ئێران لە ساڵی 2026؛ هێرشی دەرەكی یان تەقینەوەی ناوخۆیی؟

#ئێران#هێرش#تەقینەوە#ئیسرائیل#ئەمەریکا
3 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بەئاماژەدان بە ناكۆكییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە ساڵی 2025 ، چەندین بژاردەی بەردەم ئێران لە ساڵی داهاتوو تاوتوێ دەكات، كە دەتوانێت لە نێوان دەستپێكردنەوەی جەنگ تاوەكو هێشتنەوەی دۆخەكە وەك خۆی بەبێ چارەسەركردنی بنەرەتی كێشەكان ئاڵوگوڕی بەسەردا بێت.
Primary Asset

سبەی

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بەئاماژەدان بە ناكۆكییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە ساڵی 2025 ، چەندین بژاردەی بەردەم ئێران لە ساڵی داهاتوو تاوتوێ دەكات، كە دەتوانێت لە نێوان دەستپێكردنەوەی جەنگ تاوەكو هێشتنەوەی دۆخەكە وەك خۆی بەبێ چارەسەركردنی بنەرەتی كێشەكان ئاڵوگوڕی بەسەردا بێت.

بەپێی راپۆرتەكەی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، سەردەمی ئارامیی ستراتیژی ترەمپ لە بەرانبەر ئێران كۆتایی هاتووە، لەبەرانبەردا قۆناغێكی توندی سزا و گەمارۆی ئابووری دەستیپێكردووە، ئەگەری روبەرووبوونەوەی راستەوخۆی سەربازی لەگەڵ ئێران تا ئێستا لەسەر مێزی ترەمپ وەك خۆی ماوەتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتەكە، لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی لە سەرەتای ساڵی 2025، پلانی نوێكراوەی ستراتیژی "زۆرترین فشار" بۆ سەر ئێران لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا گەیشتە لوتكە و تارانی لە رێڕەوی دانوستانە ئەتۆمییەكان راكێشاوە بۆ واقیعی شەڕ لەسەر خاكی خۆی.

سێ رێگای چاوەڕوانكراو

لەبەشێكی راپۆرتەكەدا ئاماژە بە سێ رێگەی بەردەمی ئێران لە ساڵی 2026 كراوە، كە دەتوانرێت لە یەك كاتدا پێكەوە پەیرەو بكرێت.

"هەنگاونان بەرەو روبەرووبوونەوەیەكی دیكەی سەربازی"

رێگای یەكەم هەنگاونانی وردە وردەیە بەرەو روبەرووبوونەوەیەكی دیكەی سەربازی.

بەگوێرەی راپۆرتەكە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە بنیاتنانەوەی توانا موشەكی و ئەتۆمییەكانی و گرژییەكان لە گەرووی هورمز پەرە بسێنێت، واشنتن و تەلئەبیب لەوانەیە بگەنە ئەو ئەنجامەی كە كردەوەی پێشوەختە تێچووی كەمتری هەیە و رەنگە ئاستی هێرشەكان لە ژێرخانەكانەوە بۆ بەئامانجگرتنی ناوەند و دەسەڵاتدارانی  ئێران فراوانتر بێت.

" دەستپێكردنەوەی نارەزایەتییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان"

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا، ئەگەرێكی دیكەی بەردەم ئێران دەخرێتەروو، بە ئاماژەدان بە قەیرانی لەرادەبەدەری ئابووری و داڕمانی دراوی نیشتمانی وڵاتەكە، بەرزبوونەوەی نرخەكان و هەڵكشانی رێژەی هەژاری و هەڵاوسان، پێشبینی دەكات كە سیاسەتی زۆرترین فشاری دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر ئێران لە كۆتایی دا لە ئامرازێكی دەرەكی دەگۆردرێت بۆ هەڵگیرسانی گەڕێكی دیكەی نارەزایەتییەكان لە سەر شەقام .

"هێشتنەوەوی دۆخەكە وەك خۆی و تێپەرنەكردنی هێڵە سوورەكان"

راپۆرتەكەی شەرقولئەوسەت رێگەی سێیەمی بەردەم ئێران دەخاتەڕوو، كە تێیدا تاران لە كورت خایەندا هەوڵی كڕینی كات دەدات لە رێگەی هێشتنەوەی دۆخەكە و خۆپاراستن لە پەرەسەندنی گرژییەكان.

لەم پلانەدا ئێران بەبێ ئەوەی بە ئاشكرا باسی بكات، رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە رادەیەكی بەرچاو كەم دەكاتەوە و هاوكارییەكانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە شێوەیەكی سنوردار دەستپێدەكاتەوە، لەبەرانبەر رازیبوونی ئەمەریكا بۆ كۆنترۆڵكردنی ئیسرائیل لە هێرشی دووبارە تەنانەت بەبێ هەڵگرتنی سزاكان، گرژییەكان لە ناوچەكە كۆنترۆڵ دەكات.

بە گوێرەی راپۆرتەكە، ئەم بژاردەیە كۆتایی بە قەیرانەكە ناهێنێت، بەڵام یارمەتی دوو لایەن دەدات هێڵە سورەكان تێپەر نەكەن، لەكاتێكدا فشارە ئابوورییەكان وەك خۆی دەمێنێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی