەرژەوەندی گشتی.

دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان 

رۆژی (27ـی ئەیلولی 2025) وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردەوە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا دەستپێکردەوە.

وەزارەتی نەوت بڵاوی کردەوە؛ پڕۆسەکە بەبێ هیچ گرفتێکی هونەری دەستیپێکردووەتەوە، کە رەنگدانەوەی سەرکەوتنی هەوڵە هاوبەشەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتە گەورەیە.

ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم پێشهاتە هەنگاوێکی بەرچاو و گرنگە بەرەو باشترکردنی بەڕێوەبردنی سامانە نیشتیمانییەکان لەڕێگەی گیانی هاوبەشی و هەماهەنگییەوە، بەشداریکردنە لە دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت و پاڵپشتیکردنی ئابووری نیشتمانی.

راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم

رۆژی (25ـی ئازاری ساڵی 2023) هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس راگیرا، بەو پێیەی عێراق لە سكاڵایەكیدا لەو دادگایە، توركیای تۆمەتباركردبوو بە پێشێلكردنی "رێككەوتننامەی هێڵی گواستنەوەی نەوت"ـی ناسراو بە (كەركوك – جەیهان) كە ساڵی 1973 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوكراوە.

حكومەتی عێراق لە دادگای ناوبژیوانیی پاریس رایگەیاندبوو، توركیا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد، نەوتی هەرێمی كوردستانی گواستووەتەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەوێوە نەوتەكە بە كەمتر لە نرخی خۆی (كە بە تێكڕا 10 دۆلار كەمتر بوو بۆ هەر بەرمیلێك) فرۆشراوە.

راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە، دوای زیاتر لە نۆ ساڵ لە هەناردەكردنی نەوت بوو، بەو پێیەی سەرەتای مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2014 بۆ یەكەمین جار نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە كرا.

نەوتەكە بۆ ماوەی نۆ ساڵ و سێ مانگ دەگەیەندرایە بەندەری جەیهانی توركیا و لەوێوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا كە لە ساڵانی كۆتایی پرۆسەكەدا، ئەو نەوتەی هەناردە دەكرا بڕەكەی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی