
سبەی
دەستکردن بە لوتدا خویەکی باوە، بەڵام کۆمەڵێک مەترسی تەندروستی هەڵدەگرێت، لەوانە مەترسییەکانی تووشبوون نەخۆشی زەهایمەر زیاددەکات، بەو پێیەی زیانگەیاندن بە شانەکانی ناوەوەی لوت، رێگە خۆشدەکات بۆ چوونەناوەوەی بەکتریا بۆ مێشک.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی گریفیت لە ئوسترالیا، دەستکردن بە لوتدا و لابردنی موەکانی لوت، دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بە شانەکانی ناوەوەی لوت، کە رێگە خۆشدەکات، بۆئەوەی هەندێک جۆری بەکتریا لە رێگەی دەماری بۆنکردنەوە بچنە خانەکانی مێشکەوە.
لە لێکۆڵینەوەدا بەتایبەتی سەرنج خراوەتەسەر پەیوەندی نێوان دەستکردن بە لوتدا و مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر، واتە بیرچوونەوە کە دۆخێکی تەندروستی سەختە و زیاتر لە کەسانی بەساڵاچوودا روودەدات.
تیمی لێکۆڵینەوەکە گەیشتووە بەو دەرئەنجامەی، ئەو بەکتریایانەی بەهۆی زیانگەیاندن بە شانەکانی ناوەوەی لوت دەچنە مێشکەوە، پەیوەندییان بە تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەرەوە هەیە، چونکە ئەو بەکتریایانە نیشتنی پرۆتینی بێتا ئەمیلۆید لە مێشکدا زیاددەکەن، پرۆتینێک کە بە چڕی لە مێشکی ئەو کەسانەدا بەدی کراوە کە تووشی زەهایمەر بوون.
تاقیکردنەوە لەسەر مشک
توێژەران مشکیان لە تاقیکردنەوەکاندا بەکارهێناوە و لە کۆتایشدا بۆیان دەرکەوتووە، بەکتریاکان لە ماوەی 24 بۆ 72 کاتژمێردا بەهۆی تێکچوونی ناوپۆشی لوت، چوونەتە ناو مێشکی مشکەکانەوە و تووشی هەوکردنی دەماری توندی کردوون.
پێویستی لێکۆڵینەوە لەسەر مرۆڤ
جەیمس سانت جۆن، زانای دەمار و یەکێک لە بەشداربووانی توێژینەوەکە دەڵێت، دۆزینەوەکەیان دەیسەلمێنێت بەکتریاکان دەتوانن لە رێگەی لوتەوە بگەنە مێشک. هۆشداریشی داوە لەوەی ئەم میکانیزمە ئەگەر لە مرۆڤدا پشتڕاستبکرێتەوە، ئەوا زۆر مەترسیدار دەبێت.
ئامۆژگاری خۆپارێزی
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم خوە لەنێو مرۆڤەکاندا، توێژەران ئامۆژگارییان کردووە کە دەستنەکرێت بە لوتدا، چونکە دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بە ناوپۆشی پارێزەری لوت، ئەمەش ئەگەری گەیشتنی بەکتریا بۆ مێشک زیاد دەکات.
