
وێنەیەكی ئەرشیفی ساڵی 2017 ی یەحیا سینوار و ئیسماعیل هەنیە بە تەنیشت یەكەوە پێش ئەوەی لە ساڵی 2024 ئیسرائیل بیانكوژێت
سبەی
حەماس پلانی هەیە هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی مەكتەبی سیاسیی ئەنجام بدات، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودی.
رۆژی شەممە (27ـی كانوونی یەكەم)، رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویكردەوە، بزوتنەوەی حەماس پلانی هەیە هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەنجام بدات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی نوێ.
وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، سەرەتا پلانەكە وابووە هەڵبژاردنی سەرۆكی مەكتەبی سیاسی لە سەرەتای 2025 ئەنجام بدرێت، ئەوەش دوای كوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی پێشوو و یەحیا سینوار، فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس و سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە دوای هەنیە، کە هەردووکیان ساڵی 2024 لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژران.
بەپێی راپۆرتەكەی شەرقولئەوسەت، بڕیاری هەڵبژاردنی مەكتەبی سیاسیی نوێی حەماس بۆ ناكۆكیی نێوان سەركردەكانی حەماس دەگەڕێتەوە لەسەر داهاتووی حەماس لە كەرتی غەززە و پەیوەندییەكانی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە.
وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی شوورای حەماس لە 50 ئەندام پێكدێت و دەستیان بە ئامادەكاری كردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی، چاوەڕوان دەكرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت.
بەپێی راپۆرتەكەی شەرقولئەوسەت، خەلیل حەییە و خالید مەشعەل كاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس.
بەهۆی ناوبانگی لە كەرتی غەززە و كەناری رۆژئاوا، چاوەڕوان دەكرێت خەلیل حەییە ببێتە براوەی هەڵبژاردنەكە، ئەوەش بەپێی راپۆرتەكەی شەرقولئەوسەت.
تێڕوانینی حەییە و مەشعەل بۆ داهاتووی حەماس لە كەرتی غەززە و پەیوەندییەكانی حەماس لەگەڵ دەرەوە جیاوازە.
خەلیل حەییە پێیوایە دەبێت بەردەوامی بدرێت بە ستراتیژیی ئێستای حەماس كە خۆی دەبینێتەوە لە روبەڕووبوونەوەی چەكداری دژی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە، هەتا جەنگەكە كۆتایی دێت و سوپای ئیسرائیل بە تەواوەتی لە كەرتەكە دەكشێتەوە، شەرقولئەوسەت وای نووسیوە.
بەپێچەوانەوە، بەپێی راپۆرتەكەی شەرقولئەوسەت، خالید مەشعەل پێیوایە حەماس دەبێت هەوڵ بدات خۆی لە هەژموونی ئێران دووربخاتەوە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەهێز بكات و بەردەوامی بدات بە گفتوگۆكانی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل.
