ئۆجەلان: خەبات بۆ ئازادی لەم قۆناغەدا هونەری زیادکردنی مردن نییە

#تورکیا#ئۆجەلان#ئاشتی#پەکەکە#کورد
2 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و پابەندبوونی خۆی بە تەواوکردنی پرۆسەی ئاشتی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ لەسەر بنەمای کۆدەنگی دیموکراسی دووپاتکردەوە. هاوکات لەگەڵ پەیامەکەدا لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان بانگەواز بۆ بەرێوەچوونی گەورەترین رێپێوان بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان دەکرێت.
Primary Asset

ئۆجەلان

سبەی

عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و پابەندبوونی خۆی بە تەواوکردنی پرۆسەی ئاشتی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ لەسەر بنەمای کۆدەنگی دیموکراسی دووپاتکردەوە. هاوکات لەگەڵ پەیامەکەدا لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان بانگەواز بۆ بەرێوەچوونی گەورەترین رێپێوان بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان دەکرێت.

کۆبوونەوەکانی شاندی ئیمرالیش لەگەڵ پارتە سیاسییەکان، پەرلەمان و حکومەتی تورکیا بۆ چاودێریکردنی پێشکەوتنەکانی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە) کۆبووەوە. 

سەردەمێکی نوێ

عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵەی هاوپشتیی ئەنادۆڵ بۆ بنەماڵەی شەهیدەکانی پەکەکە کردووە و لە پەیامە نوێیەکەیدا هاتووە: ئەرکی ئەمڕۆمان ئەوەیە، تاجی ئاشتی لەسەر میراتی مێژوویی خۆمان دابنێین و دەرگای سەردەمێکی نوێ لەسەر بنەمای کۆدەنگی دیموکراسی بکەینەوە. 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئۆجەلان رایگەیاندووە: پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە، خەبات بۆ ئازادی لەم قۆناغەدا هونەری زیادکردنی مردن نییە، بەڵکو هونەری رێکخستنی ژیان و بنیاتنانی ژیانێکی دیموکراسی و یەکسان و شکۆمەندانەیە.

لە درێژەی پەیامەکەیدا ئۆجەلان وتوویەتی: هەموو گیانلەدەستدانێک بۆ من، دەبێتە پاڵنەر بۆ خەباتکردن، ئازارێکی قورسە لە دڵدا، دەمەوێت رێگری لە کەوتنی گەنجێکی دیکە بکەم، هەروەها رێگری لەوە بکەم، کە دایکێکی دیکە رووبەڕووی کارەساتی لەدەستدانی کوڕەکەی ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پابەندبوونی راستەقینە بە ئاشتی، بە مانای خۆشکردنی رێگا نییە بۆ گیانلەدەستدانی زیاتر، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە مانای دانانی بناغەیەکی بوێرانەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە بۆ خەباتێکی ئاشتیانە.

کۆبوونەوەی پەرلەمان

پەیامەکەی ئۆجەلان، لە کاتێکدایە، زنجیرە کۆبوونەوەکانی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە "لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بەردەوامە، کە لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە بۆ دانانی زەمینەی یاسایی بۆ چەکداماڵینی پارتی کرێکارانی کوردستان و پرۆسەی ئاشتی پێکهێنرا و لە 5ی ئابی رابردووەوە تا ئێستا 19 کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.

هاوکات شاندی ئیمرالی کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و میتدحەت سانجار پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) و فایەق ئۆزگور ئەرۆل یەکێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان، لەگەڵ ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە) کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە ئۆزگور ئۆزێل رایگەیاند:هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو هەنگاوانە کردووە کە لە پرۆسەی ئاشتیدا تا ئێستا گیراونەتەبەر و ئەوانەشی کە پێویستە لە داهاتوودا بگیرێنەبەر. راشیگەیاند:هیوادارین ئایندەیەک لە تورکیا ببینین، کە منداڵانی تورک و کورد دەست لەناودەستی یەکتر بن. 

دیالۆگ بۆ ئاشتی

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، پەروین بوڵدان ستایشی رۆڵی بنیاتنەری پارتی گەلی کۆماری لە پرۆسەی ئاشتیدا کرد و رایگەیاند:لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەی ئاشتی کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "چارەسەرکردنی پرسی کورد ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکە لەسەر شانی هەموومان، کاتی ئەوە هاتووە هەموومان هەموو هەوڵێک بدەین، بۆئەوەی دیمەنی گریانی دایکان دووبارە نەبێتەوە".

لای خۆیەوە میدحەت سانجار کە ئەندامێکی شاندی ئیمرالیە وتی: لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە بیڕوڕامان ئاڵوگۆڕ کرد، لەسەر یەک خاڵیش هاوڕاین، ئەویش ئەوەیە پرۆسەی ئاشتی لە رێگەی گفتوگۆوە بەردەوام بێت. 

لەگەڵ پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان ، 4ی مانگی داهاتووی (4/1/2026) دیاریکردووە، بۆ بەرێوەچوونی گەورەترین رێپێوان لە شاری ئامەد (دیاربەکر) بۆ داواکردنی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە سەرکردایەتی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا دەکات.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی